ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری ڕووداو
لە بیستویەکەمین گفتوگۆماندا، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، رەخنەگر و وەرگێڕ و شاعیر وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە..
=KTML_Bold=ڕووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: لە خوێندنەوەدا بەرنامەیەکی تایبەتم هەیە، رەنگە کەسانی تریش هەبن وا بکەن. زۆرجار لە یەک کاتدا چەند کتێبێک پێکەوە دەخوێنمەوە، بەڵام وەختەکەم بەسەریاندا دابەش دەکەم، بۆ نموونە یەکێکیان بەیانی یەکێکیان ئێوارە، یەکێکیان دوای نیوەڕوان، یەکێکیان شەو.
حاڵی حازر سێ کتێبم لەبەردەستە. ئۆدیب یا پەرەسەندنی پاش نوێگەری کە بریتییە لە چەند وتار و گفتوگۆیەک لەگەڵ بیرمەندی بەناوبانگ ئیهاب حەسەن، کتێبی )کێ سبەی فەرمانڕەوایی جیهان دەکات( لە نووسینی جاک ئەتالییە، ئەم بیرمەندە زۆربەی کات بیرمان بە لای ئاییندەدا دەبات، سێیەم کتێب (چەند مەسەلەیەک لەبارەی زانستی کۆمەڵایەتییەوە) چاوپێکەوتنی درێژە لەگەڵ بۆردیۆ.
=KTML_Bold=ڕووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: تەنها کتێبێک نییە ژیانی گۆڕیبم. هەموو ئەو کتێبانەی کە خوێندوومنەتەوە و دەیانخوێنمەوە فیکرم فراوان دەکەن، پەرە بە ڕۆشنبیریم دەدەن. هەموویان روئیام بۆ ژیان دەوڵەمەند دەکەن.
کەوتنەژێر کاریگەریی یەک کتێبەوە جۆرێک کۆت و سنوورت بۆ دادەنێ. من خوێندنەوە بە گفتوگۆ دەزانم، نەک ئەوەی کۆتت بکات و بتکات بە سێبەری تەواوەتیی خاوەنەکەی.
=KTML_Bold=ڕووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ئەم پرسیارە پەیوەندی بە پرسیارەکەی پێشەوە هەیە، ئەگەر کتێبێک یا چەند کتێبێک ژیانم بگۆڕن، کەواتە بۆچوونیشم گۆڕاوە، یا ڕاستترە بڵێین ئەگەر بۆچوونت بگۆڕێت ژیانیشت لەگەڵیدا دەگۆڕێت.
ڕووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: زۆر کتێب هەن خۆزگە دەخوازم من بمنووسیبان، نەک تەنها کتێبێک، مەرجیش نییە نووسەرەکانیان بەناوبانگ بن، جاری وا هەیە کتێبێکی شیعر یا رۆمانێک دەخوێنمەوە خاوەنەکەی بەناوبانگیش نییە، بەڵام شتێکی جوان و جیاوازی خوڵقاندووە، یا هایکۆیەکی بچووک، یا کتێبێکی فیکری یا مێژوویی یاخود دێڕە شیعرێک، غەرقی پرسیار و سەرسوڕمان و گومانم دەکەن، لەو کاتانەدا دەڵێم خۆزگە من دەمنووسین. لەوانە: چیرۆکەکانی لویجی پیراندێلۆ، (بەریدی باشوور)ی ئەنتوانت ئەگزۆپری.
=KTML_Bold=ڕووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: دروستکردنی ستایل پەیوەندی بە خۆت و سەرەتاکانی خوێندنەوەت و پەرەسەندنیانەوە هەیە. ڕەنگە بتوانیت هەندێک هێڵی دەستنیشان بکەیت و رەنگە زەحمەتیش بێت.
