دە نێو تۆفانگەلی ژینی سارو پڕ حەسرەتدا،
مەوجی ئەشکم ئەمن
دە نێوانی پەریچەو شەیتاندا گوناهێکم ئەمن
لەنێوان ئادەم و حەوادا گوڵە گەنمێکم ئەمن
لەنێوان ئەم هەموو مەزهەبەدا
مەنسووڕی حەلاجم ئەمن
عیسای لە خاچ دراوم ئەمن
لەنێو ئەم هەموو دەورانەی زەمین و ئاسماندا
لەنێوانی بوون و نەبووندا نوتفەیەکم
مەحکومم بە بوون
قەرەجێکی پێپەتی بەربەریم ئەمن
حەوای دەرکراو لەبەهەشتم ئەمن
گوناهەکەم تاقە سێوێکە
هەلهەلەیەکی شادیم لەبار براوم ئەمن
نوتفەیەک بووم لەبری ئەوەی بلکێم بە ڕەحمی دایکمەوە
بە وێڵاشەکەمەوە لکام
گوناهێکی ڕژاوم ئەمن
قامکەکانی با دوو پەنجەی نامەحرەمن بۆ بسکی ڕەشم
ژانێکم تا قیامەت بەرپام ئەمن
ئاهێکی لە گەروو قەتیس ماوم ئەمن
کاروانچییەکم لە کاروان جێماوم
نیگارێکم بە خوێن نەخێشێنراوم
خەتێکی نامۆم بە هەموو پەنجەیەک
کەشتییەکی لەنگی دەریام ئەمن
قەسیدەیەکی بێ ناونیشانم ئەمن
نووسەر: #شیلان ئازاد#. [1]