ئاوی پایز بۆ دەمی هەموو کوێر و کەچەڵێک نییه.
لە ناوچە دێمەکارەکانی خاکی کوردەوارییدا ئەو گوندانەی پشت بە ئاوی کانی و کانیاو و بیرەکان دەبەستن بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی ناوماڵ، لە دوای مانگی تەمموز و ئابدا وردەوردە ئاوەکانیان کەم دەکات و کوردەواری بەو ئاو کەمکردنە دەڵێت: گاقۆڕان، چونکە گایەکان بەرەو سەروچاوی کانییەکان دەڕۆن بۆ ئاو خواردنەوە کە ئاویان دەست ناکەوێت دەست دەکەن بە قۆڕە قۆڕ و قۆڕاندن، لەبەر کەمی ئاو لە پایزاندا کراوە بە ئیدیۆم و بەکاردەهێنرێت بۆ شتێکی گرانبەها و دەگمەن و دانسقە کە بۆ هەموو کەسێک دەست نەدات دەوترێت: ئاوی پایز بۆ دەمی هەموو کوێر و کەچەڵێک نییە. [1]