ژنی کورد لەگەمەی ڕێکخراوەکانی ژناندا
ئامادەکردنی: #لانە عەزیز حەمە#
ڕێکخراوەکانی ژنان تەنیا پردی پەڕینەوەبوون بۆ هەموو ئەو کارە نائینسانیانەی بەرانبەر بە ژن دەکرێت. ئەوان داوای ئازادی بۆ ژن دەکەن بەڵام ناتوانن بیانپارێزن. لەجەلادەکانی کۆمەڵگە.
گەر بە مێژوی گەلاندا بچینەوە و ئاوڕێک لە ڕابوردوو بدەینەوە جەنجاڵترین و (سەفسەتە)ترینی بابەت کە مشتومڕی لەسەر کراوە و تا ئەمڕۆکەش بەردەوامی هەیە، مافی ژنانە. ژن لە مێژوودا دووەم کارەکتەری وەرچەرخانی ڕووداوو و پێشهاتەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی بووە، هەر ئەمەش وای کردووە بابەتی فیمینستی ببێتە بابەتێکی هەستیار و جێی قسە و باس لە ناوەندە جیهانییەکاندا.
تا ڕادەیەکی باش ژنان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ماف و ئیمتیازاتیان بەدەست هێناوە و گەشتونەتە جۆرێک لە ئاستی یەکسانی، بەو پێیەی دەبنە سەرۆک و ئەندام پەڕڵەمان و بەڕێوەبەر یان خاوەن کۆمپانیا و دامەزراوە و ئابووری سەربەخۆی خۆیان، بەڵام گەر چاوێک بە ڕەوشی ژنی کورددا بخشێنین دەبینین کە تا ئێستاش بابەتی زەعیفەیی و خەتەنەکردن و پلەدوویی برەو و مەودای خۆی هەیە، هەرچەند کە چەندین ڕێکخراو و ناوەند هەیە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان، بەڵام دیسان ئەمانە ڕێژەیەکی کەمە و چونکە پاشکۆی ڕێکخراوی حزبیشن نەیانتوانیوە وەکوو پێویست داکۆکی لە مافی ژنی کورد بکەن و ڕایان کێشنە ناوەندە زانستی و سیاسییەکان، هەندێک هەوڵدراوە لەنێو دەسەڵاتی کوردیدا و بە یاساش کراوە بەڵام ئەوەندە بۆ ماف و ئازادی ژن و ئازادی پۆشین و ئازادی بەشداریکردن لە پڕۆسە سیاسییەکاندا بەس نییە .
بە ڕای من پێویستە پێداچونەوەی بنچینەیی بە هەموو ئەو کاروو چالاکی و پڕۆسە فیمینیستیانەدا بکرێتەوە و سەرلەنوێ سیاقێکی بناغەپتەو بە ئەرک و مافی ژنی کوردا بچێتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە، کە تا ئێستاش بۆچی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژن دەکوژرێت؟
بۆچی تا ئێستاش لە بەشێکی ناوچەکانی کوردستاندا خەتەنەی مێینە هەر برەوی هەیە؟
دیاردەی فرەژنی تا دێ زیاتر دەبێت؟
ئێمە تەنیا ناتوانین ئەمانە لە ئەستۆی نێرینەی کورددا دابنێین، بەشێک لەو مەرگەساتی و دیاردە دزێوانەی ژنکوشتن و خەتەنەکردن و فرەژنی دەگەڕێتەوە بۆ بێتوانایی و نائاگایی ژن خۆی، جگە لەوەی کە ئایین بۆ جەخت کردنەوە لەم بابەتانە و مانەوەی شوێنەواریان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە و کارگێڕی سەرەکی دابوونەریتی کوردی پێک دەهێنێت.
ژن هەمیشە قوربانی بووە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆیە تا ئێستا لە بەرانبەر ئەرکەکانیدا نەیتوانیوە بەشێکی کەمی مافەکانی بە دەست بهێنێت. وابەستە بەو کلتوورە ئایینییەوە و فشاری تۆقاندنی لایەنە ئیسلامییەکان لەسەر ژنان و بەحیجابکردنیان و هێشتنەوەیان لە ماڵەوە و دابڕینیان لە کاری سەربەخۆی خۆیان و بەناوی پاراستنی شەرەف و ناموسەوە، گەورەترین تراژیدیای لە بەرانبەر مافی ژندا خولقاندووە.
شکاندنی ئەو تەوق و کۆت و بەندە ئایینییە لەسەر هزر و فکری ژنی کورد و کارێکی ئاسان نییە، بۆیە ژنی کورد دیسانەوە دەبێت سەرلەنوێ ڕێگای ئازادی بگرێتەبەر. [1]