(تا)ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە (تا)ی کۆڕۆنا گەرمترە!
#کارۆخ خۆشناو#
-دوای (65) ڕۆژی دیکە، خەڵکی ئەمەریکا بۆ (59)مین جار لە مێژوودا، دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و کۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و (1/3) ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران.
-لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمەریکا (کۆماری و دیموکرات) کۆنگرەی نیشتمانی خۆیان بەست و بە شێوەیەکی فەرمی کاندیدەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ناوزەد کرد.
-چاوەڕەوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا (تا)ی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە (تا)ی پەتای کۆرۆنا گەرمتر بێت.
لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی ئەمەریکا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبێت لە وتاری نا عەقڵانی و تەخوینکردن و جوێن و قسەی نەشیاو، بەڵام جیاوازییەکەی لەوەدایە (تا)ی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا تەنیا پێش هەڵبژادن گەرم دەبێت و دواتر سارد دەبێتەوە و هەر کام لە بەربژێرەکان (ترەمپ یان بایدن) دەربچن، لە وتاری سەرکەوتندا دەڵێت هەڵبژاردن تەواو بوو، من سەرۆک و خزمەتکاری هەموو ئەمەریکییەکانم بە بێ جیاوازی (بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە) لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی دەستوور بۆی دیاریکردووم، ئەوپەڕی توانام دەخەمە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن.
=KTML_Bold=ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەند خەسڵەتێکی جیاوازی لە هەڵبژاردنەکانی پشووتر لە خۆگرتووە، لەوانە:=KTML_End=
1-یەکەمجارە ژنێکی ڕەشپێست (کاماڵا هاریس) وەک بەربژێر بۆ جێگری سەرۆک (جۆ بایدن) کاندید بکرێت.
2-ئەگەر بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا دەبێتە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکا، چونکە تەمەنی (78) ساڵە، هەروەها دەبێتە سەرۆکی ژمارە (46)ی ئەمەریکا.
3-بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆناوە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگدان بە (پۆستە) یەک لەسەر سێ کۆی ژمارەی دەنگدەران پێکبهێنێت.
(دۆناڵد ترەمپ) دژی ئەم شێوازەی دەنگدانەیە بە (پۆستە)، چونکە دەڵێت ساختەکاری تێدا دەکرێت، بەڵام ئەم شێوازەی دەنگدان بەدڵی (جۆ بایدن)ە و دەڵێت مافی هاووڵاتی ئەمریکییە کە بەهۆی کۆرۆناوە لە ماڵەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
4-لە مێژووی (220) ساڵەی (کۆشکی سپی)دا، یەکەمجارە پارتی کۆماری کە تەمەنی (156) ساڵە ئاهەنگی کۆنگرەی نیشتمانی پارتەکەیان ببەنە کۆشکی سپی.
5-ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردن بباتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکی بازرگان کە دوو خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ببداتەوە، چونکە ترەمپ کەمترین ئەزموون و زانیاری و سەروکاری هەبووە لەگەڵ سیاسەت بەگشتی و سیاسەتی دەرەوە بەتایبەتی.
6-ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردن بدۆڕێت ئەوا دەبێتە سێیەم سەرۆک کە لە (12) خولی هەڵبژاردنەکانی پێشودا نەیانتوانیووە لە خولی دووەمدا سەرکەوتن بەدەست بێهنن، چونکە لە (48) ساڵی ڕابردوودا تەنیا دوو سەرۆکی ئەمەریکا لە خولی دووەمدا دۆڕاون ئەوانیش (جیمی کارتەر و جۆرج بۆشی باوک)
چاوەڕواندەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا گەرمترین و سەیر و سەمەرەترین هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مێژووی ئەمەریکادا ئەنجام بدرێت، هەر لە ئێستاوە (تا)ی هەڵبژاردن زۆر گەرمترە لە (تا)ی کۆڕۆنا و هەر دوێنی لە کۆتا ڕۆژی کۆنگرەی نیشتمانی کۆماریەکان، ترەمپ وتی:
٭ ئەمەریکا لەو شەڕانە دەکێشینەوە کە هیچ کات کۆتایی نایەت.
٭ هەردوو گەورە تیرۆرستی جیهانی #سلێمانی# و بەغدایمان کوشت ئێستا جیهان ئارامترە.
٭ ئابوورییەکەمان دەگۆڕین لە (Made in china بۆ Made in USA)
٭ بایدن دەیەوێت ئابووری ئەمەریکا وێران بکات، ئێمە ئابوورییەکی مەزن درووست دەکەین و زیاتر باج کەم دەکەینەوە.
٭ داوا دەکەم تێستی ماددە هۆشبەرەکان بۆ خۆم و جۆ بایدن بکرێت پێش دیبەیتکردن لە مانگی تشرینی یەکەمدا.
چاوەڕوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا (ئەتمۆسفێرێکی بارگاوی) پڕ لە تیر و توانج بەرهەم بێت لەنێوان ترەمپ و بایدن و ئەندام و لایەنگرانی هەردوو پارتی سەرەکی ئەمەریکا (کۆمارییەکان و دیموکراتەکان). [1]