سیمای سەرنج و سووتووی سووتان
نووسەر: #حەمە ئەحمەد جاف#
لەسەرنجتا خۆر دەخنکێ و
ئەشکی چاوم دەخواتەوە
تەڵخی تەوێڵی ڕابردووی
(بێ تۆیی)تۆ دەشواتەوە
پێکی شەوانی بێ تۆیی
مەستی کردم بە بۆنی شەو
مەستی شەو ، پەیکی پەیامی
عیشقی گەیاندە ژوانی ئەو
بۆنی شەوژوانی ئەو تیری
قودرەتی دا لە جوانیی گوڵ
ئەوگوڵەی بووبه پەرچەمی
سەرسینەی نیشتیمانی دڵ
هەنگاو ، سەر پەنجەی سەرنجی
ڕێ، دەخاتە لەرەو تاسە
زەردەخەنە ، فرمێسکی شەو
دەخاتە بەربای هەناسە
لە واگۆنی میترۆی عومرا
لە وێستگەی ژین دابەزیوم
زیڕەی مەرگی نیشتیمانێک
پەنجەی حەسرەتی گەزیوم
شەڕو حەسرەتی سووتانی
نیشتمان کردمی بە سووتوو
ڕێژنەی ئازار ،نەیهێشت تاوێ
لەسێبەریا بدەم پشوو
پشووی سێبەرو شنەی شاخ
ساڕێژ ئەکا ئازارو ئێش
ئازاری ئەو گەلەی عیشقی
وڵات کردی بە خۆڵە مێش
مەملەکەتێ لە جنسی پیاو
ژنێک لە پەراسووی ئادەم
بوونی نیشتیمانی ئاوا ..
تاکەی خۆمی پێوە بادەم !؟
من لێرە بێکەس و نامۆم
ڕەنگی مەرگم لێ نیشتووە
دڵی زیزو بێدەنگیی تۆش
حەز و خۆزگەمی کوشتووە
حەزو خۆزگەی گۆچانێکی
پڕتەمەن وکوێرەوەری
پیرەگۆچانی ئەو عومرەی
لە واری پاییزدا وەری
وەرین، لە سینەی سوتاوی
پاییزی شیعرێکی مندا
پۆترێتی ژنێک دەکێشێ
لەتابلۆی ئەوینی وندا
ژنێک لە مەنفاو خەڵوەتی
نیشتیمانی ئارانەوە
گوڵاوی عەتر دەڕێژێ
بە سەرکوڵمی بارانەوە
جوانی ئەو ژنەی وەک باران
نم نم بەسەرما دادەکا
عیشقی سەوزی قەرسیل ئاسا
لە بەهاری من ڕادەکا
بەهاری من ، نیشتیمانی
قژڕەشماڵی ڕەنگاوڕەنگە
ڕەشماڵی ژنە ڕەوەندێکی
ئەسمەری ڕوو مانگی مەنگە
ئەو چەند وشەیەی ناتوانم
بیڵێم لەبەرامبەر ئەودا
بڵێسەی عیشق و سووتانە
لە حزووری مانگەشەودا
تەمموزی/2024
شوێن: #هەولێر# [1]