=KTML_Bold=سوننە و شیعە لە ڕەهەندی جیوپۆلەتیکییەوە=KTML_End=
#ڕەنج نەوزاد تۆفیق#
لە ئێستادا پرسی سوننە و شیعە لە چوارچێوەی جیوپۆلەتیک و دابەشبوونی بەرەکان لە سیستەمی جیهانی و ئیقلیمیدا، درووست نییە تەنیا لە ڕوانگەی دینی و مەزهەبییەوە تەماشای بکرێت، بەڵکوو زیاتر ڕەهەندێکی جیوپۆلەتیکی ئاڵۆزی هەیە. ئەم هاوکێشە سیاسی و جیوپۆلەتیکییانە وایان کردووە کە سوونە و شیعە تەنیا یەک گرووپ، یان یەک بەرە نەبن. بەو مانایەیی نەسوونە یەک بەرەیە و نەشیعە، هاوکات نەک هیچ لایەکیان تەنیا لە چوارچێوەی ئیسلامدا قەتیس نەبوونە، بەڵکوو لە هەندێک کات و هاوکێشەی سیاسیدا، تەنانەت لە چوارچێوەی سوونە یان شیعە وەک مەزهەبیش قەتیس نابن و تێکەڵ دەبن. ئەم پرسە لەسەر ئاستی جیوپۆلەتیک چوارچێوەیەکی زۆر فراوانتری هەیە لە ئایین و مەزهەب.
ئەگەر تەماشایەکی هاوکێشە سیاسییەکان و دابەشبوونی بەرەکان بکەین، ئەوا دەردەکەوێت کە بەرەی سوننە لە ناوچەکەدا، سەر بە بەرەیەکی فراوانترە کە ئەمریکای کریستیان پرۆتستانتی سەرکردایەتی دەکات و ئیسرائیلی جووەکانیش بەشێکە لەم بەرەیە. لە کاتێکدا گرووپی سوونەی تر هەن، دژی ئەم بەرەیەن. بۆ نموونە گرووپەکانی سەر بە ئیخوانیزم، لە ئیستادا سەر بە بەرەی شیعەن. دەوڵەتێکی وەک قەتەر، لەسەر ئاستی جیهان سەر بە بەرەی ئەمریکایە، کەچی لەسەر ئاستی ناوچەکە، بۆ هەندێک پرس سەر بە بەرەی شیعەیە، بۆ نموونە بۆ پرسی جەنگەکەی غەززە و ململانێکانی لەگەڵ ئیماڕات و سعوودییە لە ساڵانی پێشوو. تورکیا وەک دەوڵەت سەر بە بەرەی ئەمریکا و سوننەیە، بەڵام لە سەردەمی ئەردۆگان، بە تایبەت لەسەر ئاستی وتار، هەندێک کات نزیکبووەتەوە لە بەرەی دژە سوننە. بە تایبەت لە کاتی بەهاری عەرەبی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیخوانەکان. لە ئێستادا دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ بەرەی سوننە و ئەمریکا. وەک دەردەکەوێت، تەنانەت بەشێک لە سوونەکانیش، لەم ڕەهەندەوە، سەر بە بەرەی سوننە نین.
بە سادەیی بەرەی سووننە لە ناوچەکەدا، سعوودییە و ئیماڕات و بەحرێن و میسر و ئوردن و ئیسرائیل و تورکیا… لە خۆدەگرێت. لەسەر ئاستی جیهان، لە ڕووی ستراتیژی و جیوپۆلەتیکییەوە، نزیکایەتییان زیاتر لەگەڵ ئەمریکا ئەوروپا و ناتۆ هەیە. واتە بەرەی ئەمریکا، سوونە و ئیسرائیل لەخۆدەگرێت.
