بۆ #یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان#
ئەی کۆمەڵی کوردانە! سەرم بێ بە فیداتان
سەد قەیسەر و دارا بە فیدای شاﮪ و گەداتان
دەس بگرن بە یەک، ڕوو کەنە دەرباری خوداتان
بۆچ مات و کزە شۆڕش و غەوغا و سەداتان؟
هەی من بە فیدای هەڵمەتی مەیدانی هەراتان
ئەم فرسەتە ئاخر نەفەسی کوردی هەژارە
گەر بێتو بفەوتێ چ بڵێم، چۆنە دیارە!
سووتاندنی دێهات و پەرێشانیی شارە
گوێ بگرە، چ گریان و چ فریاد و چ زارە!
وەک لەشکری تورکانە لەگەڵ کوردی براتان
تێکۆشە بە خوێنگەرمی، هەتا ماوە حەیاتت
نەشکێنی لەبەر ترسی عەدوو، عەزم و سوباتت
خۆت کە بە فیدای کێو و کەژ و خاک و وڵاتت
شێرانە لە دڵ بگرە هەوای ڕۆژی نەجاتت
خۆتان ببنە خاوەنی هەیوان و سەراتان
ئەم ژینە چ ژینێکە، ئەسیری ئەو و ئەم بی
ڕۆژ ڕەنجبەری بێ مایە، بە شەو گێژی ... بی
هاوسەرکەمی یاران و کز و مات و بەغەم بی
دنیا بگەڕێی، تۆ لە هەموو کەمترێ کەم بی
دەک ڕەببی نەژیم، سەیری بکەم ژینی وەهاتان!
ئێوە کە کوڕی کوردی وەکوو بازی نزارن
بۆ کوشتنی بێگانە وەکوو شێری شکارن
بۆ بەزمی فیداکاری لە ناو گێتی دیارن
زۆر حەیفە کە وا ئێستە هەموو سەرکز و خوارن
دەستی من و داوێنی هەموو شێخ و مەلاتان
ئەی عێلی جەلالی، بگرە دەستی شکاکت
بەرزانی، بە ئەو غیرەتە و تینەتی پاکت
زەرزا، وەرە بنواڕە لەبۆ بێکەسیی خاکت
بانە بگرە هەرکی و بەگزادەیی چاکت
ڕزگاری بکەن شاخ و دەر و دەشت و چیاتان
قانع! من و تۆیش چاکە کە هەر ڕوو لە خوا بین
بۆ فەتح و زەفەر ڕانەوەسین، دەس بە دوعا بین
بۆ کۆمەڵی لاوان قەزاگێڕی قەزا بین
هەر وەک مەڕی قوربانی لە مەیدانی فیدا بین
تا شوێنی نەمێنێ لە جیهان جەور و جەفاتان
ڕۆژنامە کوردستان ژمارە 71 ڕۆژی 6ی گەلاوێژی ساڵی 1946
(#1946-05-06#)
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #سروەی بەربەیان# [1]