سەرجەم خوێندنەوەی جۆراوجۆرم ستایلمیان درووست کردووە، نەک تەنها کتێبێک. ئەمە وتەیەکم بەیاد دێنێتەوە، زۆر جار تیۆرداڕێژەرانی بواری دەقئاوێزان بۆ پێناسەکردنی دەقئاوێزان بە کاری دەبەن دەڵێن، شێر بریتییە لەو ئاژەڵانەی کە دەیانخوات. جا ستایلی منیش لە ئەنجامی جۆر و چەندێتی خوێندنەوەم پێکهاتووە. ئەوەندە تێکەڵاون ڕەنگە چینکارییەکی زۆری بوێت تاکو بچمەوە سەری.
=KTML_Bold=ڕووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: کتێب نەیگریاندووم، تووشی سەرسوڕمانی کردووم، نەشئە و خۆشیی پێ بەخشیوم، خەمباری کردووم، وای کردووە چەندبارەی بکەمەوە، بەڵام بۆ گریان هیچ کتێبێک نەیگریاندووم.
موزیک و فیلم و گۆرانیی زۆر هەن ئەوەندە کاریگەرییان لەسەر رۆح و دەروونم هەبووە فرمێسک بە چاومدا هاتووەتە خوارێ. جاری وا بووە لە تەکسیدا بووم و گۆرانییەکی خۆش بۆ ناو حاڵەتێکی سەیر بردوومی، گەیشتوومەتە شوێنی مەبەست، بەڵام بە شۆفێرەکەم گوتووە، برادەر لێرە مەوەستە، لێرە دانابەزم، تۆزێکی تر بڕۆ، ئەمە بۆ ئەوەی تا کۆتاییەکەی گوێم لێبێت، جەوەکەم لێ تێکنەچێت.
=KTML_Bold=ڕووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: زۆرن. تەنیا کتێبێک نییە. ئەگەر لە بواری زماندا بێت، کتێبی (ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا)ی مامۆستای کۆچکردوو هاوڕێی چیرۆکنووسمان (جەلال مەحموود عەلی) دەبەخشم. ئێمە جاران لە ئامادەییدا لە پاڵ زمانی عەرەبی، بۆ بەهێزبوونمان لە زماندا، فەرهەنگێکی بچووکیان دەداینێ، ئەگەر من دەسەڵاتدار بوومایە، کارێکی وەهام دەکرد، ئەو کتێبەی مامۆستا جەلالم بەسەر قوتابیاندا دابەش دەکرد. لە شیعردا دیوانی شاعیری ئێرانی (پەروین ئیعتیسامی) لەبەر چەند شیعرێکی دەبەخشم، لە ڕۆماندا یەکێک لە ڕۆمانەکانی کالڤینۆ، لە فەلسەفەدا ( تەسەلای فەلسەفە)ی بۆئیسوێس.
ساڵی 1987 پێنج کۆمەڵە شیعرییەکەی (المجموعات الخمس)ی سەلیم بەرەکاتم کڕی، لە هیچ شارێکدا دەستنەدەکەوت، زۆر بەدوایدا دەگەڕام بێسوود بوو، ڕۆژێک چووم بۆ #کەرکووک# سەردانی کتێبخانەکەی هاوڕێ عەبدولسەتار جومەیلیم کرد، گوتی لە سووریاوە بە قاچاخ کتێبم بۆ هاتووە، کە سەیرم کرد 10 دانە لەو کتێبەی سەلیم بەرەکاتیان تێدابوو، پێنج دیوان لە کتێبێکدا، هەر 10 دانەکەیانم کڕی و لە #سلێمانی# پێشکەشی برادەرانم کردن. ئەو کاتە تاکوتەرا سەلیم بەرەکاتیان دەناسی.
لە زانکۆیش مامۆستای ڕەخنەی ئەدەبی زۆر خۆشیدەویستم، ساڵی 1978 کتێبێکی خۆی پێشکەش کردم، دەچوو بۆ هیندستان، منیش بەو بۆنەیەوە کارەکانی تاگورم پێشکەش کرد.
