ناو: عاسم
نازناو: عاسم حەیدەری
شوێنی لەدایکبوون: گەڕەکی عارەبانی شاری #هەولێر#
ڕۆژی لەدایکبوون: #21-06-1921#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری هەولێر
ڕۆژی کۆچی دوایی: #20-07-1970#
$ژیاننامە$
خەباتگیڕ و ڕووناکبیر
$ئەو ئاگرەی لە دڵمەوە بەربێتە کفنەکەم-تا دوژمن نەکا بە زوخاڵ شەرتە پف نەکەم$
(عاسم حەیدەری)
بنەماڵەی حەیدەری بنەماڵەیەکی دیار و هەڵکەوتووی شاری هەولێر و کوردستانن، خاوەنی دەیان کەسایەتیی گەورەی کولتووری و زانستی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و نیشتمانین، لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتی زۆریان بە گەل و نیشتمانەکەیان کردووە، خوێن و ئارەقە و فرمێسکی زۆریان لە پێناوی ئازادیدا ڕشتووە.
ئێستاش نەوەکانیان، ئاڵای ئەو بنەماڵە هێژایەیان بەبڵندی ڕاگرتووە و لە کایەکانی کولتووری و زانستی و ڕشتەکانی دی، لە خزمەتدان و شوێن پەنجەی ڕەنگینیان دیارە.
ئەم بنەماڵە هێژایە، شانازی ئەوەیان لە مێژوودا پێ دەبڕێت، کە یەکەم نەمامی بیری نوێ و پێشکەوتنخواز، ئەوان لە شاری هەولێر ناشتوویانە و بەخوێن پەروەردەیان کردووە.
(ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم و ڕۆشنایی بخەمە سەر ژیان و بەرهەمەکانی، مامۆستا (عاسم حەیدەری)یە، مامۆستا حەیدەری، وەک سەربازی ون خەباتی سیاسی و کولتووری کردووە و تیشکی ئەوتۆ نەخراوەتە سەر ژیان و تیکۆشان و بەرهەمەکانی.
مامۆستا #مومتاز حەیدەری# ، پەرتووکێکی بەدیاری پێشکەش کردم، پەرتووکەکە لەلایەن دوو مامۆستای زانکۆوە لەسەر مامۆستا عاسم حەیدەری نووسراوە و مامۆستا مومتاز پێیدا چووەتەوە و بەرایی بۆ نووسیوە.)
( عاسم حەیدەری، ژیان و ڕوڵی سیاسی و ڕۆشنبیریی 1921-1971)، ناونیشانی پەرتووکەکەیە و لەلایەن (د. بارزان محەمەد عەلی و د. هۆشەنگ نەجاڕ) بەشێوەی توێژینەوەیەکی زانستیی بەهادار نووسراوە و مامۆستا مومتاز حەیدەری پێداچووەتەوە و بەرایی بۆ نووسیوە.
لەم توێژینەوەیەدا تیشکی زانستی خراوەتە سەر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا حەیدەری و بە چرای زانست ڕۆشن کراوەتەوە و بەخوێنەران ناسێنراوە.
لەم پەرتووکەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە عاسم حەیدەری کەسایەتییەکی گەورەی سیاسی و کولتوورییە، لە هەردوو مەیدانی خەباتی سیاسی و خەباتی کولتووریدا وەک تێکۆشەرێکی قارەمان و نووسەرێکی بەهەڵویست خزمەتی زۆری کردووە و شوێن پەنجەی بە خەباتی فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە دیارە.
عاسم کوڕی حەیدەر کوڕی عاسم کوڕی ئیبراهیم کوڕی سبغەتوڵڵای حەیدەرییە، ناوی تەواوی ئەم کەسایەتییە و بە عاسم حەیدەری ناسراوە.
ڕۆژی 09-06-1921 لە گەڕەکی عارەبانی شاری هەولێر لەدایکبووە.