لە بەرانبەردا بەرەی شیعە لە ناوچەکەدا، تەنیا شیعەکان لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو گرووپی سوونەی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیش بەشێکن لەم بەرەیە. قەتەر بۆ کۆمەڵێک پرس سەر بەم بەرەیەیە، بەڵام لە چوارچێوەی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا. بەشێک لە حیزبە ئیسلامییە سووننەکانی باشووری کوردستان، هەر لەم بەرەیەوە نزیکترن. خودی ئەم بەرەیە لەسەر ئاستی سیستەمی جیهانی، بەشێکە لە بەرەی چینی ئیلحاد و ڕووسیای ئەرسەدۆکس. هاوکات، وڵاتێکی وەک ئازەربیجان کە زۆرینە شیعەن، لەڕووی جیوپۆلەتیکییەوە سەر بە بەرەی سووننە-ئەمریکا-ئیسرائیلە، دژ بە بەرەی شیعەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، لە ڕووی سیاسی و واقعییەوە زۆر هەڵەیە ئەگەر ڕەهەندی دینی و مەزهەبی بکرێت بە ڕەهەندی سەرەکی بۆ ڕوانین و تێگەیشتن لەم بەرەو گرووپ و سیاسەتی دەوڵەتانە. بۆ نموونە لەم جەنگەی غەززە، گرووپێکی وەک حەماس و ئیخوانییەکان، دەیانەوێت وای پیشانبدەن کە ئەوە جیهاد و شەڕی مسوڵمانە دژ بە دەوڵەتی زایۆنی. لە کاتێکدا هەر خودی حەماس خۆی بە هاوپەیمانی بەشار ئەسەد و حیزبوڵا و ئێران دەزانێت، کە بە پێی داتا فەرمییەکان، بە هەموو مێژووی ئیسرائیل بە ئەندازەی پانزە ساڵی ئەم بەرەیە مسوڵمانی سووننەی نەکووشتووە و ئاوارەی نەکردوون. هاوکات خودی ئەم بەرەیە لەگەڵ چین و ڕووسیا هاوپەیمانە، کە ئاشکرایە ئەم دوو زلهێزە سیاسەت و ڕەفتاریان چۆنە بەرانبەر بە کەمینە مسوڵمانەکانی خۆیان. حەماسی سووننی دەبێتە هاوپەیمانی بەشار ئەسەدی عەلەوی کە بە سەدان هەزار سووری سوننەی کووشتووە و بە ملیۆنانی ئاوارە و زیندان و بریندار کردووە، کەچی دژی سعوودییە و ئیماڕات و میسرە گوایە ئەمانە لەگەڵ ئیسرائیلن و دژی مسوڵمانانن! چونکە لە بنەمادا، ئایین و مەزهەب ڕۆڵی سەرەکی نابینن، بەڵکوو بەرژەوەندییە جیوپۆلەتیکی و دابەشبوونی بەرەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. لەم ئاستەدا، ئایین و مەزهەب تەنیا ئامرازێکن بۆ دەستکەوتە جیوپۆلەتیکییەکانی بەرەکان، هەر وەک ئامرازەکانی تر؛ سوپا و میدیا و ئابووری و تەکنەلۆژیا و نەوت…
ئەم تێڕوانینە، کە لە واقعدا بەڕوونی درکی پێ دەکرێت، تیۆری پێکدادانی شارستانییەکان بە هەڵە دەخاتەوە. کە گریمانەی سەرەکی ئەم تیۆرییە ئەوەیە بەرەکان لەسەر بنەمای شارستانییەت و کولتور و ئایین درووست دەبن و ململانێ و هاوکاری یەکتر دەکەن. لە واقعدا بەو شێوەیە نییە، بەشێک لە مسوڵمانان (چ سوننە و چ شیعە) لە یەک بەرەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل. بەشێکی تر لە مسوڵمانان (چ سوننە و چ شیعە) لە بەرەی چین و ڕووسیان. واتە بە هیچ شێوەیەک شارستانییەتی ئیسلامی بەرەیەکی نییە لەسەر بنەمای ئایین و کولتوور. بۆ نموونە ئێرانی شیعە لەگەڵ ئەرمینیای کریستاندا دژ بە ئازەربیجانی شیعە. ئیماڕاتی سوونە لەگەڵ ئیسرائیلی جووە دژ بە ئێرانی شیعە و ئیخوانی سوونە. تایوان وەک نەتەوە و کولتوور چینین، لە بەرەی ئەمریکایە دژ بە چین. ئاڵوگۆڕی دەوڵەت لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی تر، پابەندە بە گۆڕینی ڕژێمی دەوڵەتەکە، یان گۆڕان لە بەرژەوەندییەکان. بۆ نموونە ئێرانی پێش 1979 لەبەرەی ئەمریکا بوو، بەهۆی گۆڕانی ڕژێم و ئایدۆلۆژیای دەوڵەتەکە، چووە بەرەی دژە ئەمریکا. لە هەردوو سەردەمەکەش ئێران وڵاتێکی زۆرینە شیعە و مسوڵمان بووە.
