نامەیەک بۆ جەنابی #شێخ عوسمانی بیارە#
پەرێشانیی دڵم ئەمڕۆ بە هیوای لوتفی عوسمانە
کە خاکی مەقدەمی بێ شک، دەوای دەردی دڵ و گیانە
ئەگەرچی هەر دیار نیم و بە چەشنی زەڕڕە ناپەیدام
بەڵام دەرکەوتنم قوربان بە شوعلەی شەمسی تابانە
چ خۆشە هەڵترووشکانێ لە بەر قاپیی مورادی تۆ
بە شەرتێ تۆش بڵێی یاران ئەوە یارۆی مەریوانە
مەلا نازی بە عیلمە؛ سۆفی، فەخری ویرد و ئەورادە
منیش ئوممێدی دارەینم لەلای تۆ لوتفی جارانە
مەفەرموو بۆ نەهات، ئەڵبەت نەماوە شۆر و ئیخلاسی
بزانە مانیعم پیری و خەتای سەرما و بارانە
لە بیرم دێ کە ئیمزام «قانع العثمانی» دانابوو
بڵێم چی ئێستە بەدبەختم، ئەڵێن مونکیر بە شێخانە
بە چاوی باتینی بڕوانە قوربان بۆ دەروونی من
ئەزانی قانعم مەحکەم لە سەر ئەو شەرت و پەیمانە
وەڵامی شێخ عوسمانی بیارە بۆ قانع
قانع لە حەشاری کەوکوشتنا کە «کۆڵیت»یشی پێ دەڵێن بە پارچە هەڵبەستێک نامەیەک بۆ شێخ عوسمان ئەنووسێت، ئەم شێعرانەی خوارەوە وەڵامی ئەو نامەیەی قانعە.
هۆشیاری حەشاری خیرەدی دەرکی نەچیران
سەییادی کەوی زیرەکی مورغانی سبەینان
چەند خۆشە سبەینانە کە گوێ دەگری لە دەنگی
نەززارە دەکەی خاڵی مل و لەنجەیی جەیران
ئەو کاتە کە پێکات بە پەیکانی خەدەنگ
یاڕەب نەشکێ پەنجەیی سەرماشەیی شێران
بیکە بە کەبابی فڕنی کورەیی سینە
سینەم کە شەرارەی کوورەیە و لەهبەتی نیران
ئانێ کە چزەی دێت و پڕوزەی سەری سیخی
شێخێ، بەنەزەر بێنە پڕوزەی دڵی بریان
چون شوبهەتی کزەی جەرگی منە زوو بکە یادم
یاڕەببی هەموو سەیدی تۆ بێ تەیری مەریوان
پۆل پۆلی کەو و قاز و قوڵنگ، سۆنە و کۆتر
گیرۆدەیی دەم داوی تۆ بێ کێوی شەمێران
هەرچەندە کە نەینێری بەشی من نیوەیی ڕانی
هەر بەو خەبەرە قانعە دڵ، مەیلی بە سەیران
چ بکەم لە دڵ و تالیعی کەچڕەوتی زەمانە
من مامەوە کەمبەخت وەکوو خانی «سپێران»
موخلیسی قوبووڵنەکراو: #قانع#
دیوان: #سروەی بەربەیان# [1]