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.
=KTML_Bold=ڕووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ئەوەندە بەهای ئینسانی لەم ڕۆژگارەدا کز و لاواز بووە، کار لەوەدا نەماوە یۆتۆپیانە بیر بکەینەوە، هەرچەندە فیکری یۆتۆپی زۆر گرنگە و ئینسان ناتوانێت دەستبەرداری بێت، بەڵام ئەمڕۆ وەبیرهێنانەوەی شتی بچووکی باشیش نرخی خۆی هەیە، چونکە خەریکین بەهای چاکەی بچووکیش ون بکەین. قسەیەکی رووناکبیرێکی ڕووسم لەبیرە کە دەڵێت، ئەمڕۆ هاتووینەتە سەر ئەوەی بە شتی خراپ بڵێین خراپە و مەیکە، بە چاکەیش بڵێین چاکە و بیکە.
=KTML_Bold=ڕووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ....................
=KTML_Bold=ڕووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: سۆزە لای هەردووکیان هەیە. ڕقە لای هەردووکیان هەیە، هەروەها وەفا و شتی تریش، قابیلی جیاکردنەوە نین. فێمینیست نیم، بەڵام لێرەدا وەک فێمینیستێک بیر دەکەمەوە.
=KTML_Bold=ڕووداو: بەنرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ئاخر هاوڕێکانم زۆرن، تایبەتمەندییەکانیشیان زۆر و جیاوازن. ئەمە شتێکی ڕێژەییە لە هاوڕێیەکەوە بۆ هاوڕێیەکی تر دەگۆڕێت، ناتوانین بە یەک شت بیانپێوین، ئەگینا جیاوازی و تایبەتمەندییان بۆ ناهێڵین، بەڵام بە گشتی ڕێز لە عوزلە و تایبەتمەندییەکانم دەگرن، شتەکانم وەک عەفەوییەتی ڕاستەقینەی خۆم وەردەگرن. بۆ نموونە زۆرجار دەعوەتم دەکەن، بچم نەچم لێم زویر نابن. هاوڕێکانم ئەوانەی لە وڵاتدان یا ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین بەویژدانن. زۆربەیان وەک خۆم هۆگری خوێندنەوەن، هاوڕێی کتێبن.
=KTML_Bold=ڕووداو: حەزت لە چییە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: شت زۆرە، حەزم لە گۆشەگیریی بەرهەمدارە. حەزم لە بێدەنگییە. حەز دەکەم جیاوازیی نێوان کۆشک و کووخ نەمێنێت، هەرچەندە ئێستا زۆرن ئەوانەی کووخەکانیان جێهێڵاوە، کۆشکەکانیان داگیر کردووە و بیریان بە لای کووخدا ناچێت. لە خواردنیشدا حەز لە ماش و ساوەر و دۆینەوڕۆن و ترخێنە دەکەم، لە جۆری سەیارەیش حەز لە سەیارە کیسەڵییەکان دەکەم، هەرچەندە تا ئێستاش بەپێ یان بە پاس یان بە تەکسی هاتوچۆ دەکەم. حەز لە سواربوونی پاسکیلی سێتایە دەکەم.
=KTML_Bold=ڕووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: بەختەوەریی ئایدیال لە ئەدەب و فیکر و فەلسەفەدا دەخوێنینەوە، بە درێژایی مێژوو هەموو فەیلەسووف و خاوەن یۆتۆپیاکان بە دوای بەختەوەریی ئایدیاڵدا گەڕاون تاکو بگەنە ئەنجامێک، بەڵام دەبینین ئایندارە دێتەوە سەر پەندێک یا حیکمەتێک تەسەلایەکی کاتیی بە ڕۆحی بدات، یا شۆڕشێکە، شۆڕشگێڕەکانی پشت بە بیرێک دەبەستن و بۆ بەختەوەریی ئینسان بەرپای دەکەن، کەچی زۆر جار ماڵوێرانییان بۆ دەهێنێت، تووشی شکستی ڕۆحییان دەکات.
