=KTML_Bold=مەحکەمەی فیدراڵی و جووتیارانی کورد، بانێکە و دوو هەوا=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
دامەزراندنەوەی ئێراقی فیدراڵی نوێ، بە ڕێکەوتنی هەموو گرووپەنەتەوەیی و مەزهەبییەکان، لەسەر بنەمای دەستوورێکی مەدەنی وشەراکەتی ڕاستەقینە بوو. کورد وەکوو نەتەوەیەکی سەرەکی و ستەملێکراو لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئێراق دا، چاوەڕوانی هاتنەدی ئامانجە نەتەوەییەکانی بوو لە ڕێگای دەستوور و خەباتی مەدەنی و پەڕڵەمانییەوە. چاوەڕوانی ناوبژیوانی دادپەروەرانەی دادگای فیدراڵی بوو. پابەندبوون بە دەستوور یەکێک بوو لەو خەون و ئامانجانەی کورد کە هەموو مافە مرۆیی و مێژوویی و نەتەوەییەکانی خستە سەبەتەی ئەو ڕێکەوتنەوە کە لەسەر دەستوور کرا. بەو ئومێدەی گۆڕانکاری جەوهەری لە ڕوانگە و تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی نوێی ئێراق دا درووست بووبێت و دەستوورەکە جێبەجێ بکرێت. بەکارهێنانی هێز وتوندوتیژی لە یەکلایی کردنەوەی کێشەکاندا کۆتایی بێت و ئیتر ڕیزبەندی هاووڵاتیبوون پلە یەک و دوو نەمێنێ و تەواوی پێکهاتەکانی ئێراق هەست بە پەراوێزخستن و نزمی نەکەن.
جەوهەری پرسی کورد لە ئێراق دا خاکە. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا شەڕی کورد بۆ دیاریکردنی سنوور بووە و لە بەرانبەریشدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق هەوڵی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانیانداوە، تا نیوەی ئەم خاکەیان لە کوردستان دابڕیوە. بۆیە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە ئێراق دا گێڕانەوەی خاکی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانە، تاوەکوو لەگەڵ هەرێم یەکەیەکی کارگێڕی یەکگرتوو پێکبهێنن. ئیتر ئەو هەرێمە لەژێر هەر ناوێکدا بێت، بەو مانایەی ناکرێت و نابێت گۆڕانی دیمۆگرافی کاریگەریی لەسەر ناسنامە و خاوەنداریەتی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان هەبێت، کە بە ئاشکرا کورد و تورکمانیان تێدا دەرکراوە و عەرەبیان تێدا نیشتەجێکراوە. ئەویش بە ئامادەکردنی سەدان بەڵگە و دۆکیومێنتی بەعەرەبکردن بۆ هەر دادگایەکی دادپەروەرانە تاوەکوو بڕیار لەسەر چارەنووسی خاکی زەوتکراوی کوردستان بدات، بە ویژدانەوە ناسنامەی مێژوویی ئەم خاکە دیاری بکات.
زیاتر لە سەد ساڵە کورد بەرگری لە خاکەکەی دەکات، لە ناوەرۆکدا ئامانجی سەرەکی خەباتی گەلی کوردستان بۆ سەندنەوەی خاک و خۆسەری بەڕێوەبردنی ئەو خاکەیە، نەک بە پێچەوانەوە. واتە بۆ وەرگرتنی لامەرگەزی یان حوکمی زاتی یان فیدراڵی نییە لە چوارچێوەی سنوورێکدا یان بۆ دامەزراندنی جۆرێک لە دەسەڵات نییە لە پنتێکی جوگرافی دیاریکراودا، کە نیوەی ئەو خاکە نەگرێتەوە کە بە نیشتمانی مێژوویی و جوگرافیی گەلی کورد ناسراوە .
زۆر هەڵەیە ئەگەر وا بزانین کوردستانیان بۆ لامەرکەزی یان حوکمی زاتی یان فیدراڵی خەباتی کردووە بێ ئەوەی دەستنیشانی ئەو سنوورە بکەین کە ئەم فۆرمەی خۆبەڕێوەبەری تێدا پیادە و پراکتیزە دەکات.
