=KTML_Bold=ئاماری دانیشتووان و مەترسییەکانی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکاندا=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
سەرژمێری لە شێوە ساکار و سەرەتاییەکەیدا، ڕابردوویەکی کۆن و دوورودرێژی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا هەیه. لە سەردەمی دەوڵەتانی کۆیلەداریی بابلی و میسری و گریک و ڕۆم دا، زۆرجار هەوڵیانداوە هێز و توانا مرۆیی و ئابوورییەکانی خۆیان بزاننو لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە بڕی باج و سەرانە و نێرینەی تەمەن سەرووی هەژدە ساڵ هەژمار بکەن بۆ کاروباری سەربازی و پێویستییەکانی دەوڵەت. بەڵام هەموو ئەو زانیارییانەی کۆدەکرانەوە بە نهێنی و لە تۆمارگەی کاربەدەستە باڵاکاندا دەمانەوە، چونکە هیچ ئامانجێک لە پشت ئەو سەرژمێریانەوە نەبوو جگە لە سەرانە و سەربازی. لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەوە، لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆیی، و پەرەسەندنی ئامێر و کەرەستەکانی بەرهەمهێنان و داهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوەی خێرا و تێکەڵاوبوونی کلتوورەکان و سەرهەڵدانی بیرۆکەی داگیرکاریی و دەست بەسەراگرتنی ناوچە دوورەکان لە ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیند و شوێنەکانی تر، ئیدی شێوازێکی نوێی سەرژمێریی لە وڵاتانی ئەوروپا دا سەری هەڵدا. لەوێوە چەمکی “ئاماری دانیشتووان” شوێنی سەرژمێری گرتەوە، کە تیایدا تەواوی زانیارییە دێموگرافی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کۆدەکرانەوە. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئاماری دانیشتووان بریتی بوون لە خۆئامادەکردنێکی باشی پێشوەختە، لە ڕێگەی پرۆڤە و ڕاهێنان بە کەسانی گونجاو بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکه، و ئامادە کردنی فۆرمی خێزانیی تایبەت و ڕاپەراندنی لە یەک کاتدا. دواتر جیاکردنەوەیەکی وردی زانیارییەکان و تاوتوێ کردنی ئەو زانیارییانەی پێویستن لەم ئامارەدا کۆ بکرێنەوە، و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر لە گرنگی و بایەخی پڕۆسەکە و دابینکردنی بوودجەیەکی باش بۆ ئەم کارە و چەندین وردەکاری تر.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دیاریکراوی لە ساڵی 1969ەوە لە ڕێگای سەندوقی دانیشتووانەوە، ڕێکخراوی تایبەت و بەرنامەی تایبەت بۆ ئاماری دانیشتووان دانرا، چ بۆ هاوکاری کردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، یان توێژینەوە لە دیاردە دانیشتووانییەکان بە گشتی، دوواتر ڕێنمایی کردنی وڵاتان و ئاگادار کردنەوەیان لە مەترسییەکانی نەبوونی داتای پێویست لەسەر چەندایەتی وچۆنایەتی دانیشتووان .
لە ئێراق دا، هەر لە سەرەتای پێکهێنان و لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراقەوە، چەند هەوڵێک دران بۆ سەرژمێری کردنی دانیشتووان، بەڵام ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون و بە خەمڵاندن و مەزەندەکاری ژمارەکەیان دیاری کرد، وەکوو ئەوەی لە ساڵانی 1927 و 1935دا کرا .