لە ئامێزی خانەوادەیەکی ناودار و نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیردا پەروەردە بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواوکردووە.
لە خانەی زانستەکانی شاری #بەغدا# وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشیی تەنگەنەفەسییەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات وگەڕاوەتەوە شاری هەولێر.
ساڵی 1944 لە فەرمانگەی (تەموین)ی شاری هەولێر بە فەرمانبەر دامەزراوە و تا ساڵی 1948 بەردەوام بووە و بەهۆی جموجوڵی سیاسییەوە زیندانی کراوە و حەوت ساڵی لە کونجی زیندان و سێ ساڵی بە (نەفیکراوی)دوورخراوەیی لە خوارووی ئێراق و دوور لە نیشتمان بەسەر بردووە و ئیدی لە (وەزیفە) دابڕاوە و دوای شۆڕشی #14-07-1958# بۆ (وەزیفە)ی حکومی گەڕاوەتەوە.
عاسم حەیدەری، دید و تێڕوانیکی چەپ و کۆمۆنیستی هەبووە، ڕۆڵی دیاریی لە دامەزراندنی حزبەکانی شۆڕش و ڕزگاری هەبووە و سەرکردەیەکی دیار و چالاک و کاریگەریی ئەو دوو حزبە بووە، هەمیشە پێشەنگی چالاکییە سیاسی و ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی و خۆپیشاندانەکان بووە.
#21-03-1946# خۆی و چەند هاوڕێیەکی توانیان یادی جەژنی نەورۆز بە ئاشکرا لە شاری هەولێر بکەنەوە و جەماوەرێکی زۆر بۆ ئەو بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییە کۆبکەنەوە و هەر لەو بۆنەدا وتارێکی حەماسەت ئامێزی پێشکەش کرد.
دوای ئەو دوو حزبە لە #حزبی شیوعی ئێراق# و #پارتی دیموکراتی کوردستان# درێژەی بە تێکۆشان دا.
مامۆستا عاسم حەیدەری، بایەخی زۆریشی بە بواری مێژوویی و یاداشت و کولتووری داوە، لەو بوارانەدا چ بە نووسین چ بە وەرگیڕان خزمەتی کردووە، بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک (#گەلاوێژ#، #هیوا#، #ڕزگاری#، #هاوکاری#، دەفتەری کوردەواری و ئەوانی دیکە دا) بڵاوکردووەتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە وتار و نوووسینەکانی بە کوردییەکی شیرین و ڕەوان نووسیوە.
پاش خزمەتێکی زۆر لە کایەکانی سیاسی و کولتووریدا، ڕۆژی #20-07-1971# لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بە نەخۆشییە توولانییەکەی (تەنگەنەفەسی) کۆچی دوایی کرد، زۆربەی ڕۆژنامە کوردی و عەرەبییەکان، هەواڵی کۆچی دواییان بەخەم و پەژارەوە بڵاوکردبووەوە.
#سامی عەوداڵ#ی شاعیر و هاوڕێ و هاوبیری عاسم حەیدەری بەم هۆنراوەە خەمی خۆی دەربڕیوە:
عاسم هاوبیرم کۆچت لێ کردم
بۆ لای یەزدان چووی پرست پێنەکردم
کە هاتم بۆ لات نەتگۆت وا دەڕۆم
هەر بەپێکەنین ڕووی خۆت تێکردم
چەند نووسەر و ئەدیبی دیکە، وتاریان لەسەر نووسیوە و تیشکیان خسووەتە سەر ژیان و تێکۆشان و بەرهەمەکانی لەوانە ( د.#عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ#، #محەمەدی مەلا کەریم#، #کەریم شارەزا#، هاشم عەبدوڵڵا، مامۆستا ڕەوەند، مومتاز حەیدەری).
لە کۆتاییدا دروود و ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکی عاسم حەیدەری خەباتگێڕ و ڕووناکبیر.
[1]