ئەو فۆرمەی دەسەڵات کە کوردستانیان وەری دەگرن هیچ گرنگی و بایەخێکی نییە ئەگەر سنووری قەڵەمڕەوی تەواوی خاکی کوردستان نەگرێتەوە، یان ئەگەر کورد لەو پنتی دەسەڵاتەوە کار بۆ وەرگرتنەوەی ناوچەکانی دیکە نەکات کە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەن بە هەر پاساو و بیانویەک بێت.
ئەگەر بزانین یان نەزانین، بەدرێژایی مێژووی هۆشیاربوونەوەی سیاسی و خۆڕێکخستن و جووڵانەوە و بزووتنەوەی مەدەنی و خەباتی چەکداری کورد بۆ بەئازادی بەڕێوەبردنی تەواوی خاکی کوردستان بووە. شەهید و قوربانییەکانی بۆ یەکخستنی ئەو خاکە بووە لە چوارچێوەی کارگێڕیەکی کوردی دیاریکراودا ئیتر لەژێر هەر ناوێکدا بێت، بە دڵنیاییەوە تا ئەو سنوورەش وەرنەگرێتەوە کە نیشتمانی مژوویی و شوێنی نیشتەجێبوونی دێرینی گەلی کوردە هەرگیز گرفتە نەتەوەییەکانی کورد چارەسەر نا بن .
بەڵام لەم ڕۆژگارەدا ڕێک بە پێچەوانەیە، لە جیاتی سنووری دەسەڵاتی هەرێم لە ڕێگای یاسایی و دەستووری و دادگای فیدراڵی و خەباتی مەدەنییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر ببێت و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان وردەوردە سیما و ڕوخساری کلتوری نەتەوەیی کوردیان تێدا زیندوو بێتەوە و گەشەبکات. بە داخەوە، ماوەی چەند ساڵێکەسنووری دەسەڵاتی هەرێم بەرتەسکتر و کورد لاوازتر و شاڵاوی بەعەرەبکردن فروانتر دەبێت، چەوساندنەوەی کورد زیاتر دەبێت.
کێشەی جەوهەری کورد کە خاکە زەقتر دەبێتەوە و بە ئاشکرا هەوڵی داگیرکردن و بەعەرەبکردنی خاکی کوردستان دەدرێت، بە بیانوی نەبوونی گرێبەستی کشتوکاڵی و درووستکردنی سەربازگە نزیک لە کۆمپانیای نەوت و دەیان پاساوی دیکەوە. ئێستا 80 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد لە پارێزگای #کەرکووک# لە لێواری زەوتکردن و بەعەرەبکردنە. زیاتر لە 800 هەزار دۆنمی دیکەش لە بەرنامەیە و چاوەڕوانی یەکلایی کردنەوەی ئەو 80 دۆنمەیە. بە دڵنیاییەوە دوای کۆتاییهاتن و دەستبەسەردا گرتنی ئەوانەی یەکەم لە هەنگاوێکی دیکەدا پرسی ئەوانەی دووەم دێتە ئاراوە کە بە بڕیاری بە ناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە حەفتاکان و هەشتاکاندا لە جووتیارانی کورد و تورکمان سەندراوەتەوە و بە ناوی وەزارەتەکانی بەرگری و دارایی و ئەوقاف و ناوخۆ تۆمار کراون.