من بۆ خۆم بە بەختەوەریی بچووک قانیعم. هەندێک جار ساتی وا دێتە پێشەوە چەپکێک بەختەوەریی بچووکی تێدا دەچنم، بۆ نموونە جاری وا هەیە بەختەوەری لە تەوقە و سڵاوێکی پاک و گەرمدا دەبینم، یا لە یارمەتیدانی کەسێکدا، یا کاتێک چۆلەکەیەک لە دەستی منداڵێک دەرباز دەکەم، یا شەوان لە سەربان سەیری ئەستێرەیەک دەکەم، یا ئەو کاتانەی لە نووسینی دەقێکی جوان دەبمەوە، هەست بە خۆشییەکی سەیر دەکەم.
=KTML_Bold=ڕووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: چارەڕەشی زۆرە و جۆری هەیە، چارەڕەشیی تاکەکەسی، چارەڕەشیی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی. بوون بە کوڕی حیکایەت یەکێکە لە چارەڕەشیی کۆمەڵ، ئەمڕۆ کەسانێک دەبینین بە قودرەتی نازانم بڵێم چی لەسەر بێشکەن و لە خولەکێکدا گەورە دەبن و یەکسەر شمشێر هەڵدەگرن و دەبن بە پاڵەوان و سەختترین قەڵا داگیر دەکەن.
یا چارەڕەشی لەوەدا دەیینم، هەڵسەنگاندنی شتی جوان بدرێت بە نەزان و کەسی بێئاگا لە ئەلفوبێی جوانی، شەیتانێک بکرێت بە هەڵسەنگێنەری فریشتە. یا بە درۆ و ڕقی کوێرانە، بێتاوان بکرێت بە جەللاد، یا گۆڕینی شوناسی ڕاستەقینەی کەسێک بە خۆڕایی و بە دافیعی بێویژدانی، شێواندنی و کردنی بەوەی کە خۆت دەتەوێت.
=KTML_Bold=ڕووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژیت؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ئەگەر بە حەز بوایە دەبووم بە یەکێک لە ئەندامانی شارە یۆتۆپیەکان. بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، هەر لە وڵاتی خۆمدا دەژیم، لە نزیک شاخێک یا دەریایەک، لە ماڵێکی خنجیلانەدا، کتێبخانەی چاکی تێدا بێت، هەموو کەرەستەی نووسینی بۆ پەیدا کرابێت.
من کەسێکم بە شوێنەوە لکاوم، زۆر بۆ ئەملاوئەولا داوەت کراوم، بەڵام کەمجار ئامادەییم دەربڕیوە.
=KTML_Bold=ڕووداو: رەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: سپی، سوور، شین، پەمەیی، مۆر. لە گوڵیشدا، نێرگز، گوڵاڵەسوورە، وەنەوشە، گوڵە هەنار.
=KTML_Bold=ڕووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: نووسەری وا هەیە لەبەر دەقێک یا دوو دەق خۆشمویستووە، یا لەبەر هەندێک لە نووسینەکانی، هی وایش هەیە لەبەر زۆربەی ئەزموونی.
چێخۆف، لویجی پێراندیلۆ، دیستۆیڤسکی، ئیساک بابل، پۆڵ ڕیکۆر، ئیدگار مۆران، نۆرسرۆپ فرای، جاک ئەتالی، ئیتالۆ کالڤینۆ، بێردیایڤ،، باختین، سیوران، هێرمان هیسە، سپینۆزا، شتراوس، ڕای براد بۆری، کۆلن ولسن، ئەپیکۆڕ، عوبێد زاکانی، عەلی زەیعور، عەبدوڵڵا ئەلعەروی، ئیهاب حەسەن، تێری ئیگلتۆن و یاکوپسن.
