ناونیشانی بابەت: $تۆ بە کوردی جنێوم پێ بدە من بە ئامانجی خۆم گەیشتووم!$
نووسین: #ناسر فەتحی#
ناوەرۆک: وتاری زمانەوانی
ڕێکەوتی نووسین: #22-07-2024#
چەند ساڵ لەوەپێش کە لەسەر کوردی نووسین و کوردی پەتی قسەکردن، بەتوندی دەستم کرد بە ڕەخنەگرتن و هێشاندنی خەڵک، سەرەتا زۆرم پێ ناخۆش بوو کە کوردەکەی خۆمان بە جنێو و هەڕەشە و سووکایەتی بەرەوڕووم دەبوونەوە و پێیان دەوتم کە پەیوەندیی بە تۆوە نییە خەڵک چۆن قسە دەکات و بە چ زمانێک دەنووسێت. بەڵام دواتر بەرەبەرە کە لە ئاستی کارەساتباری زمانی کوردی قووڵ بوومەوە و باشتر بۆم دەرکەوت کە زمانی کوردی چ مەترسییەکی گەورەی شێوان و لەناوچوونی لەسەرە، ئیتر جنێو و سووکایەتیی خەڵکم بۆ گرنگ نەما و، ماوەیەکەیشە وام لێ هاتووە، دەڵێم تۆ بە کوردی جنێوم پێ بدە، من هیچم لێت ناوێت!
ئەوشتەی ئەو ماوەیە من پێی گەیشتووم، فارسەکان دەمێک ساڵە پێی گەیشتوون، ئەوان ئامادەن بە زمانی فارسی هەموو سووکایەتییەکیان پێ بکرێت، بەڵام بە زمانی کوردی یەک وشەش بە باڵای زمانی فارسیدا هەڵنەگوترێ!
ئەوان بەکارهێنانی زمانەکەیان بەلاوە گرنگە، نەک چۆنییەتی بەکارهێنانی زمانەکەیان و بۆچی بەکارهێنانی!
ئەوان لەخودایانە دوژمنەکانیان بە زمانی فارسی لەسەریان بنووسن، چوونکە ئاوا لەلایەک دەزانن کە دوژمنەکانیان چۆن لەبارەیاندا بیر دەکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە زمانەکەیان بەبەردەوامی کاری پێ دەکرێت و پاڵووپەستۆی لەسەر دەبێت و بەردەوام بانکی وشەی دەوڵەمەند دەبێت.
بهێننە بەرچاوی خۆتان هەموو فارس و تورک و عەرەب زمانی کوردییان زانیبوایە و بە زمانی کوردی بە دژی کورد نووسیبوایان و قسەیان کردبوایە، چ هەستێکمان دەبوو؟ بێگومان لەخۆشییان شاگەشکە دەبووین و، بەخۆمان دەگوت، ئەو سەگە پیسانە فێری زمانی ئێمە بوون و بە زمانی خۆمان پێمان دەوەڕن! لەوە خۆشتر!؟
دەی فارسەکان و تورکەکان و عەرەبەکانیش هەر وا بیر دەکەنەوە!
بۆیە ئەمڕۆ من وام لێ هاتووە دەڵێم، تۆ (جەدد و ئاباد)یشم بە کوردی بگێ، من لەسەر سەرت دادەنێم! بەڵام بە زمانی فارسی و تورکی عەرەبی خەڵاتیشم بکەی (جەدد و ئاباد)ت دەگێم!
[1]