باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی دەڵێت: داعش هێزێکی تۆقێنەر بوو کە بووە هۆی کاولکاری و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر کە ئێستایش دوای 10 ساڵ هەر ئاوارەن. ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان و کەمینە ئایینییەکانی دیکەی نێو ئێراق، دادپەروەری بەدینەهاتووە.
بێس ڤان سکاک، باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکدا کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی ڕووداو لەگەڵی ئەنجامدا، وتی، زیاتر لە 200 #گۆڕی بەکۆمەڵ# لە ئێراقدا دیاری کراون؛ یونیتاد توانیویەتی 60 دانەیان هەڵبداتەوە و کاریان لەسەر بکات.
باڵیۆزی باڵای ئەمریکا بۆ دادپەروەری لە تاوانی نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد، کەیسی ئێزدییەکان لە دادگاکانی ئێراقدا بەپێی ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان و لە دادگەیەکی دادپەروەرانەی پارێزراودا دەچنە پێشەوە.
ڕووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز ڤان سکاک کە لە ڕووداویت.
باڵیۆز ڤان سکاک: زۆر سوپاس.
ڕووداو: با لەمە دەستپێبکەین، 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دا تێپەڕیوە، هێشتا ئێزدییەکان دەڵێن، دادپەروەری بەدینەهاتووە، ئەمریکا لەو 10 ساڵەدا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان چی کردووە؟
ڤان سکاک: ئەوە ڕاستە کە بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان و کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی دیکەی نێو ئێراق دادپەروەری بەدینەهاتووە. داعش هێزێکی تۆقێنەر بوو، بووە هۆی کاولکاری و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر، ئێستایش دوای 10 ساڵ هەر ئاوارەن. ئێمە هەوڵمان داوە بە چەندین ڕێگە کەیسی دادپەروەری ببەینە پێشەوە. ئێمە لە یونیتاددا وەبەرهێنانمان کردووە کە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی داعش. پارەمان بۆ ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی شارستانی دابین کردووە، کە لەگەڵ کۆمەڵگە زیانبارەکاندا کار دەکەن تاوەکوو یارمەتییان بدەن بکەونەوە سەر پێیەکانیان. هاوکاریی مرۆییمان دابین کردووە و لەگەڵ حکومەتی ئێراقدا کارمان کردووە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین و هانیان بدەین هەندێک بەرپرسیارییەتیی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هاووڵاتییانیان بگرنە ئەستۆ؛ بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێم کە گوتت کاری زۆر ماون بکرێن.
ڕووداو: ئەمە ئەوە بوو کە لە 10 ساڵی ڕابردوو کردووتانە، ئەی ئەمریکا لە داهاتوودا چی دەکات بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ کوردانی ئێزدی دابین بکات؟
ڤان سکاک: یونیتاد لە 17ی ئەیلوولدا دەرگاکانی دادەخات کە بەشێکی لەبەر داوای حکومەتی ئێراقە. ئێستا زۆر سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە ئەو کاراییانە بگوازینەوە بۆ حکومەتی ئێراق و بەردەوام بێت لە توانای بوونیاتنانی ئەوەی یونیتاد خەریک بوو لەگەڵ حکومەتدا دەیکرد. هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا تیمێک درووست بکەن تا بتوانێت هەندێک کارایی لە ئەستۆ بگرێت. دەبێت چالاکییەکان بەردەوام بن. هەروەها پشتیووانیی لە لێکۆڵینەوەکانی وڵاتی سێیەم بکرێت. زیاتر لە 200 داواکاری زانیاری بۆ یونیتاد هاتووە و من لەگەڵ ئەو داواکارە گشتی و لێکۆڵەرانەی سەرانسەری دنیادا قسەم کردووە و هەموویان باس لەوە دەکەن کە یونیتاد چەندە گرنگ بووە کە نەک تەنیا بەڵگەی بەهێزی دابین کردووە، بەڵکوو بۆ وردکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی زنجیرەی