ناونیشانی پەرتووک: ڕاپرسی هەڵبژاردن
شوێنی چاپ: : هەولێر - باشووری کوردستان
دەزگای پەخش: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو
ساڵی چاپ: 2023
ئەم ڕاپرسییە لەنێو 2412 هاونیشتمانی دا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کراوە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵ بووە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی هەڵبژێردراون. لەبەر بایەخی جۆگرافیای دەنگدەران، ژینگەی بەشداربووان بۆ سێ بەشی شارنشین، شارنیشنی دەوروبەر و گوندنشین دابەشکراوە.
لەڕووی ڕەگەزییەوە، ڕێژەی نێر و مێ لەنێو بەشداربووانی ئەم ڕاپرسییەدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ڕادەیەک نزیکی یەکە. 55.3%ی هەموو ئەوانەی کە بەشداربوون لە ڕەگەزی نێر و، 44.7%یشیان لە ڕەگەزی مێن.
بەگشتی 60.3%ی خەڵک گوتوویانە کە بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکەن، ئەمەش نزیکە لە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەڕڵەمانی کوردستان دا. ڕەنگە دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەوەبن کە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان، هاوشێوەی خوولی ڕابردووی هەڵبژاردنی پەڕڵەمان (2018) بێت. یەکەمیان هاتنی دەنگدەری نوێ و خواستی بەرزی گەنجانە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دا. ئەوی دیکەشیان ئەوەیە کە لەوانەیە دۆخی سیاسی و زیادبوونی جەمسەربەندییە سیاسییەکان هاندەرێک بێت بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
بەپێی ئەو ئەنجامەی کە لەم ڕاپرسییەدا دەرکەوتووە، براوەی یەکەم لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم سێ توێژەن پێکەوە: ئەوانەن کە بەشداری ناکەن، دەنگدەری خۆڵەمێشی و ئەوانەی کە بە بەتاڵی دەنگدەدەن. ڕێژەی39.7%ی هاووڵاتییان بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن. 29.2%ی ئەوانەی کە گوتوویانە بەشداری دەکەن، دەنگی خۆیان ئاشکرا ناکەن و 3.7%یش گوتوویانە بە بەتاڵی دەنگ دەدەن. مەزەندە دەکرێت ژمارەی ئەمانەش هەموو پێکەوە نزیکەی 2 ملیۆن و 167 هەزار و 252 دەنگدەر بێت.
لەنێو 60.3%ی دەنگدەران دا کە بەنیازن بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان 46.1%ی دەنگەکان دەبات، بە 1012136 دەنگ لە ڕیزی یەکەم دایە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 11.3%ی دەنگەکان دەبات و بە 248094 دەنگەوە بە پلەی دووەم دێت و، نەوەی نوێ بە ڕێژەی 5.5% و 120653 دەنگەکانەوە بە پلەی سێێەم دێت.
بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، دەنگی پارتی و یەکیتی زیادی کردووە، هەڵبەت بەهۆی زۆریی ڕێژەی دەنگی خۆڵەمێشی (29.2%) و دەنگی بەتاڵ (3.7%) ئەگەری دەرکەوتنی ئەنجامی چاوەڕواننەکراو لەم هەڵبژاردنەدا زۆرە. ئەم ئەنجامەش سەیر نییە کاتێک بزانین بایەخپێدانەکانی دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە. بەشداربووان بەڕێژەیەکی زۆر کەم بابەتەکانی پەیوەست بە دیموکراسی و ئازادییەکانیان لە پێشینەی خۆیان داناوە و، زیاتر بابەتەکانی یەیوەست بە ئابووری و گوزەرانی ڕۆژانەیان هەڵبژاردووە.
پرسیارەکانی ئەم ڕاپرسییەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو لە سێ بەشی تایبەت بە ڕەفتاری دەنگدەران، خواست و بژارەی دەنگدەران، ڕوانگەی سیاسی و بایەخمەندییەکانی دەنگدەران دیزاین کراون کە دەتوانێت سەرەداوی گرنگ سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان و پێگەی پارتە سیاسییەکان نیشانبدات.
دۆزراوە سەرەکییەکان
ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن هاشێوەی 2018 لە سنووری 60٪دا دەبێت.
هەرچەند گرووپەکانی تەمەن بەرەو هەڵکشان دەچن، خواستی بەشداری کەم دەبێتەوە و زۆرترین دەنگەکانی ئەوانەی بۆ یەکەم جارە دەنگدەدەن بۆ پارتی دەچن. پاشان نەوەی نوێ ئینجا یەکێتی هەڵدەبژێرن. زۆرترین گەنجی هەرێمی کوردستان لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دایە کە پێچەوانەی سلێمانی و هەڵبجە زۆرترین خواستی بەشداریی لە هەڵبژاردنیان لێیە.
هەرچەند لە ژینگەی گوندنشینەوە بەرەو ناوەندی شارەکان دێین، خواستی بەشداری لە هەڵبژاردن کەم دەبێتەوە.
بەپێی ئەنجامەکان، 57.7٪ی ئەو دەنگدەرانەی کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، زیاتر لە مانگێک پێش لە ڕۆژی هەڵبژاردن بڕیاری خۆیان دەدەن کە دەنگ بە چ لایەنێک بدەن.
بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەوانەی کە بەشداری ناکەن، دەنگدەری خۆڵەمێشی و ئەوانەی بە بەتاڵی دەنگدەدەن ڕێژەی هەرە زۆری دەنگدەرانن کە مەزەندە دەکرێت دەوروبەری 2167252 کەس بن.
بێگومان، براوەی یەکەم لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوانەن کە دەنگ نادەن کە لە سەرووی یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار دەنگدەردایەو بەڕێژەی 39.7%ی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام ئەوەی کە دەتوانێت ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ هەڵبژاردن لە هەگبەدابێت، دەنگدەری خۆڵەمێشی و ئەوانەن کە بە بەتاڵی دەنگدەدەن کە هەردووکیان پێکەوە، 32.9٪ی ئەو دەنگدەرانە پێکدەهێنن کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن.
زۆرترین ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان ئاشکرا ناکەن لەو شوێنانەن کە پێشترلایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی تێیدا بەهێز بوون و، ئەگەری دەنگهێنانی لیستێکی نوێ لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەرزە.
لەوانەیە بایەخمەندی خەڵک ئێستا گۆڕابێت وهەر ئەوەش وای کردبێت کە دەنگدەر زیاتر دوودڵ بێت. بەپێی ئەنجامەکان، بایەخمەندیی ئێستای دەنگدەران زیاتر بابەتە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانە نەک بابەتەکانی پەیوەست بە دیموکراسی و ئازادییەکان.[1]