هەر کەسێک شاهی پەرست، بۆ ئاخری ڕیسوا دەبێ
دائیم و دەرهەم خەریکی مەخمەسە و غەوغا دەبێ
شاهیدی ئەم ئیددیعامە، هەر لە شادا دیارییە
عەدڵی شاهی پەهلەوی کەی هەر وەکوو کیسرا دەبێ!؟
خەرمەن و مەحسوولی کێوی بێستوون هەر ناڵە بوو
هەرکە تووی مەجنوون بکێڵێ، فیرقەتی لەیلا دەبێ
نەفسەکەت شەهوەتپەرستە، بێتو گوێچکەی لێ گری
ئیش و کارت ئۆف لە چاوی سەلمە و عوزرا دەبێ
تیاتڕۆیە نەفس، بازی پارە بۆچ بەربا ئەدەی!؟
تیاتڕۆ هەرکەس بچێ تیایا تڕۆ و ڕیسوا دەبێ
ماڵەپیتێنی مناڵە شەرت و بەینی عاشقان
پیاوی عاقڵ چۆن بە کاری هیچ و پووچ شەیدا دەبێ
حورمەتم نازانن ئێوە ئەی کوڕانی کوردسان
پاشی مەرگی «قانعی» کەی قانعێ پەیدا دەبێ!؟
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #سروەی بەربەیان# [1]