کاتێک خۆراک مێژوو دەنووسێتەوە
نووسەر: #کامەران محەمەد قادر#
خۆراک تەنیا لایەنێکی ئاسایی ژیان نییە، بەڵکوو ڕەگەزێکی بنەڕەتی بوونی مرۆڤ و مێژووە، دیارە زیندوێتی و گەشەکردنی لایەنە ماددییەکەی مرۆڤ بە پلەیەکی سەرەکی پشت بە خۆراک دەبەستێت، بۆ ئەوەش غەریزەی بنەڕەتی و سیستمێکی ڕێکخراوی ئاڵۆز لە مرۆڤدا بۆ ئەو مەبەستە بەدیهاتووە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە هەڵپە و بزووتنەوەی مرۆڤ لە ژیاندا تێبگەین، دەبێت پەی بە سرووشتی خۆراکەکان ببەین، چونکە خۆراک وەک کلیلێک وایە بۆ ئاشنابوون بە مرۆڤ و مێژووەکەی!
پەیبردن بە خۆراکی هەر کۆمەڵێک بە (حەز و زەوق و سەلیقە و دەستڕەنگینیی و دۆخ و ئاستی بژێوویی و پلە کۆمەڵایەتییەکان و ...تاد) ئاشنامان دەکات، واتە بەوردیی توێکاریی کۆمەڵگەکانمان بۆ دەکات!
بۆ ئەوەی بەوردی باس لەوە بکەین، کە خۆراک چۆن دەتوانێت مێژوو بنووسێتەوە، دەتوانین دوو ئاست جیابکەینەوە:
$یەکەم: ئاستە کراوەکان (کۆمەڵگە جیاوازەکان):$
خۆراک دەتوانێت بە چەند شێوەیەک مێژوو بنووسێتەوە:
1. ڕێگای بازرگانی و دۆزینەوەکان: گەڕان بەدوای بەهاراتەکانی، وەک بیبەر و دارچینیدا، بووە هۆی ئەوەی کە هەوڵە دۆزینەوەیی و کۆلۆنیالیزمییەکان ڕوو بدەن! دواتر بوونە هۆی دۆزینەوەی کیشوەری نوێ و دامەزراندنی ڕێگەی بازرگانی جیهانی.
2. بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان: کەمیی خۆراک و گرانیی نرخی نان لە ساڵی 1789 لە هەڵگیرسانی شۆڕشی فەرەنسیدا پشکداریکرد، کەمی نان و دەست نەکەوتنی بەنرخێکی گونجاو گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی زیاترکرد.
3. ئاڵوگۆڕی کەلتووریی: بە درێژایی مێژوو خۆراک ئامرازێک بووە بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتووریی. ڕێگای ئاوریشم ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی نەریتی چێشتلێنان و بەهارات و تەکنیکەکانی چێشتلێنان لەنێوان خۆرهەڵات و خۆراوادا کرد، ئەوەش کاریگەریی لەسەر چێشتخانەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکاندا هەبوو.
4. دیپلۆماسی و ململانێ: زۆرجار خۆراک وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی و ململانێ بەکارهێنراوە. بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی سارددا ئەمریکا لە بەرنامەکانی یارمەتیی خۆراکیی وەک پلانی مارشال بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوروپا کە جەنگ وێرانی کردبوو، کەڵکی وەرگرت، دواتر لەو ڕێگەیەوە توانی نفوزی سیاسی لەو کیشوەرەدا زیاتر بەدەست بهێنێت.
5. تەندرووستیی و نەخۆشیی: هێنانە ناوەوەی بەرهەمی نوێ، وەک گەنمەشامی و پەتاتە، لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا کاریگەریی قووڵی لەسەر گەشەی دانیشتووان و شێوازەکانی کشتوکاڵکردن هەبوو. بە پێچەوانەوە بڵاوبوونەوەی هەندێک لە نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی کۆکە لە ڕێگەی خۆراک و بەرکەوتن لەگەڵ داگیرکەرەکان، دەرئەنجامی وێرانکەری لەسەر دانیشتووانی ڕەسەن هەبوو.
