=KTML_Bold=میلیشیا و خێڵ=KTML_End=
#ئیبراهیم مەلازادە#
سیستەمە سیاسییەکان، چەند لە مۆدێرنەتەوە نزیک بینەوە، هێندە لە دیاردەی میلیشیایی دوور دەکەوینەوە، چەندیش لە مۆدێرنەتە دوور بکەونەوە، هێندە لە دیاردەی میلیشیایی و خێڵگەرایی نزیک دەبینەوە. ئەرکی سەرەکی دەوڵەت، یان هەر یەکەیەکی سیاسی، مۆنۆپۆلکردنی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتە. لە سایەی سیستمەێکی سیاسیی مۆدێرندا. لەوێشدا، هاووڵاتییان ئەرک و مافەکانی خۆیان بە وردودرشتەوە دەزانن و دەوڵەتیش لە بەرانبەردا بە وردەکارییەوە ئەرکییەتی بە شێوەیەکی یەکسان پارێزگاری لە هەموو هاووڵاتییان بکات.
ئەوەی لەم ڕۆژانە گوڵەخانە ڕوودەدات، بۆی هەیە هەموو چرکەساتێک لە هەموو ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ڕوو بدات. تا ئەو ڕۆژەی هەرێمی کوردستان نەبێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو و ڕێکخراو یەک سەرکردە و یەک بڕیار و خاوەنی دەزگایەکی پیشەیی ئاساییش و پۆلیس، ئەوا سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و سەروەریی یاسا هەرگیز بەدەست نایەت.
هۆکارەکەی پشت ڕووداوەکەی گوڵەخانە، هەمان ئەو هۆکارەیە کە لە کۆتایی 1993 دا شەڕی نێوان بزووتنەوە و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕوویدا. هەمان ئەو هۆکارەیە کە دواتر زۆری نەبرد شەڕی نێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان درووست بوو، کە تا ئەمڕۆ کورد لە باشوور لەناو کاردانەوەکانی ئەو شەڕەدا دەژین. هەمان ئەو هۆکارانەن کە شەڕەکانی دواتر و تیرۆرکردنەکان و تەسفییە ناوخۆییەکانی حیزبەکان بە بەردەوامی ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن. شەڕی گوڵەخانەش زنجیرەیەکە لەو زنجیرانە، شەڕی ناوخۆ، بەشێکە لە قۆناغی سەرەتاییبوونی ئەقڵ، بەمانای ئەوەی هێشتا گرووپە مرۆییەکانی ناو ئەو هەرێمە، نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و خاوەن سەروەریی یاسا. هەر بەو مانایەش، ئەوەی ڕووی داوە و ڕوو دەدات تانەیە لەوەی کە نەتەوەیەک بەمانا سیاسییەکەی لەو هەرێمەدا بوونی هەبێت.
ئێوە بەرێ خۆ بدەنێ، هەموو ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی میلیشیان لە دۆخێکی نائارام و ناسەقامگیردا دەژین. حیزبێک کە زیاتر ڕەهەندی خێڵی هەبێت، مانای چییە لە کۆتایی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەک، خاوەنی چەک و جبەخانە و هێزی چەکدار بێت، بەخۆیشی بڵێت سۆسیال دیموکرات؟ ئەو قسەیە بۆ هەموو حیزبەکانی دیکەش ڕاستە، ناوی زل و دەرگەی وێران و ناوەرۆک بەتاڵ. ئەمە نموونەیەکی بچووککراوەی ئەو ئەقڵ و مێنتالیتییەیە کە تا ئەمڕۆ لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دا کار دەکات. هەڵبەت کارم بە ئێراقەوە نییە، ئەگینا دۆخی ئێراق زۆر وێرانتر و دواکەوتووترە، بەڵام جیاوازییەکە تەنیا لە پلە دایە نەک لە جۆر.