=KTML_Bold=ڕووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: خەیام، لۆتەر یاموون، جۆرج تراکڵ، ڕامبۆ، لۆرکا، نازم حیکمەت، ڕیلکە، کاڤاڤی، شاندۆر بتۆڤی، ڕیتسۆز، ئونسی ئەلحاج، مەندەل شتام، چارلز سیمیک، فازل عەزاوی، ئۆکتاڤیۆ باس، شەوقی ئەبی شەقرا، ئالان بۆسکێ، میرۆسلاف هۆلب، خوان ڕامۆن خیمینیس، ئەنتۆنیۆ ماتشادۆ، وەدیع سەعادە، ئەحمەد ڕەزا ئەحمەدی و سیلیڤیا پڵاس....
=KTML_Bold=ڕووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: زۆربا لە ڕۆمانی زۆربادا، مستەفا سەعید لە ڕۆمانی (وەرزی کۆچ بەرەو باکوور).
=KTML_Bold=ڕووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: هۆرتانس لە ڕۆمانی زۆربادا، دۆرۆنتین لە ڕۆمانی (کێ دۆرۆنتینی هێنایەوە)ی ئیسماعیل کاداری، ئەم رۆمانەم کردووە بە کوردی.
=KTML_Bold=ڕووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: بیتهۆفن، موجتەبا میرزادە، ولیەم یۆحەننا، ئیلهام مەدفەعی، ئەنوەر قەرەداخی، بێژەن کامکار و بەلیغ حەمدی.
=KTML_Bold=ڕووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: مارک شاگال، خوان میرۆ، سلڤادۆر دالی، پەروێز کلانتری، سوهرابی سپێهریی نیگارکێش، جەواد سەلیم، کەمال الملک، کەریم دەشتیی خۆمان شیعرێکی نایابی بۆ نووسیوە.
=KTML_Bold=ڕووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ئەو ناوانەی مانادارن، ئەمانبەنەوە سەر سەرچاوەیەک.
=KTML_Bold=ڕووداو: زیاد لە هەر شتێک رقت لە چییە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: رقم لە چەکە بە هەموو جۆرێکییەوە، تفەنگ، تۆپ، فیشەک، بارووت، چەقۆ، خەنجەر، هەموو کەرەستەیەکی شەڕ و کینە و خوێنڕشتن. ڕقم لە کورسییە، کورسی وەک زاراوەی سیاسی و مەعنا مەجازییەکەی، کە زۆرجار دەبێتە هۆی خوێنڕشتن و خۆپەرستی و دکتاتورییەت لە دنیادا.
=KTML_Bold=ڕووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: حەزم دەکرد لە پاڵ نووسیندا مۆسیقار بوومایە، چونکە دەنگم خۆشە و زۆر جار ئاوازی چاکم بۆ دێت، شیعرەکانیشیان خۆم بۆم هەڵدەبژاردن. حەزیشم دەکرد دەرهێنەری سینەمایی بوومایە. حەز لە سینەما دەکەم، من لەو ڕەخنەگرانەیشم لە ڕەخنەدا زۆر بایەخم بە پەیوەندیی ئەدەب و سینەما داوە.
ڕووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: تەنها شتێک کە بە حەز نابێت مردن و شێوەکەیەتی، ڕاستترین دادپەروەرییش لە مردندایە. حەز دەکەم بە هێمنی و بێئازار کۆتاییم بێت، ماڵ و منداڵ، دۆست و هاوڕێ و دنیا لە خۆشیدا بن، مرۆڤایەتی لە خۆشیدا بێت، هەموو پڕۆژەکانم لە ئەدەب و ڕۆشنبیریدا تەواو کردبێت. بێگومان تەمەنی درێژیش ئارەزووی هەموومانە.