ئەمە بەعەرەبکردنی بە بەرنامەیە، جگە لەم 800 هەزار دۆنم زەویەی پارێزگای کەرکووک کە لە ماوەیەکی نزیکدا دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی 40 هەزار دۆنم زەوی لە شارۆچکەی دوبز و نزیکەی 40 هەزار دۆنمی دیکە لە گوندی تۆپزاوە، ئەگەری هەیە هەنگاوەکانی داگیرکردن دەست پێ بکات. ئەو کات بە دڵنیاییەوە هەڵمەتی بەعەرەبکردنی کوردستان لەو سنوورە ناوەستێت، بەڵکوو لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو سنوورەش دەگرێتەوە کە بە سنووری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ناسراوە. کورد دەڵێت “تاریکی شەو سەر لە ئێوارە دیارە”، نیشانەکانی بەردەوامی بەعەرەبکردنیش بەتەواوی بەم دەسەڵاتەوە دیارە، بە بەڵگەی ئەوەی هێشتا دادگای فیدراڵی بڕیاری یەکلایی کەرەوەی نەداوە، کە بڕیار بوو لە 24ی نیسان بڕیارەکە بدات، بەڵام بەهۆی نادیار دوواخرا، لەگەڵ چاوەڕوانی بڕیارەکەدا ئێستا سەرەتاکانی ڕێگا خۆشکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جووتیارانی شوان و ساڵەیی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کەرکووک دەستی پێ کردووە. سوپا ڕێگری لە جووتیاران دەکات بۆ دروێنەی دەغڵ و دانەکانیان تا بە لایەنی کەمەوە ساڵێکی دیکە بە ئاسانی نەتوانن زەوییەکانیان تۆ بکەن. بەمشێوەیە، دوای 80 هەزار دۆنمەکەی تۆپزاوە و دوبز نۆرەی 800 هەزار دۆنمەکەی دیکە دێت. ئەمەش فراوانکردنی سنووری بەعەرەبکردنە لە پارێزگای کەرکووک.
دوای گۆڕانکارییەکانی 2003 و پێکهێنانی حکومەتی شەراکەتی ڕاستەقینە لە ئێراق و ڕێکەوتن لەسەر سڕینەوەی شوێنەوارەکانی بەعەرەبکردن و قەرەبوکردنەوەی زیان و مەینەتییەکانی ئەو چین و توێژ و نەتەوە و مەزهەب و گرووپانەی بەر شاڵاوی جینۆساید و دەرکردن و قڕکردن و سرینەوە هاتبوون لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا، هەموو نەتەوە و مەزهەبەکانی ئێراق، بە تایبەتیی کورد چاوەڕوانی قەرەبوو و ئاوەدانکردنەوە و بەرنامەی پەرەپێدان و گەشەپێدانی ناوچەکانیان بوون. کورد چاوەڕوانی هەڵگرتنی ئەو ستەم و ماڵوێرانییە بوو لە دەسەڵاتدارانی ئێراقیی نوێی کە زیاتر لە هەشتا ساڵ بوو بە دەستییەوە دەیناڵاند، لە پەراوێزخستن و دەرکردن و ڕاگواستن و داگیرکردنی زەویوزار و ڕەز و باغ . چاوەڕوانی لادێنشینانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی زۆر لەوە زیاتربوو کە ئەمڕۆ بڕیاری وەرگرتنەوەی زەوی جووتیاران دوا بخرێت.
سەرەڕای لە بەردەستدابوونی دەیان بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا لەسەر داگیرکردنی زەویوزاری جووتیارانی کورد و دابەشکردنی بەسەر خێلە مەڕدارەکانی عەرەب، کە لە بیابانی ڕۆژاوا و سنووری ئێراق و سووریاوە بۆ بەعەرەبکردنی ناوچەکە هێنرابوون!
جووتیارانی کورد هەقی خۆیانە بزانن ئایا دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکانیدا پشت بە چ بەڵگەنامە و دیکۆمێنتێک دەبەستێت؟ ئایا هیچ دادوەرێکی بەویژدان گومانی لەوە هەیە پەڵکانە و گابەرەکە و تۆپزاوە و گوندەکانی دیکە بەشێک نین لە دەڤەرە کوردنشینە دێرینەکانی پارێزگای کەرکووک؟ بۆ سەیری لیستی تاپۆی زەویە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی پادشایەتی 1932 ناکەن؟ ئایا گومانتان لەوە هەیە کە زۆر کۆنتر لەو مێژووە، سەدان ساڵە جووتیارانی کورد لەم گوندانە بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریکن و لە هەشتاکان لە پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کوردستان دا خەڵکەکەی ڕاگوێزراون و زەویەکانیان بە مەبەستی گۆڕینی دێموگرافی ناوچەکە بەکارهاتووە؟ ئایا لە بڕیاری پێدانەوەی زەویەکانیان پێویست بە دواخستن و پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوە دەکات؟ [1]