کەرەی مانگا دۆی بزن و ماستی مەڕ
کەرە، چەوری شیرە و بەرهەمەکانییەتی، دوای هەژاندنی ماست و ئاو لەناو مەشکەدا، ئەو چەورییەی کە لێی دەگیرێت کەرەی پێ دەوترێت: کەرەی ماستی مانگا بە بەراوردی ئاژەڵی بچووکی وەکوو مەڕ چەورییەکەی کەمترە و ڕەنگێکی زەردباوی جوانیشی هەیه، بەهۆی کەمی چەورییەکەیەوە کەڵکی زۆرترە بۆ مرۆڤ و زیانی کەمترە، دۆ: ئەو ماستاوەی کە لە مەشکەدا دەهەژێنرێت دوای چەوری گرتن و کەرەکەی ئەوەی دەمێنێتەوە ئاوێکی ڕەنگ سپی ترشە پێی دەوترێت: دۆ، تا ترشتر بێت وەکوو سرکە زیاتر مرۆڤ عەوداڵی دەبێت و چاکتریشە و کەمترین چەوری تێدایە، ماستی مەڕیش چەورە و پڕ سەرتوێژ دەبێت و بۆ ژەمە خۆراکی نان و ماست تام و چێژێکی تایبەتیی هەیە و لە هەردوو جۆری ماستی مانگا و بزن خۆشترە، شوانکارە و گاوانی کوردەواری لە ئەزموونی خۆیاندا بۆیان دەرکەوتووە بۆ باشی لە کەرە کەرەی مانگایە و لە دۆ دۆی بزنە و لە ماستیش ماستی مەڕە، ئەو دەقە ئیدیۆمەی لێ پێکهاتووە: کەرەی مانگا، دۆی بزن، ماستی مەڕ. [1]