=KTML_Bold=ڕووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: نامەوێ درۆ بکەم. دڵەڕاوکێ لە ڕۆحی ئینساندا رەگی داکوتیوە. ئەدەبی بێ دڵەڕاوکێ و قەلەق، ئەدەبی بێ کێشە و بێ پرسیار و بێ گەڕانە. ئەدەب و هونەری ئەمڕۆ ئەدەب و هونەری دڵنیایی نین، پڕاوپڕن لە گومان، لەبەر ئەمانە نە ئارامم و نە رۆحیشم ئارامە.
=KTML_Bold=ڕووداو: دروشمی تۆ چییە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: دروشمی جوانیش هەیە، بەڵام نامەوێت لە دروشمکاریدا خۆم کۆتوبەند بکەم.
=KTML_Bold=ڕووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: بەڵێ هەر دەگەڕێمەوە بۆ زێدی فیکریی خۆم، بۆ خۆشی و شادیی نووسین، بۆ دوزەخ و بەهەشتەکەی. نووسین داڵدەیەکی ڕۆحیی خۆشە، ئەگەر خەنجەربەدەست بە قەڵەمی دەمامکدارەوە وازت لێبهێنن و بە هەوەسی خۆیان شوناسی ڕاستەقینەت نەگۆڕن.
=KTML_Bold=ڕووداو: زیاتر بە ئەدەبیاتی کام وڵات سەرسامیت؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: داهێنەران وڵاتیان نییە، چونکە ئەدەبی گەورە و دەوڵەمەند سنوورشکێنە. جاری وا هەیە رۆمانێک یا شیعرێک دەخوێنمەوە، خاوەنەکەی خەڵکی وڵاتێکی هەژارە، بەڵام ئەدەبێکی باڵایە، واتە مەرج نییە ئەدەبی وڵاتێک لەسەداسەد هەمووی باش بێت یا خراپ بێت، من بە نموونەی ئەدەبی جوانی هەموو وڵاتێک سەرسامم. رووسیا بێت، ئیسپانیا بێت، فەڕەنسا بێت، ئێران، ئەڵمانیا، لوبنان، جەزائیر ...
=KTML_Bold=ڕووداو: هەرگیز هەبووە رۆژێک لە نووسەربوونت پەشیمان بیت؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: ڕەنگە هەندێک جار بێئومێدییەک دایگرتبم، بەڵام پەشیمانی نا، پەیوەندیی من و دنیا خوێندنەوە و نووسینە.
=KTML_Bold=ڕووداو: ئەگەر ڕۆمانێکی کوردی دیاری بکەیت، وەک یەکێک لە باشترین رۆمانەکان، چ ڕۆمانێک دەبێت؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: مەگەر لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی پێشبڕکێیەکدا بم، ئەگینا حەز لە دیاریکردنی باش و باشتر و باشترین ناکەم. لایەنێکی عەرەبی داوای لێ کردووم، لێکۆڵینەوەیەکیان بە عەرەبی لە بارەی ڕۆمانی کوردییەوە بۆ بنووسم، لەوێدا ڕاکانم بە باشی دەردەبڕم.
=KTML_Bold=ڕووداو: سەبارەت بە دوایین بەرهەمی خۆت بۆمان بدوێ، ئیش لەسەر چی دەکەی، هەندێ وردەکاریمان لەسەری بدەرێ، ئایا بەرهەمی تازەت هەیە و لە چ قۆناغێکدایە؟=KTML_End=
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی: بەرهەمم زۆرە. کۆمەڵێک کتێبی ئامادەکراوم هەن. حاڵی حازر کتێبێکمان دەدرێتە چاپ کە سێ کەس کردوومانە بە کوردی، کۆمەڵێک بەڵگەنامەیە دەربارەی ویلایەتی مووسڵ، ماوەیەکە خەریکی وەرگێڕانیشیم بۆ عەرەبی، لەم ماوەیەشدا لێکۆڵینەوەیەکی درێژم لەبارەی ئەزموون و داهێنانی دلاوەر قەرەداخییەوە تەواو کرد. [1]