سینا سۆما
#کنیازێ حەمید# ، سیاسەتڤان و پەڕڵەمانتاری کورد لە پەڕڵەمانی ئەرمینیا بە ڕووداوی ڕایگەیاند، کورد لە ئەرمینیا بە فەرمی بە دوو ناسنامەی جیاواز تۆمارکراون، بەشێکیان وەکوو کورد و بەشێکیان وەکوو ئێزدی. دەشڵێت، بە فەرمی 33 هەزار کەس بەو دوو ناسنامەیە لە ئەرمینیا تۆمارکراون.
کنیازێ حەمید، پەڕڵەمانتاری کورد لە پەڕڵەمانی ئەرمینیا لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە دۆخی کورد بە گشتی و کوردە ئێزدییەکان بەتایبەتیی وەڵامی پرسیارەکانی غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداوی دایەوە.
ژمارەی کورد لە ئەرمینیا
کنیازێ حەمید ڕایگەیاند، کورد لە ئەرمینیا بە فەرمی بە دوو ناسنامەی جیاواز تۆمارکراون، بەشێکیان وەکوو کورد و بەشێکیان وەکوو ئێزدی.
سەبارەت بە ژمارەی کورد لە ئەرمینیاش، کنیازێ حەمید وتی، 31 هەزار کەس لە ئەرمینیا وەکوو ئێزدی و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش وەکوو کورد تۆمار کراون.
22 گوندی کوردنشین لە ئەرمینیا هەن
سیاسەتڤانی کورد و ئەندامی پەڕڵەمانی ئەرمینیا ڕوونیکردەوە، لە ئەرمینیا 22 گوندی کوردنشین هەن و ژمارەیەکی زۆری کوردیش لە شارەکان دەژین.
وتیشی، سەڕەرای ئەوەی دانیشتووانی کوردی ئەرمینیا لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بە دوو ناسنامەی جیاواز تومارکراون، بەڵام لە زمان، نەتەوە، ڕۆشنبیری، کولتوور، میوزیک، گۆرانی و هەموو شتی دیکەدا هاوبەشن.
ئاماژە بەوە دەکات، ئەرمەنییەکانیش دەزانن ئەو کەسانەی پێیان دەڵێن ئێزدی، کوردن و ئەم بابەتە ڕوون و ئاشکرایە و پێویست بە باسکردنیشی ناکات.
دەشڵێت، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەر کەس ئازادە ناسنامەکەی هەڵبژێرێت و خۆی لەسەر کام پێکهاتە تۆمار بکات، ئەوەی پێی باشە خۆی وەکوو ئێزدی بناسێنێت، با وابکات ئەمە کێشە نییە. هەندێک کەس دەڵێن ئایینمان ئێزدییە، ئێمە گەلێکی جیاوازین، با بڵێن. کەس ناتوانێت ئەمە قەدەخە بکات و بڵێت خۆت بەم جۆرە پێناسە بکە. لە هەموو تەمەنمدا لەنێو خەڵکی ئێزدی و کورد ژیاوم، تا ئێستا هیچ کەس بە منی نەگوتووە تو کوردی یان ئێزدی؟ یان ناسنامەکەت چییە؟ لەنێو ئێمەدا شتی وەها نییە. هەندێک جار ئەرمەنییەکان لێم دەپرسن تو کوردیت یان ئێزدی؟ من پێیان دەڵێم، من هەم ئێزدیم هەم کوردم، چونکە شانازی بە هەردووکیان دەکەم.
کنیازێ حەمید هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی هۆشیار بێت دەزانێت، گەل و نەتەوە لەسەر بنەمای زمانە نەک ئایین.
مافی کورد لە ئەرمینیا
سەبارەت بە مافی کورد لە ئەرمینیا، کنیازێ حەمید دەڵێت: لە یاساکانی ئەرمینیا دا مافەکانی نەتەوە و پێکهاتەکان پارێزراوە. حکومەتی ئێستاش کاری جیدی بۆ پێکهاتەکان دەکات بۆ ئەوەی چالاکییە کولتوورییەکانیان بکەن. هەروەها لەو ناوچە و گوندانەی ژمارەیەکی بەرچاوی کورد دەژین، مافیان هەیە لە قوتابخانەکان لە هەفتەیەکدا 3-4 وانەی زمان و وێژەی کوردی بخوێنن.
دەشڵێت، لە ئەرمینیا دیموکراسی هەیە و حکومەتی ئەرمینیا هەوڵ دەدات زمان و کولتووری پێکهاتەکان بپارێزێت، بۆیە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی دەوروبەر، کورد لە ئەرمینیا تووشی تواندنەوە نەبووە.
کنیازێ حەمید دەڵێت: پەڕڵەمانی ئەرمینیا بڕیاریداوە ڕۆژێکی تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت و حکومەتیش کار بۆ ئەوە دەکات کە سەرجەم پێکهاتەکان لەو ڕۆژەدا چالاکییە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئاماژەشی بەوە کرد، لە حکومەتی ئێستای نیکۆل پاشینیان دا (سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئەرمینیا) دەستەیەکی ڕاوێژکاری دامەزراوە، کە لە هەر نەتەوە یان پێکهاتەیەک دوو کەس تێدا ئەندامن و یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا سەرۆکایەتی دەستەکە دەکات. ئەندامانی دەستەکە مافیان هەیە لەنێوان سێ بۆ چوار وەزیری حکومەت دەستنیشان بکەن، وەکوو وەزیری پەروەردە و وەزیری مافی مرۆڤ.
ڕادیۆی کوردیی یەریڤان
پەڕڵەمانتاری کورد لە پەڕڵەمانی ئەرمینیا باسی ڕۆڵی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕادیۆیە ببووە دەنگی هەموو کورد لەر هەر چوار پارچەی کوردستان و لە کوردستان و لە سەرانسەری جیهانیشدا گوێگری هەبوو.
کنیازێ حەمید باسی سەردانی عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی پێشووتری گەورە شارەوانیی ئامەد بۆ ئەرمینیا دەکات و دەڵێت: بایدەمیر دوای ئەوەی گەیشتە ئەرمینیا و پێشوازیمان لێکرد، داوای کرد یەکسەر بیبەین بۆ ڕادیۆی کوردیی ئەرمینیا. لەوێ بایدەمیر وتی، من قەرزداری دوو شتم، یەکەم ڕادیۆی یەریڤان و دووەم دایکم. لەبەر ئەوەی دایکم منی هێناوەتە دۆنیا و منی فێری زمانی کوردی کردووە. ڕادیۆی یەریڤانیش لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە، گوێبیستی زمانەکەمان بووین و لەبیرمان نەکردووە، هەروەها گوێبیستی گۆرانییەکانی خۆمان بووین.
دەشڵێت، ڕادیۆی یەریڤان ببووە ناوەندێکی کولتووری بۆ هەموو کورد. هەروەها ئەرمینیا ناوەندێکی گەورە بووە بۆ کوردانی ئەرمینیا و هەموو ناوچەکە.
کنیازێ حەمید لە 17-01-1945 لە گوندێکی کوردنشین لە ئەرمینیا بە ناوی دەڤەخەرابەیێ لەدایکبووە. گوندەکە سەربە شارەدێی ئابۆڤیانە لە پارێزگای کۆتایک و دەکەوێتە 16 کیلۆمەتەری باکووری ڕۆژهەڵاتی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا.
کنیازێ حەمید، سیاسەتڤانی کورد، ئەندامی پەڕڵەمانی ئەرمینیا و سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردانی ئەرمینیایە.
ئامادەکردن: سینا سۆما و غەریب مەجید[1]