ناونیشانی بابەت: پەروەردە ئاوا بوونیاد نانرێ
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ماوەی چەند ساڵێکە دەنگۆی وەرگرتنی زەوییەکانی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن کۆمپانیایەکی مۆڵەت پێدراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش ڕەزامەندنییە بەو کارە، هەر بۆیە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی خەڵکی کوردستان ئاگاداری ئەم ململانێیە بوون، هەر بۆیە کۆمپانیای خاوەن کەیسەکە ڕوونکردنەوەیەکی لاوازی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بە یاسایی ئەو کەیسە دەکات و سەرسووڕمانی خۆی نیشانداوە لە ناڕازی بوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی.
ئەوەی بۆ من و هەموو ئەوکەسانەی نووسەرن و پەوروەردەکارن و ئاگادارن و دەزانن پەروەردەی وڵاتان لە کوێیە و پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کوێیە؟ کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی کواڵیتیی پڕۆسەکە و خەمنەخواردنی لەلایەن بەرپرسانی ئەو سێکتەرە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە هەموو شوێنێکی دنیادا هیچ کۆمپانیایەکی مۆڵەتپێدراو ڕێی پێنادرێت، داوای زەوی پەروەردە بکات تا پڕۆژەی قازانج ویست بۆ بەرژەوەندی لایەن و کەس و حیزبێک یان گرووپێک بەکاربێنێت و لە موڵکی گشتییەوە بیکاتە موڵکی تایبەت، تەنیاوتەنیا لەم هەرێمەدا ئەوە ڕوودەدات و بەدیار چاوی هەموو لایەن و سەرکردەکان ئەو کارە دەکرێت و جارێکیتر دڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانی پڕۆسەی پەروەردە زویردەکەن و نائومێدی هێندەیتر بەرۆکمان دەگرێت.
دەبێت لە حکومەتی هەرێم وبەرپرسانی ئەم هەرێمە وحیزبەکان و هەموو ئەوانەی چاویان لە پێشخستن و چاککردن و ئاڕاستەیەکی باشترە بۆ ئەم هەرێمە، بپرسین:
• ئەو یاسایە کامەیە کە موڵکی گشتی دەکات بە موڵکی تایبەت و بازرگانی وقازانجویست؟
• لە کوێی دنیا ولەکام وڵات بۆ گیرفانی چەند کەسێک دەستبراوە بۆ زەوی و موڵکی پەروەردە؟
• دەبێت کام ڕێکاری یاسایی و دەسەڵاتداری حکومەت لە پشتی ئەم کارانەوە بێت؟
• ڕۆڵی دادگا لە پاراستنی موڵکی گشتیدا، ناکەوێتە ژێرپرسیارەوە؟
• رۆڵی وەزارەتی پەروەردە لەم پرسەدا چییە وبەرگری لە کۆمپانیاکە دەکەن یان لە پەروەردەکەی خۆیان؟
• دەکرێت بەڕێزان لە داواکاری گشتی بێنە سەر هێڵ و ئەو فەرمانە هەڵوەشێننەوە کە ئەو کارەی پێکراوە
• لەسەر بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتە بەپەلە بێنە سەر هێڵ و ڕێگری لە هەموو ئەو پێشێلکارییانە بکەن بەرانبەر زەوییەکانی پەروەردە دەکرێت
• ڕۆڵی ڕێکخراوە قوتابی و خوێندکاریەکانە لەگەڵ یەکێتی مامۆستایان، نەهێڵن هیچ کەس و لایەن وکۆمپانیایەک دەستدرێژی بکەنە سەر زەویەکانی پەروەردە
• ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی پێویستە بێدەنگ نەبن لەم ڕەفتارانەی کۆمپانیاکان
• ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ڕێگری لەم کارە نەکراو پشتیووانی ئەو کەس و لایەنانە بکەن کە زەوییەکانی پەروەردە دەبەن و دەیکەنە پڕۆژەی قازانج ویست بۆ کەس و لایەن و کۆمپانیاکان، پێویستە ئەو کەیسە ببرێتە دادگای حکومەتی فیدراڵ، تا لەوێ یەکلایی بکرێتەوە
ئێمە دیارە وەک خەمخۆر هەم بۆ نیشتمان و هەم بۆ پڕۆسەی پەروەردە و وەک فێرکارو نووسەر لە پێناوی ئاییندەی گەش بۆ نەوەکانی ئەم گەلە کە تاکە ڕێگەش بۆ ئەو ئاییندەیە تەنیا پڕۆسەی پەروەردە و فێربوونە، ناکرێت ئاوا سەیربکەین و بێدەنگ بین.
هیچ گومانی تێدا نییە کە چاککردن و ڕێنوێنی و ئاڕاستەی باش، هەنگاوە بەرەو داهاتوی گەش، دوای زیاد لە سێ دەیە لەم هەرێمەی باشوور جگە لە چاککردنەوەی خراپیەکان هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە لەوە باشتربێت، بۆیە (ئەلبێرتۆ ڕۆکیا)ئاماژە بەو کارە دەکات و دەڵێت: (چاککردنی کاری تاوان بۆ باشکردنی، دوورخستنەوە نییە، بەڵکوو ئامانج لێی بەدیهێنانی دادوەرییە).
لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان زۆر کاری نەشیاومان بەر چاو کەوتووە هەر بەتەنیا زەوییەکانی بەکرەجۆ نییە کە (182)دۆنمە، هەندێک لە قوتابخانانەکانی گەڕەکە کۆنەکانیش چاوی داگیرکاری و زەوتکردنیان لەسەرە کە لە ناوجەرگەی شاردان، گوایە قوتابی و خوێندکاریان کەمە و دەیکەنە پڕۆژەی نیشتەجێ و وەبەرهێنان، دیارە کردنی قوتابخانە بە هەر شتێکیتر کارێکی نەشیاوو نەگونجاوە، لەجیاتی زیادکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بەداخەوە لێرە دەڕوخێندرێن، پێجەوانەی وتەکەی ناپلێۆن پۆناپارتی فەرەنسی کە دەڵێت: (ئەوەی قوتابخانەیەک بکاتەوە، زیندانێک دادەخات)، لێرە قوتابخانە دادەخەن تا زیندان زیاد بکەن.
ئێمە هەموومان بە پەرۆشین بۆ پەروەردە هەگبەیەکمان لەکۆڵناوە کە ئەمانەوێ خۆری گەشی ژیان لەسەر نەوەکانی ئاییندەمان نەبێتە تاریکی و خۆشی و خۆشویستن و ئارامی ببێتە مارشی ژیانیان.
ئەم پەرۆشییەش تەنیا بە ئێمە ئەنجام نادرێت، بەڵکوو هاوکاری وهەماهەنگی و پشتیووانی هەمووانی گەرەکە، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ئێستا تا ڕێگە بۆئاییندە خۆشکردن بکەینە ئامانجمان، بۆ ئەوەی شادبین بە سەرکەوتن و بتوانین خەونی خۆش بۆ داهاتوو بەدیبێنین. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=