ناونیشانی پەرتووک: شاعیر وشەناسی شتناسە ( تیۆری کردە قسە و سیمیۆلۆژیا )
ناوی نووسەر: #غازی حەسەن#
شوێنی چاپ: ئەمەریکا
چاپخانە: چاپی ئەلەکترۆنی و مافی چاپکردنەوەی بۆ نووسەر پارێزراوە
ساڵی چاپ: 2024
تێبینی گشتی لە جیاتی پێشەکی:
یەکەم: هیچ مەرج نییە ئەو نموونە شیعرییەی لە شاعیرێک بۆ ئەم لێکۆڵینەوە وەرگیراوە، گشتاندن بێت بەسەر تەواوی ئەزموونە شیعرەکانی هەمان شاعیر، ڕەنگە لەم دەقە شیعرییە لەبەکارهێنانی وشەدا وەکوو پیرەوشەیەک گۆپاڵی دەستدابێتێ، ڕەنگە وەکوو گەنجێکی خورتیش بەرەو بەرزترین لوتکەی بێ وەستان بچێت.
دووەم: ئەم لێکۆڵینەوەی ئێمە ڕەخنە و پلار و نزمکردنەوەی ئاست و ئەزموون و تێگەیشتن و توانا و نێوبانگی هیچ شاعیرێک نییە، وەکوو مەبەستیشمان پێداهەڵدان و بەرزکردنەوەی هیچ کەسێکیش نییە. ئێمە لە ڕوانگەی بەزانستی تێڕوانین و خوێندنەوەی زمان و بەتایبەتیی بەکارهێنانی زمان/ وشە بەپشتبەستن بە تیۆری کردە قسەی جۆن ئۆستنە، کە بەشیاوم زانیوە لەم بەکارهێنانی زمانە لەنێو دەقە شیعرییەکان دەتوانین شیکاری هەندێک بواری زمانەوانی و بەکارهێنانی بکەین، نەک خودی کەسایەتی شاعیر، چونکە پێم وایە بەکارهێنانی زمان لەخودی زمانەکە گرنگترە لە بەرهەمهێنانی وتاری دەق. لەتەک ئەوەشدا سەرنج لە شتەکانی نێو دەقەکە و شتەکانی نێو وشەکان دەدەین.
سێیەم: هیچ شیعرێک، یان شاعیرێکم بە بڕیار و بۆچوونێکی پێشوەختە و بە مەبەستی دیاریکراو هەڵنەبژاردووە، لەئەنجامی خوێندنەوەی ڕۆژانە، لە فەیس بووک و ماڵپەڕە ئەلەکترۆنییەکان بەڕێککەوت ئەم دەقە شیعریانەم خوێندۆتەوە و وەرمگرتوون. من باسی شێواز و تەکنیکی نووسینی شیعرەکان ناکەم، چونکە هەندێکیان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، شیعر لە کارگە دروست ناکرێت (هەست و نەستە، وەستاکارییە بە وشە و وێنای زهنی) ئەمەش کارێکی زێدە قورسە. لەتەک (فۆرمەکە)، (نێوەڕۆک و مانا و مەبەست و پەیام و وتار)ی هەیە، هاوسەنگ و پێکهێنەر و خوێن و پیستەن بۆ یەکتر.
چوارەم: هەندێک شیعریان وەکوو هەڵوێست نووسیوە، گوێیان بە هونەری نووسینی شیعر نەداوە، ئەمەش وای کردووە لە بەکارهێنانی وشە و شتەکاندا هیچ شارەزایی و ماناسازیی و قووڵبوونەوەیەک بەکارنەهێنن. واتە ئەگەر شیعریشیان نووسیبێت شیعرەکانیان هونەریی نین، قسە ڕێزکردنن، لەتک نووسینەوەی هەستەکانی خۆیان.
خشتەی بەکارهێنانی دەقی شاعیرەکان:
ئەو شاعیرانەی هەر بەڕێککەوت لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆژانە لەم ماوەیەدا، لە کاتی بیرکردنەوە لە نووسینی ئەم بابەتە کەوتنە نێو سێرەی تێڕوانین و لێکدانەوەم و بێ مەبەست و بڕیاری پێشوەختە لەم شیکردنەوە زمانەوانییە سوودم لێوەرگرتوون، ئەگەر نا شاعیری دیکەی بەتوانا و خاوەن ئەزموون کارا لە بەکارهێنانی وشە هەن. دوور نییە ئەگەر دەرفەت و مژولی ژیانی ڕۆژانە دەرفەتم بدەن، لەبەشێکی دیکە شاعیری دیکە بەسەر بکەمەوە.
شاعیرەکان کە ژمارەیان (38)ە ئەمانەن:
نالی، حاجی قادری کۆیی، شێخ ڕەزا، فایق بێکەس، مەحوی، هێمن.
#فەرهاد شاکەلی# ، #لەتیف هەڵمەت# ، #جەلال بەرزنجی# ، عەبدوڵڵا پەشێو ، #ئیسماعیل بەرزنجی# ، دڵشاد عەبدوڵڵا ، قوباد جەلی زادە ، #موحسین ئاوارە# و #جەلال مەلەکشا# ، فەرهاد کەریم، هەژار عوسمان، #زانا خەلیل# ، ڕەسوڵ سوڵتانی، ڕۆژ هەڵەبجەیی، #ئەنوەر مەسیفی# ، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا ، #ستیڤان شەمزینی# ، حەمە عەباس، خالید شەیدا، ڕەزا حەمە ، قاسم شێروانی،#نوری بێخاڵی# ، هۆشەنگ شیخ محەمەد، زێنەب یوسفی ، #حەمەسەعید حەسەن# ، دلاوەر قەرەداغی، #بێکەس حەمە قادر# ، عیسا حوسین، ستار ئەحمەد، بەشدار سامی، ئارام ساڵح، ساڵح بێچار.[1]