لە شاری #بەغدا#ی پایتەختی ئێراق و لەنێو بارەگەی لیژنەی ئۆڵۆمپی و بە ئامادەبوونی (خالید گبیان) ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ئێراق و (د.بەیدا گیلان) سەرۆکی لیژنەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز و (د. حسێن عەمید)ی سەرۆکی یەکێتی ناوەندی باسکەی ئێراق پێشوازی لە شاندی تیمی کاراتێی کچانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە کرا کە توانیان لە پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانی وڵاتانی عەرەبی دا ئەنجامی بەرچاو بۆ یانەکەیان و وڵاتی ئێراق دەستەبەر بکەن.
لەو مەراسیمە وەرزشییەدا و سەرەتا ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ئێراق پیرۆزبایی لە تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە کردوو خۆشحاڵی خۆی پیشان دا کە تیمێک بە ئاڵای وڵاتەوە توانیان لە وڵاتی ئیمارات و لە پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانی عەرەبی دا چەندین ئەنجام و دەست کەوت بۆ خۆیان و وڵاتی ئێراق بەدەست بهێنن.
هەروەک هەوڵی کارگێڕی یانەی پێشمەرگە و حاکم مەحمودی جێگری سەرۆکی یانەی بەرز نرخاند کە پاڵپشتی لە وەرزشکاران و ژێرخانی وەرزشی دەکەن، ئەمە و ڕایگەیاند کە گرنگە ئەو تیمە بەردەوامبن و داهاتووی ئەوانی بە گەشاوە بینی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
پاشان د. بەیدا گەیلان بە ناوی لیژنەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز پیرۆزبایی لە تیمی کاراتێی کچانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# کردوو سەرسامی خۆی نیشان دا کە ئەو کیژە لاو بەهرەمەندانە ڕکابەرییەکی بەهێزیان لەو پاڵەوانێتییەدا کرد و ئەنجامەکانیانی بە مێژووی وەسف کرد.
دواتر بە خەڵاتی دارایی ڕێز لە تیمەکە نراو ئەو مەراسیمە وەرزشییە کۆتایی هات.
جێگەی باسە لە پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانی وڵاتانی عەرەبی دا تیمی کاراتێی کچانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە توانیان پلەی سێیەم لە یاری جۆری تیمی کاتا بەدەست بهێنن و هەروەک لەسەر ئاستی تاک (ئەوین ئامانج) لە یاری کاتا میدالیایی بڕۆنزی لە مل کرا، ئەمە و لە یاری کۆمێتە، (چراخان جەعفەر) بە پلەی سێیەم و میدالیایی بڕۆنز لە کێشی-68 کغم هات و هەروەک (لانە کامەران)-یش پلەی دووەم و میدالیایی زیوی لەو پاڵەوانێتییە و لە هەمان یاری بەدەست هێنا.[1]