یەکەم سەرژمێریى فەرمی و لە ڕێگەی فۆرمی تایبەت و بەشداری لایەنی نێودەوڵەتی و لەلایەن خەڵکی شارەزا و تا ڕادەیەک پسپۆڕەوە ئەنجام درابێت، ئەو سەرژمێرییە پڕ کەموکوورتی و ناتەواوەیە بوو کە لە 1947 ئەنجام دراوە. لەم سەرژمێرییەدا بەهۆی سەختی ناوچە کوردستانییەکانەوە و نەبوونی ئامرازی گواستنەوە و خراپی ڕێگاوبان و کەمی ژمارەی خوێندەوار و بەشدارانی تۆمارکردنەکە، بە تایبەتیی کەمی ڕێژەی خوێندەوارانی کورد، بە هەزاران گوندی کوردستان تۆمار نەکران و بەرپرسان و فەرمانبەرانی سەرژمێرییەکە سەردانی ئەو ناوچانەیان نەکرد.
لە ئێراق دا بڕیار بوو ئیتر هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێتەوە، بۆیە دواتر لە ساڵەکانى 1957، 1965، 1977 و 1987 سەرژمێرى ئەنجام دراوه. لە مانەشدا جگە لەوەی 1957 ئیتر لە هەموو سەرژمێرییەکانی تردا ڕەوشی سیاسی و کارگێڕیی لە ئێراق دا لەوپەڕی نائارامی و نا لەباریدا بووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی. یەکێک لە مەرجەکانی سەرژمێریی سەرکەوتوو ئارامی و لەباریی ڕەوشی سیاسی و کارگێڕییه. ئەنجامدانی سەرژمێریی لە 1965 دا خۆی نائاسایی بوو، ئێراق بە یەک زنجیرە کودەتا و شەڕ و ناکۆکیدا تێدەپەڕی. جگە لەوە، لە کوردستان دا شۆڕشی ئەیلول چوارساڵ زیاتر بوو درێژەی هەبوو. لە 1977 دا سەدان هەزار کورد ئاوارەی ئێران و وڵاتانی جیهان بوون، بۆیە لەو سەرژمێرییەدا ناونووس نەکران. لە 1987 یشدا کە دوا سەرژمێرییە لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دا کرابێت، ئەوە وڵات لە گەرمەی جەنگی ئێراق-ئیران دابوو و گوندەکانی کوردستان هەموو وێران کرابوون. جگە لە ناوەندی پارێزگاکان و شارۆچکەکان و ئەوانەی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە تەواو کۆنترۆڵ کرابوون، ئیتر تەواوی ناوچەکە بەگشتی کرابووە ناوچەی سەربازیی و قەدەغەکراو. نەک هەر ناونووس نەکران بەڵکوو دواتر بەر شاڵاوەکانی “ئەنفال” کەوتن. ئەوانەی ڕزگاریشیان بوو، هیچ کەسێک لە سەرژمێریی 1987 دا ناونووس نەکراوە. لە 1997 دا، بە هەمان شێوەی سەرژمێرییەکانی پێشووتر سەرژمێریەک لە ئێراق کرا، بەڵام جگە لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە. لە دوای 2003، بارودۆخێکی لەبار نەهاتە ئاراوە بۆ ئاماری دانیشتووان لە ئێراق دا.
کەواتە جگە لە کەموکوورتی و ناتەواوی زۆربەی ئەو سەرژمێریی و ئامارانەی لە ئێراق دا کراون، لە بیستەکانەوە تا هەشتاکان، نزیکەی چل ساڵە پڕۆسەیەکی دیکەی لەو جۆرە لە کوردستان ئەنجام نەدراوە، ئێستا بڕیارە لە #20-10-2024# لە ئێراق دا ئاماری دانیشتووان بکرێت. بە شێوەیەکی ئەزموونی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا چەند نموونەیەک ئەنجامدرا. بەپێی هەواڵەکان ئامادەکاری کراوە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆسەکە بە شێوەی کۆتایی ئەنجام بدرێت.
