ناونیشانی بابەت: پاشیوەی عیڕاقم بەجێ هێشت، حسمەکرد ئەنانی و خۆپەرست بووم!
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
کاکە زیاد لادێ، کوڕەکی #هەولێری# بوو، وەختی خۆی لە هەولێرێ ئێک دوو جار گۆرانیی گۆت و ئەمنیش لەگەر فڕقەکی مۆزیقەن لۆ لێدا و هەر لۆیێش پێشتر ئەمناسی، ئەو پێی گۆتم، کە سبەینی پێش سعات 12 دەبی ژۆرەکەی ئوتێلی چۆل کەم و شتەکانم خڕ کەمۆ و خۆ حازر کەم، دێتە دووم و ئەمباتە قیسمی داخیلیی تەلەبان، چونکە لەوێ غورفەکی لۆ گرتبووم.
سبەینێ سعات نۆی لە خەوێ هەستام و نانم خوارد، پارەی ئوتێلیشم دا و شتەکانی خۆم تێکنان و ئینتیزاری کاکە زیادم کرد کە دەوروبەری یازدەی پەیا بوو، دوو جانتا و عوودەکەن هەرگرتن و ئەمن گۆتم بە تەکسیەچین، بەران ئەو گۆتی تەکسیی ناوێ، پاسی ڕەقەم 13 هەتا پێش ئوتێلەکەنەبا، ڕۆیشتین و دیار بوو تەقریبەن بە بیست دەققەی گەیشتینە وێ.
کلیلن پێشتر وەرگرتبوو، یەکسەر چووینە غورفەکەی لە قاتی حەفتەم، غورفەکە زۆر گەورە نەبوو بەران خۆش بوو، هەر بە چار غورفانیش مەتبەخەکیان هەبوو لەگەر حەمام و عەدەبخانەی. کاکە زیاد هاتە جواب و گۆتی: ئەوجا لەنۆپاش، لەجیاتی ئەوەی لە مەتعەمان نانی بخۆی، لێرە بەخۆتانی خواردنێ دروست کەی، دوایێش ئیک دوو مەنجەری گچکە و قاپ و قاچاغیەکرین گۆتم: وەختی ئەمن مێرمندار بووم کە داکم چووبا ئاشی یان خەستەخانەی، مساعەدەی داکمەکرد و هەتا دەهاتۆ، هێلکەوڕوون و تەماتە و ڕون و شتی لەو بابەتانەم دروستەکردن، بەران برنج و مەرگە لێنانم نازانی گۆتی: ئەمنیش وەکی توو بووم، بەران سەبر سەبر فێر بووم، هیچ نیە ئەتووش فێرەبی.
لەبەرەوەی ئەو تەلەبە بوو لە جامیعەی ڤیەننای و توببیەخیند، دەرسی زۆر بوون، بە منی گۆت، کە ئەو دەبی بچتۆ جامیعەی. تەلەفۆنێ خۆی دا من و گۆتی: هەر ئیش و کارەکت بە من هەبوو، ئەوە تەلەفۆنی منت هەیە، تەلەفۆنم لۆ بکە، تەلەفۆنی ئێرەش لە خوارێ وەرەگرم. زۆر سوپاسم کرد و خواحافیزیی کرد و ڕۆیشت.
ئەو ڕۆژی ئەوەم لە دەفتەری زکرەیاتەکانم نووسیە بە ناوی (ڕۆژنامەی هونەرمەندێک): ئەوڕۆ سێشەمە، 16 مانگی حوزەیرانە، سعات ئێک و بیست دەققەی پاش نێوڕانێیە، لە ژۆرەکی گچکەی قیسمی داخیلی تەلەبان کە هاوینان وەکی ئوتێلی بە هەرزان بەکرێدەن، پارم دایتۆ! جەوەکە نە ساردە نە گەرمە، بە کەیفێ منە لە قاتی حەفتەم، بە ئیتیجاهی غەرب، تەماشای ڤیەننایەکەم، هەرچەندە جێم زۆر برندە، بەران گێم لێ نیە! بەتەنێ و بێ کەسوکار، تاقە شەخس کە ئەیناسم کاکە زیادە! دالغە و فکرم دێنوەچن و لە لایەکی عادزم و لە لایەکیش کەیفخۆش! هێشتا ڕسمی داک و باب و برا و خوشک و براژن و مندارەکانم هەر وەبیرە و وەکی فلیمەکی سینەمای لە مێشکم دێو و دەچن، ئەو ڕۆژەی کە خواحافیزیان لە من کرد، هەموو بە عادزی و چاو بەگریان لە پێش دەرکەی ڕاوەستابوون، هەرچەندە ئەمن خۆم وها پیشانەدا کە بەزەوق و کەیفخۆشم، بەران لە ناو درمدا ئەسووتام! فرمێسکم ڕاگرتبوون و نەمەویست زیاتر عادزیان کەم! دەبی ڕۆژەک لە ڕۆژان بیانبینمۆ؟ لە هەمان زیاتر غەریبی (شادۆ)ی خوشکم و کوڕەکەی ڕەنجبەری برام (کاروان) و مندارەکانی دلداری برام، (هاژە و هیوا)م کردیە، کە هێشتا زۆر گچکەنە. زۆر زگم بە بابم دەسووتێ، کە ئەمەی بە فەقیری و دەردەسەری بەخێو کرد، بە سەربرندی ئەمەی پێڕاگەیاند و تەنازولی لۆ کەس نەکرد. هەرچەندە ئامۆزایەکانی بابم وەزعیان زۆر باش بوو، بەران، نە بابم داوای مساعەدەی لەوان کرد. و نە ئەوانیش بە جدی مساعەدەیان کرد. چەند خۆشحار بووم کە لەو چار پێنج سارانەی ئاخیری 1977 - 1981، پێم کرا دری بابم بڕەک خۆش کەم و فەقیری و دەستکورتی و عەزاب و ناخۆشیی پێشتری لەبیر ببەمۆ. ئەو وەختەی کە هێشتا مێرمندار بووم، عەقرم بە زۆر شتی ناشکا، لەگەرەوەش ئەو مەوقیفەم هەتا مردنێ قەت لەبیر ناچی؛ سەروەختەکی بابم فەڕاش بوو لە دائیرەی نفووسی شەقراوێ، مدیرەکەشی هەر ئامۆزایێ خۆ بوو، ئەمن چووبوومە کن بابم حەزمەکرد بزانم چاکا؟ لەوێ ڕاوەستابووم، لە هیکڕا مدیرەکە کە بە دەنگەکی توند، بانگی بابێ منی کرد و گۆتی: حەسەن بڕۆ دوو چای بینە و ئێرەش پیسە خاوین کۆ! ئەمن بەو گچکەیێ خۆ ویستم پڕی دەمێ و پێی برێم، ئەتوو لۆ هەندە عەسەبی و لۆ لەسەر بابم ئەوها هاوارەکەی؟ پاش چەند ساران، گەورەتر بووم و فامم کرد، بەران هێشتا ئەو مەوقیفە ناخۆشەم لەبیر نەچووە و ناچی! ئەوجا فکرم کردۆ، گۆتم: دەبی ئەو مەوقیفە لۆ بابم، چەند بەئازار و جەرگبڕ بووبی! کە لە پێش مندارێ خۆت، ئەوەت پێ برێن و ئیهانەت کەن؟ بابمان لۆ مە دایمەن ڕەمزەک بوو، گورەی مار و دینگەی توندی مارێی بوو، لە کن مندارەکان، خاسەتەن لەکنەمن، کە کوڕی گەورەی بووم، بە چاوەکی ئیحتیڕام و لێترسان تەماشانەکرد، زۆر گەورە و بە ویقار و برند بوو. گۆتم دەبی لەبەر بەخێوکردن و تەربیەتی مە، بابم چەند ساران کەڕامەت و عیزەت نەفسی خۆی لە بن پێ خۆ دانابی و تەحەمولی ئیهانەکردن و گچکەکردن و ڕەزیلکردنی کردبی؟ هەر لێی گەڕێ! بەس بابیش ئەوەی لۆ مندارەکانیەکا.”
وەختی عیڕاقم بەجێ هێشت و دوور بوومۆ لە داک و باب و برا و خوشک و براژن و مندار و هەموو خزم و برادەر و دۆست و هەموو ئەوانەی ئەمنیان خۆشەویست، خۆم زۆر بە ئەنانی و خۆپەرست و بێڕوحمەزانی، زەمیرم عەزابیەدام، چونکە وەک و بابم گۆتی، مارەکە پاشی من تەفلیشەبی. ئۆندەی خەمی وانم بوو لەوێ، خەمێ خۆم نەبوو لێرە.
ئەمن هەنکە لە وڵاتەکی زۆر مەشهوورو پێشکەتیمە، سێ مانگ ڤیزەم هەیە، پێش ئەو سێ مانگەش خەلاس بن، یا دەبی وەکی تەلەبەکی وەرم گرن، یا دەبی تەقدیمی لجوئی بکەم، بچمە وڵاتەکی دکە یا بگەڕێمۆ عیڕاق. ئێکەمم پێ باشترە، چونکە ئەگەر تەقدیمی لجوئی بکەم، ئەوە مارێ (باب و برایەکانم) لەبەرە من، تووشی موشکیلەکی گەورەبن، دوور نیە سجنیان کەن یا تەعزیب بدرێن، مەسیڕی من، لەو چەند ڕۆژەی دێ، وەدیارەکەوی. حسم کرد زۆر برسیمە و چوومە خوارێ بزانم لێرە شتی خواردنێیان هەیە، بەران دیار بوو هیچیان نەبوو، کارتەکی سائیحانم لێ وەرگرتن و چوومە دەرێ...
لۆ حەرقەی دادێ...[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=