لە کوورتترین پێناسەدا، میلیشیا “هێزێکی ڕێکخراوی چەکدارە لە دەرەوەی یاسادا”. لە باشترین دۆخدا، هێزێکە حکومەتێکی نادیموکرات و دەسەڵاتخواز لەپێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەت لەپاڵ سوپادا درووستیان دەکات، وەک ئەوەی لە ئێراق بە زنجیرە بینیومانە، هەر لە حەرەس قەومییەوە بگرە، بە جەیشی شەعبی تێپەڕ بێت، تا دەگاتە #حەشدی شەعبی#/شیعی.
هیچ دەوڵەتێکی مۆدێرن و خاوەن دامەزراوەی نیشتمانی، خاوەنی میلیشیا نین. دۆناڵد تڕەمپ، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، ویستی لە ڕێی هەوادارانییەوە، وەکوو گرووپێکی میلیشیایی دەست بەسەر کۆشکی سپی دا بگرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و خێڵ، بەڵام هەر زوو دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت لێی هاتنە دەست و کۆتاییان پێ هێنا. تا ئەوڕۆش، بەلامەوە سەیرە، کە یاسا ڕێگا بە کەسێکی وەها دەدات ببێتەوە بە پاڵێوراو بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەوڵەتێکی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکان.
سەرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بیانەوێت نەتەوەی کورد لەو سەرگەردانییە بێتە دەرەوە و ببێتە ئەکتەرێکی کارا لە ڕووداوە مەدەنییەکانی مێژوودا، دەبێت لەو دۆخە میلیشیایی و دەستەڵات حیزبییە و پاشاگەردانییە بێنە دەرەوە. حکومەتێکی نیشتمانی دامەزرێنن کە یاسا سەروەر و دادگا سەربەخۆ و میدیا ئازاد بکات، لەپاڵ ئەمانەشدا، مۆنۆپۆلی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهات بکات. ئەوسا دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەوڵ بدات وەکوو سەنگاپور، لە ڕووی ئابووریی و پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە ببێتە نموونەی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرێمی کوردستان بە شەڕ ناتوانێت سەقامگیری بۆ هاووڵاتییانی بەدی بهێنێت، چونکە لەلایەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، هەرێمێکە گەمارۆدراوە بە داگیرکەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان. بەغدا، لە ڕێی شەرعییەت و یاسا و سوپا و دەیان هەزار چەکداری میلیشیایییەوە، ئەگەر بیەوێت هەمیشە دەتوانێت بەهێزی سەربازی گرەو لە #هەولێر# بباتەوە، ئەگەر لە دوورمەوداش بێت، بەڵام ئەگەر هەرێم بیەوێت، لە ڕێی بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە و ئابوورییەکی نیشتمانی و بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریی گرەوەکە بباتەوە ئەوە ئەگەری هەیە کە گرەو لە بەغدا و تاران و ئەنقەرەش بباتەوە. کەواتە، پشتبەستن بە هێزی ئەقڵ و ئابووری، دەیان قات گرنگترە لە پشتبەستن بە ئەقڵ و لۆجیکی خێڵ و هێز.
بەڵام بەر لەو هەنگاوانەی سەرەوە، پێویستە حیزبەکان خۆیان بگۆڕن بۆ حیزبی مۆدێرن، لەپێش هەموو شتێکیشەوە داماڵینی تەواوی حیزبەکان لە چەک و هێز و ڕادەستکردنیان، واتە مۆنۆپۆلکردنییان، بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. دەرکردنی یاسایەک بۆ حیزبە سیاسییەکان، یەکێک لە بڕگەکانی ئەو یاسایە ئەوە بێت کە حیزب بۆی نەبێت، بە هیچ شێوەیەک، پەیوەندییە دەرەکییەکان ببەستێت، حکومەتی هەرێم مۆنۆپۆلی تەواوی ئەو پەیوەندییانە بکات. بەکوورتی چەک و پەیوەندییە دەرەکییەکان لە حیزبە سیاسییەکان قەدەغە بکرێن. ئەو کات، تەنیا ئەو کات دەتوانین بڵێین خاوەنی دەستەڵاتێکی نیشتمانین. [1]