کورد لەنێوان (ترەمپ و بایدن)دا
#کارۆخ خۆشناو#
وڵاتانی جیهان (بەگشتی) چاویان بڕیوەتە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی (#03-11-2020#) ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکوو ئێستا ئەمەریکا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەختیش (چەق)ی داڕشتنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەتایبەتی) لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دایە، چونکە بە گۆڕانی سەرۆکی ئەمەریکا، چاوەڕواندەکرێت هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەدا بگۆڕێت لەنێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و ڕێککەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لە بەرانبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویۆرک تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئەمەریکا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر ئەردۆغان.
بەڵام لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی (ترەمپ و کۆمارییەکان) ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەکوو پێشتر ئێران پاشەکشە بکات، چونکە (ستراتیژیەتی ئەوپەڕی فشار) لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت، تاکوو ناچار بکرێت بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمەریکا واژوو بکات، لە بەرانبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا گەشە بکات، بەهۆی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی کە ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان هەیەتی.
جیاوازی نێوان ترەمپ و بایدن (کۆماری و دیموکراتەکان) بەرانبەر دۆزی کورد:
بەهۆی ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاستدا دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتدا، ناتوانین لەنێوان (ترەمپ و بایدن)دا بە دیاریکراوی بڵێین ئەم کاندیدە باشترە لەوەی دی، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی دیکەی کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندنی کوردانی ڕۆژهەڵاتە کە (ترەمپ) دووبارە هەڵبژێردرێتەوە چونکە (ترەمپ) دژی ئێرانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی باکوور نییە، چونکە (ترەمپ) هاوڕێی ئەردۆغانە، بەپێچەوانەشەوە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە (بایدن) دژی ئەردۆغانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی ڕۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت و ڕێککەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (ترەمپ) بەرانبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرانبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەویش چونکە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا (پێودانگ و سەنگی مەحەک) بوون لە هەموو هەڵوێستەکانیان نەک شتی دیکە. [1]