بڕیارەکان و فەرمانی جەنگەوە گرنگ بووە. ئەوە ژمارە یەکە. ژمارە دوو دڵنیایی دەدات کە هەڵدانەوەی گۆڕەکان بەردەوام دەبن. زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ لە ئێراقدا دیاری کراون. یونیتاد توانیویەتی 60 دانەیان هەڵبداتەوە و کاریان لەسەر بکات. بۆیە هێشتا کاری زۆر هەیە بکرێت. هەندێک توانای بوونیاتنان لەگەڵ حکومەتی ئێراق و بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی یاساییدا کاریان لەسەر کراوە تا بتوانرێت باشترین کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکرێت بە جۆرێک سەرنج لەسەر قوربانییەک بێت و بەرپرسیارییەتی بەرەو پێش بدات. بەڵام پێویستە ئەو کارە بەردەوام بێت. ئێمە کۆمەڵێک لێدوانی قوربانیانمان هەن کە لەژێر فۆرمی جۆراوجۆری ڕەزامەندیی ئاگایانەدا دراون و نیگەرانیی ڕاستەقینە هەیە لەسەر ئەوەی ئەو شتانە بە حکومەتی ئێراق بدرێن. بۆیە دەبێت ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە کە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕزگاربووانە و پشتڕاستی بکەینەوە کە ئەوان دەیانەوێت زانیارییەکانیان بە حکومەتی ئێراق بدرێت. ئەگەر نەیانەوێت، دەبێت بپارێزرێن.
ڕووداو: باست لە پرسی یونیتاد کرد، خۆشت یونیاد لە مانگی ئەیلوول کۆتایی بەکارەکانی دەهێنێت بەهۆی خراپی پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی ئێراق، کە حکومەتی ئێراق دەڵێن، هاوئاهەنگ نەبوونە، باسیشت لە نیگەرانییەکانی خەڵکی ئێزدی کرد کە ڕەنگە متمانەیان بە یونیتاد هەبووبێت، بەڵام ڕەنگە ئەو متمانەیان بە حکومەتی ئێراق نەبێت، ئەمریکا چۆن دەتوانێت هاوکاری یونیتاد و خەڵکی ئێزدیش بێت، کە ئەو بەڵگەنامانە و شایەتیانەی کۆیانکردوونەتەوە ون نابن و لەنێوناچن؟
ڤان سکاک: ئەوە زۆر گرنگە کە حکومەتی ئێراق کار بکات بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا درووست بکات. پێم وایە ڕێگەیەک بۆ کردنی ئەوە ئەوەیە بە ڕاستی پابەند بیت بەوەی ببینیت ئەم کەیسانە لە دادگاکانی ئێراقدا بەپێی ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان و لە دادگەیەکی دادپەروەرانەی پارێزراودا دەچنە پێشەوە. جا بەشێکی ئەمە پێویستی بەوەیە حکومەت یاسایەک دەربکات کە ڕێگەی پێبدات تا تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید بخاتە بەردەم لێکۆڵینەوەی یاسایی. ئێستا هەموو کەیسەکانی دژی ئەندامان و چەکدارانی داعش لەژێر پۆلێنی تیرۆردا دەچنە پێشەوە کە ئەو زیانە پیشان نادات وا هەندێک لە کەمینەکان بینیویانە کە ڕووبەڕووی هەوڵی سڕینەوە بوونەتەوە و هەروەها بتوانرێت ئەندامانی داعش بە باشی تاوانەکانیان بەسەردا ساخ بکرێتەوە. ئەوەیش ڕێگەیەکی دوورودرێژە بۆ بوونیاتنانی متمانە لەنێوان ئێزدییەکان و حکومەتەکەیاندا تا ببینن حکومەتەکەیان دەتوانێت دادپەروەری بەدیبهێنێت. پێم وایە لەم کاتەدا ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە لە بوونیاتنانی ئەرشیڤێکی باشدا پشتیووانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین کە ڕێگەی بدات وەڵامی داواکاریی هاوکاریکردن بداتەوە. هاوکاری بۆ بەردەوامبوون لە بوونیاتنانی توانا لەگەڵ ئێراقدا بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕزگاربوواندا درووست بکرێت تا هان بدرێن لە پڕۆسەی دادپەروەردیدا بەشداری بکەن و دیاریی بکەن کە دەیانەوێت لە چ بارودۆخێکدا ئەوە بکەن، بە تایبەتیی بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانیی لایەنی تەناهی. بەڵام کۆمەڵێکی دیکە نیگەرانیی مرۆیی هەن کە پێویستە سەرنجیان بخەینە سەر و هانی حکومەت دەدەن هەر بە ڕاستی لە شنگال و زێدی هەندێک لەو کۆمەڵگەیانەدا وەبەرهێنان بکات. ئەوان شوێنێکیان هەیە بۆی بگەڕێنەوە.