لە هەریەکێک لەم نموونانەدا خۆراک نەک هەر پێویستییەکی بنەڕەتی بووە، بەڵکوو هاندەرێکی بنەڕەتی گۆڕانکارییەکان بووە، واتە کاریگەریی لەسەر ئابووری و سیاسەت و کەلتوورەکانی جیهان هەبووە.
$دووەم: لەسەر ئاستە داخراوەکان (کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو):$
خۆراک دەتوانێت بە چەند شێوەیەک مێژوو بنووسێتەوە:
1. شوناسی کەلتووریی: ئەو خۆراکانەی کۆمەڵگەیەک دەیخوات و شێواز و ڕێووێنەکانی (ئامادەکردنی و خواردنی) زۆرجار لایەنێکی بنەڕەتی شوناسی کەلتووریی پێکدەهێنن. تەنانەت زۆرجار (گۆڕانکاریی لە ئارەزووەکانی خۆراک) یان (هێنانەکایەی شێوازە نوێیەکانی چێشتلێنان) بە تێپەڕبوونی کات. دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی لە شوناسی کۆمەڵدا.
2. وابەستەبوونی کۆمەڵایەتی: (ژەمە هاوبەشەکان) و (نەریتەکانی خۆراک) دەتوانن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەیەک بەهێزتر بکەن. بە پێچەوانەوە، بەردەست نەبوونی خۆراک یان دەستڕانەگەیشتن بە خۆراک، دەتوانێت یەکگرتوویی کۆمەڵگە تێکبدات و ببێتە هۆی نائارامی یان ململانێی کۆمەڵایەتی.
3. گەشەپێدانی ئابووری: سەرکەوتن یان شکستی کردارە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەرخۆشگوزەرانی ئابووری کۆمەڵگەیەک هەبێت. دواتر (هەمەچەشنکردنی بەرهەمەکان) و (وەرگرتنی تەکنیکەکانی کشتوکاڵیی بەردەوام) و (دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان) هەموویان دەتوانن ڕێڕەوی ئابووری کۆمەڵگەیەک پێکبهێنن.
4. دەرئەنجامە تەندرووستییەکان: دەستڕاگەیشتن بە (خۆراکی پڕ) ڕۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی دەرئەنجامە تەندرووستییەکانی کۆمەڵگەیەک دەگێڕێت. بۆ نموونە ئەو ناوچانەی کە دەستڕاگەیشتنیان بۆ بژاردەی خۆراکی نرخ گونجاو و تەندرووست سنووردارە- ئەوا ڕێژەی بەرزی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک قەڵەویی و شەکرە تێدا بڵاوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر تەندرووستی گشتی کۆمەڵگەیەک دەبێت.
5. کۆچ و ڕەوەند: خۆراک دەتوانێت وەک پەیوەندییەک لەنێوان کۆمەڵگەیەک و پەنابەرەکانیدا بێت، لێرەشەوە نەریتە کەلتوورییەکان لە مەودا جوگرافییەکاندا دەپارێزێت. بە پێچەوانەوە، شێوازەکانی کۆچکردن و تێکەڵکردنی نەریتەکانی چێشتلێنان، دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات دیمەنی خۆراکی کۆمەڵگەیەک سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە و گۆڕانی کەلتووریی درووست بکات.
بۆیە لە بنەڕەتدا خۆراک لەسەر ئاستی کۆمەڵگە تەنیا سەرچاوەی ڕۆزی نییە، بەڵکوو لەگەڵ جوڵەی کۆمەڵایەتی، کەلتووریی، ئابووری و تەندرووستیی تێکەڵ بووە، مێژوو و شوناسی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەیەک پێدەهێنێت.
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین خۆراک کلیلی تێگەیشتنی مێژووە و بەشێوەیەکی بنەڕەتی مێژوو دەنووسێتەوە، واتە ئەو تێگەیشتنانەی کە مێژووی خۆراک دەربارەی بزووتنەوەی گشتی مرۆڤ لە ژیاندا پێمان دەبەخشێت، ئەستەمە لە کایەیەکی تری پەیوەندیدار بە مرۆڤەوە بەدەستی بهێنین.
[1]