برای نادیدە! یاری هاوزامم!
دووراودوور فەرەح دڵەی ناکامم
نەرگست سەرکز، دڕکی موغیلان
کوێستانت ملکەچ، توونکەی بیابان
بڵێ بە یاران گەنجی نیشتمانی
گەورە تا بچووک لە سولێمانی
کڵاشی باوک و دەرپێی باپیرت
بۆچی بە ناحەق وا چوو لە بیرت!؟
ئەو بۆ هەڵمەتی بۆ دەرپێ نەبرد!؟
تەقلەی گوروونی قەت لە سەر نەکرد!؟
فەزڵی گۆشت ماسی دا بە مل کەودا
«یالەیلی» ئەوت لە نیوەی شەودا
بە لۆقەی حوشتر، بە تۆپزی قیر
ئەسپ و خەنجەری تۆی هێنایە گیر
کاکە گیان بۆیە ئێمە بێ نوورین
هەرچەندە کوردین، زۆر لە یەک دوورین
ئاخ بۆ زەمانێ دەم لە ناو دەم بێ
دڵ بێ ترس و خۆف، دەروون بێ غەم بێ
دەس بگرین بە یەک، ئێمە و گشت یاران
سەیری کوێستان کەین لە سەر دیاران
بچین بۆ مەیدان، بۆ سەیری لاوان
بە پاش وەرگەڕێ ڕەسمی سەربازان
ڕیزی سوپامان مەرهەم بێت بۆ چاو
یاخۆ شەراب بێت بۆ جەرگی بڕاو
گرمە ڕاست و چەپ بە سەرباز گوتن
دەنگی یاسین بێ بۆ ڕۆحی دوژمن
ورشەی فیشەکلغ، بریکەی خەنجەر
ڕیشەی بەدنیهاد دەربێنێتە دەر
ڕیشەی بەنگفرۆش لە بێخ دەربێنین
حەقی ئەیلوولمان وەک شێر بسێنین
بۆ خۆشی ئەوسا مسافرەت کەین
بوێرین سەربەست ناوی خۆمان بەین
سروود بخوێنین بە ئاڵای کوردا
خەفەت نەمێنێ لە گەورە و وردا
پاش ئەمە مردن زۆر خۆشە لەلام
«أڵاْمَرُ مِنْکُمْ»، باقی وەسسەلام
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #سروەی بەربەیان# [1]