ڕووداو: دێمە سەر پرسی هاوکارییە مرۆییەکان و نۆژەنکردنەوەی شنگال، بەڵام کاتێک باسی کوردی ئێزدی دەکەین، دەزانین هێشتا 2862 کچ و ژن و منداڵی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێنران بێسەروشوێنن، ئەمریکا چۆن دەتوانێت هاوکاربێت بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان، ئەگەر زیندوون ڕزگاریان بکات؟
ڤان سکاک: دەزانم هەوڵی ڕاستەقینە هەن بۆ دیاریکردنی ئەوەی دوایین جار ئەو کەسانە لە کوێ بینراون. ڕەنگە هێشتا زۆربەیان زیندوو بن. هێشتا لە کەمپی هۆل و هەندێک کەمپدا کە چەکدارانی داعشیان تێدا دەستبەسەرن ئێزدی ڕزگار دەکەین. بۆیە پێویستە ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بێت. ڕەنگە هەندێکیشیان لەگەڵ ئێمەدا نەبن. جا ئەوە هەر زۆر گرنگە کە پاشماوەکانیان دەستنیشان بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ خێزانەکانیان تا بتوانن ڕێووێنەێکی گونجاوی ناشتیان بۆ بکرێت و ئەو خێزانانە بتوانن دەست بکەن بە پڕۆسەی قورسی چاکبوونەوە. بەڵام زۆر قورسە بەم زیانە ناڕوونانەوە ئەوە بکرێت کە ئەگەر نەزانیت ئاخۆ کەسەکە هێشتا زیندووە و دەتوانرێت بپارێزرێت یان کوژراوە. هەرکامێکیان بێت تۆ دەتەوێت داخستنێکی تەواوەتی و ڕێووێنەێکی گونجاوی ناشتنت هەبێت. جا پێم وایە گەیشتنە داخستن هەر زۆر گرنگە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی ئێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو تواناییانەدا کاربکەین کە یونیتاد دابینی کردوون تا ئێمە بگەینە ئێرە.
ڕووداو: باست لەوەکرد کە ئێوە پێویستان بەوەیە کار لەگەڵ لایەنی سێییەم و دووەم بکەن بۆ دیارکردنی چارەنووسی ئێزدییە بێسەروشوێنبووەکان، ئێمە دەزانین لە هەرێمی کوردستان و ئێراقیش هەندێک ڕێکخراو هەن، وەک نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان دا هەیە و تا ئێستا زیاتر لە 2500 مرۆڤی ئێزدی دۆزیوەتەوەو ڕزگارکردووە ، ئایا ئێوە هیچ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو نووسینگەیە و ئەو ڕێکخراوانەدا هەیە کە لەسەر ئەو ڕفێنراوە ئێزدیانە کار دەکەن، چارەنووسیان دیاردەکەن و ئەگەر زیندوومابنەوە ڕزگاریان دەکەن؟
ڤان سکاک: دەزانم کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی گەورەتری بەخشەردا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەوڵ دەدەین پشتیووانیی حکومەتی ئێراق بکەین لە کاتێکدا کە ئەم کارە تایبەتانە دادەنێت تا بکرێن بۆ ئەوەی ئەم کارە بەردەوام بێت و بەو شێوەیە بکرێت کە قوربانییەکە مەڵبەند بێت. هەروەها زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هەندێک لە کۆمەڵە ڕزگاربووەکاندا کاردەکەین تا وایان لێ بکەین لەگەڵ حکومەتەکەیاندا باشتر داکۆکی لە خۆیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەم لایەنەوە چاوەڕوانییەکانیان بە حکومەتەکەیان بگەیەنن. هەر بۆیە پڕۆسەکە دووبارە شۆکبوونەوە نییە یان شۆکێکی کەمترە لەوەی کە ڕەنگە نەکرێت خۆتی لێ لابدەیت. بۆیە کردنی ئەم کارە بە شێوەیەک کە قوربانی مەڵبەند بێت زۆر گرنگە و پیویستی بە ڕاوێژکە لەگەڵ خودی ڕزگاربووەکاندا.
