تۆ کە نۆماڵی، بزانە خەرجی ماڵت چۆن ئەکەی
دەستەڵاتت نانی وشکە، بۆچی مەیلی ڕۆن ئەکەی!؟
ڕۆژێ دەخڵت یەک قەرانە و خەرجەکەت یەک ڕوپیەیە
تێبفکری بۆچی ئیشی بێ سەر و بێ شۆن ئەکەی!؟
فۆتۆگرافی دامەی بالۆر کە لۆرکت بۆ نەکا
کاکی خۆم بۆ ئارەزووی ڕادیۆ و گرامافۆن ئەکەی!؟
یا کە تۆ نەتخوێندووە و عالم بە هیچ ئیشێک نەبووی
بۆچی باسی کیمیا و گازەکەی کاربۆن ئەکەی!؟
تۆ بەڕەکۆنت نییە دایخەی لە ژێر خێزانەکەت
بۆچی سەڵتەی ئاڵ و شین و یا کەوای فاسۆن ئەکەی!؟
کاکی کوردم! بۆ لیباسی چڵکن و بەرگی دڕاو
هێندە بێ مەغزی کە سەودای شووشە عەتری بۆن ئەکەی
تۆش وەکوو قانع لە ژێر باری گەدایی لار بوویت
بۆچی خەرجی کاپیتان و ژینی مێجەرسۆن ئەکەی!؟
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #سروەی بەربەیان# [1]