مردن لێمەگەڕێ
با بۆخۆم بمرم!؟
ناوی نووسەر: #حەمە ئەحمەد جاف#
لێمگەڕێ، با بۆخۆم بمرم
من لە تۆ باشتر دەزانم
چ بارێکی قورس و گەورە
کەوتۆتە سەرمل و شانم
باوەشی ژن ، ماچ وبەرماڵ
( خۆمی تێدا بتوێنمەوە)
کتێبخانەکەم ، کۆمەڵێ کتێب
زۆرم ماوە ، بیخوێنمەوە
***
لەمردن ناترسم ، ترسی
کتێبخانەکەم لەدڵدایە
سوور دەزانم دوای خۆم جێگای
ئەویش شۆستەی بەرقەڵایە
خەمی ڕەشنووسی نووسین و
شیعریشم لەوێ بوەستێ
بڕواناکەم کەسێ هەبێ
لەدوای خۆم بەو ئەرکەهەستێ
ئەو کەسەی ئەرکی خوێندنەوەو
نووسینەوەم دەگرێتە خۆی
کەس وەک خۆم حەق نادا بەخۆم
حورمەت و خۆشەویستیم بۆی
مردن لێمگەڕێ، دوا چامەی
خۆم بە فرمێسکی پێنووسم
لە مێژووی یاداشتەکانما
حەسرەتی ژیانم وەنووسم
***
حەسرەتی شەکوای قەڵەمێک
بۆ نان, لەپرسگەی جاشێ
ئەو جاشەی پێی دەگوت، کاکە
شەکواکەت بۆ ئێرە ناشێ !
حەسرەتی ئەو ئێوارانەی
منیان دەخستە گریانێ
تەمەن بە من پێدەکەنی و
دەیدامە چنگی زریانێ
پیریی گەنجیمی ڕاماڵی و
شکاندی قەڵەمی هەستم
چی خوادابووی ، لێی سەندمەوەو
گۆچانێکی دایە دەستم
گۆچان پێکیکی لە گەنجیم
فڕکرد لە کێکی تەمەندا
خامەیەکی خەڵەفاوی
کرد بە گیرفانی زەمەندا
***
گیرفانێکی بێ زرینگەی
بەتاڵی مات و گۆشەگیر
گیرفانێک لە خەندە خاڵیی و
لە هەڵوێستی قەڵەم زویر
ئەوگیرفانەی بە منداڵییش
لە کاڵای بەرم هەڵدەهات
چی لەو گیرفانە کەم ، دڵ و
کەسایەتی خامەم ببات ؟
لەوڕۆژەوەی گیرفان ، من و
شیعرمی لە بیرچۆتەوە
تەئریخ جوانترین قەڵەمی
بە گیرفانما کردۆتەوە
قەڵەمی گیرفان و کتێبی
بنهەنگڵی شاعیرێکی پیر
قەڵەمێک وەک چیا ژیا و
هیچ کورسییەک نەیکرد ئەسیر
قەڵەمی بیرو هەڵوێستی
نەتەوەیی و کوردستانی
ئەو قەڵەمەی تامرد نووسی :
شیعرو هەڵوێست ، کتێب و جوانی
ڕۆژی نووسین: #01-07-2024#
شوێن: #هەولێر# [1]