وەکوو دەرئەنجام ئەگەر بەوردی سەیری مێژووی سەرژمێریی و ئامارەکانی دانیشتووان بکەین لە ئێراق دا، ئەوە دەبینین بە درێژایی مێژوو غەدر لە کورد کراوە. لە سەرەتادا بەهۆی سەختی ناوچەکە و نەبوونی ڕێگاوبان و بەرزی ڕێژەی نەخوێندەواری و ترسی کورد لە دەسەڵات. دواتریش کوردستان ئارام نەبووە، یان کورد دەسەڵات و ڕۆڵی بەرچاوی لە پڕۆسەکەدا نەبووە، جگە لەوەی نزیکەی چل ساڵە سەرژمیری سەرتاسەری دانیشتووان لە ئێراق دا نەکراوە و لەم ماوەیەدا گۆڕانی دێموگرافی گەورە لە کوردستان ڕووی داوە، بە تایبەتیی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکاندا.
ئێستا بە سەدان گوندی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکاندا، کە لە ئاماری دانیشتووانی1957 ناویان هەیە و تۆمار کراون و ئەو کاتە بە دەیان خێزانی کوردی لێ نیشتەجێبووە، ئێستا چۆڵن و ئاوەدان نەکراونەتەوە. دانیشتووانەکەی ئاوارەی #هەولێر# و #سلێمانی#-ن، یان لە دەرەوەی وڵاتن . جگە لەوەی سەدان گوندی دیکە کە لە ئاماری دانیشتووانی 1957 دا چل پەنجا خێزانی کوردی لێ نیشتەجێ بووە کەچی ئێستا سێ یان چوار خێزانی بۆ گەڕاوەتەوە! ئەوانیش هیچ ئومێدێکیان بە ئاییندەی ناوچەکە نییە و ناتوانن هیچ سەرمایەگوزارییەک بکەن و دڵنیا بن کە جارێکی دیکە ئاوارە نابنەوە. بۆیە مسۆگەر نییە ئەو چەند خێزانەش لە کاتی سەرژمێری و ئەنجامدانی ئامارەکە لە گوندەکانیان ئامادە بن و تۆمار بکرێن .
لە بەرانبەر ئەمەدا، بەهەزاران خێزانی عەرەب لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، بە تایبەت لە مەرکەز و ناو شاری #کەرکووک# دا نیشتەجێ کراون. ئاسانکاری بوونیاتنانی خانووبەرە و خزمەتگوزاری و گواستنەوەی فۆرم و پشتگیری نیشتەجێبوونیان بۆ کراوە و وەکوو دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، گوایە بە بنەما لەسەر “مافی هاووڵاتییبوون”، هەر ئێراقییەک ئازادە لە کوێ دادەنیشێت و مافی نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەیە. ئەوە پشتگوێ خراوە کە دەستووری نوێی ئێراق ڕێگا بەو جۆرەی نیشتەجێبوونە نادات کە بەمەستی گۆڕینی دێموگرافی ئەنجام دەدرێت.
بۆیە، پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد زامنی ئەوە بکات کە ئەنجامەکانی ئەم ئامارە بە هیچ شێوەیەک بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان مامەڵەی پێوە ناکرێت و بەکار نایەت، لەگەڵ ئەوەی ئاماژە بە بە باری نەتەوەیی و مەزهەبی تێدا ناکرێت.
هەروەها پێویستە لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ، یان دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لیژنەیەک پێکبهێنرێت لە پسپۆڕانی دێموگرافیا و ئامار و کۆمەڵناسی و جوگرافیا و دەروونزانی بۆ پێداچوونەوەیەکی وردی ئەو فۆرمەی لە پڕۆسەکەدا بەکار دێت، بۆ دڵنیابوون لەو زانیاریانەی مەبەستە کۆ بکرێنەوە، ئایا کەڵک و بایەخیان چییە؟ دواتریش چۆن دەتوانین لە توێژینەوەی زانستی و بەراوردکاریدا بەکاریان بێنین، نەک بە پێچەوانەوە لە جیاتی زانینی قەبارەی ستەمەکانی سەر گەلەکەمان، داوای جۆرە زانیاریەکی تێدا بێت ڕاستییەکان چەواشە بکات. [1]