میری میرانت بنووسم یاخۆ میری میرە جاف
خاوەنی گورز و ڕم و هەم خاوەنی تێغ و تەناف
هێندە ئامادەن عەزیزم بۆ قڕانی ئەجنەبی
گەنجەکان قەت بەو میسالە ناچنە جێگەی زوفاف
دیوەخان و مەسنەدی عالی لە وانۆ کەوتە ناو
چەندە خۆشە سەف دەبەستن ڕۆژی هەیهات و مەساف
کێ کوڕی کێ بوون براکەم، پشت بە پشت تا ئیستەکە
بەم بەیاناتە عەزیزم تۆش بفەرموو ئیعتیراف
هەر بە خۆیان خۆش ئەکەوت دەسڕۆیین و چاکە و سیلاح
کێ بوو جەرگی بەرگە بگرێ هەر لە ئێرە تا بە قاف
ئینقیرازی ئالی عوسمان، ئالی عوسمان بوو یەقین
یەک بە حەپسی بێ خەیانەت، یەک بە قەتڵی بێ خیلاف
قانعا داخی گرانم کاتێ بێدەس مانەوە
بوون بە کۆمەک حاجیان و بوونە ئەهلی ئیعتیکاف
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #سروەی بەربەیان# [1]