لە ڕاستیدا ئەم پارادۆکس و تێکەڵبوونە بە پێی سرووشتی سیاسەت و فکری دەوڵەت، ئاساییە. دەوڵەت بە سرووشت عەلمانییە، نە دژی ئایینە نە پشتگیری دەکات. ئەگەر ئایین سوودی هەبوو بۆ بەرژەوەندییەکانی، ئەوا ئایین لای دەوڵەت خوازراوە و دەیکاتە ئامڕازێک بۆ هەژموون و خۆپاراستن. ئەگەر ئایین سوودی نەبوو، دەوڵەت دەستبەرداری دەبێت. ئەگەر زیانی هەبوو، ئەوا هەمان دەوڵەت دژی ئایین دەبێت. ئەوەی کە سرووشتی و ئاسایی نییە و نامۆیە بە سیاسەت و سرووشتی دەوڵەت، ئەوەیە کە لە ڕەهەندی ئایینی و مەزهەبییەوە تەماشای سیاسەت بکرێت.
=KTML_Bold=ئەوەی گرنگە بۆ کورد (بەتایبەت لەسەر ئاستی (نوخبە)ی سیاسی و توێژەر و میدیاکان) چەند تێبینییەکە:=KTML_End=
1. ئایین ڕۆڵی سەرەکی نابینێت لە هاوکێشە سیاسییەکان، ئایین وەک سوپا و ئابووری و میدیا ئامرازێکە لای سیاسییەکان، نەک ئامانج.
2. خۆلادان لەم بەرە ئیقلیمی و جیهانییە ئەستەمە. بمانەوێت یان نا، لە کۆمەڵگەی کوردی و لەناو هێزە سیاسییەکان ئەم دابەشبوونە بە پێی دابەشبوونی بەرەکانی دەرەوە درووست دەبێت. زۆر پێویستە کورد لەهەر پارچەیەکی کوردستان، وەک یەک گرووپ و پارچە بێت بەرانبەر ئەو بەرانە. واتە هەرێمی کوردستان پێویستە وەک یەک یەکە بچێتە ئەو بەرانەوە، یان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. نەک چەند حیزبێک سەر بە بەرەی سووننە بن و بەشێکی تر سەر بە بەرەی شیعە. ئەمە پەرتەوازەیی زیاتر درووست دەکات، ئەو کات هەرێم ناتوانێت کەڵک لە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی هیچ کام لەو بەرانە ببینێت.
3. چوونە بەرەیەکەوە، مانای ڕاگەیاندنی جەنگ نییە دژ بە بەرەکەی تر. بەڵکوو دەستنیشانکردنی بەرەیەکە وەک ستراتیژ. درووستبوون و مانەوەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا بەهۆی بەرەی ئەمریکاوە بووە. بەرەی دژە ئەمریکا دەبێت لەوە زیاتر بدەن بە کورد، بۆ ئەوەی کورد وەک ستراتیژ و دوورمەودا، بچێتە بەرەی دژە ئەمریکا.
4. بێ لایەنی لەم بەرانە، دەکرێت لەسەر ئاستی سەربازی و شەڕەکان بێت، نەک لەسەر ئاستی سیاسی و دبلۆماسی. دواجار لە دەسەڵاتی کورد نییە بتوانێت بێ لایەن بێت لەو دابەشبوونە. دەکرێت جۆرێک لە هاوسەنگی هەبێت، بەڵام بێ لایەنی ئەستەمە.
5. پێویستە بزانین نەبەرەی سووننە، نەبەرەی شیعە، بە مانا ئیسلامی و ئایینی و مەزهەبییەکەی نییە، بەڵکوو تەواو جیوپۆلەتیکییە. واتە حەرام و حەڵاڵ، خوا و هەق و کفر و دینداری… لەم بابەتەدا بوونیان نییە. تەنیا دەستکەوتی سیاسی و بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و تاکە پێوەرە. [1]