ڕووداو: ویستت باس لە هاوکارییە مۆرییەکانی ئەمریکا و نۆژەنکردنەوەی شنگال بکەی، ئێوە باس لەوە دەکەن، لە 2014وە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارتان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا خەرجکردووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری شنگال وێرانە و پێویستی بە هاوکارییە، دۆخی ئاوارەکانی شنگالیش خراپە، پێتوایە هاوکارییەکانتان بۆ ئەو ناوچەیە جێگەی خۆیان گرتووە، چی دیکە دەکەن بۆ پشتیووانی کردن لەو پێکهاتانە تاوەکوو بەلایەنی کەمەوە پێویستە سەرەتاییەکانیان هەبێت؟
ڤان سکاک: گومان لەوەدا نییە کە پێویستمان بەوەیە لەو ناوچە تایبەتەدا کە ئاماژەت پێدا وەبەرهێنانی گەورەتر ببینین، چونکە هاوکارییەکانی بوونیاتنانەوە بەتەواوی وڵاتدا بڵاونابنەوە و سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچە تایبەتانەیە. بۆ گەڕانەوەی خەڵکیش، ئەو خەڵکە دەبێت شتێکیان بۆ گەڕانەوە هەبێت. تەنانەت ئەگەر خانووەکانیان ڕووخابن، دەبێت شتێک لە چاوەڕوانییاندا بێت کە دەکرێت ئەو خانووانە درووست بکرێنەوە. ئەوان پێویستیان بەو سەرچاوانەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو شتانە بکەن. هەر بۆیە پێم وایە زۆر گرنگە یاسای ڕزگاربووە ئێزدییەکان بە تەواوەتی پارەی بۆ تەرخان بکرێت و جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک ئەو سەرچاوانەیان هەبێت کە پێویستیانە تا بتوانن ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە و بە پارێزراویبگەڕێنەوە. بە جۆرێک بگەڕێنەوە کە هەمیشەیی بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەم ناوچانەدا ژیانیان بوونیات بنێنەوە. من لە هەندێک خەڵکی ئێزدیم بیستووە کە زۆرێک لە ئێزدییەکان گومانیان لە گەڕانەوە هەیە. دڵنیا نین هیچ شتێک هەبێت بۆی بگەڕێنەوە. بۆیە بۆ ئەوەی ئەو زێدانە بپارێزرێن و لەو شوێنە تایبەتەیاندا بمێننەوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا، پێویستمان بەوەیە لەو ناوچانەدا وەبەرهێنانی گەورەتر ببینین.
ڕووداو: ئەی بۆچوونتان لەسەر ڕێککەوتنی شنگال چییە، پێتانوایە بەبێی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە، هەر هاوکارییەک بۆ نۆژەنکردنەوەی شنگال بکرێت جۆرێکە لە بەهەدەردان و جێگەی خۆیان ناگرن؟
ڤان سکاک: پێم وایە ڕێککەوتنەکە سەکۆیەکی زۆر باشی بۆ ئەم جۆرە بوونیاتنانەوانە دابین کردبوو. من نیگەرانی ئەوەم کە زۆرێک لە کۆمەڵگە زیانبارەکان لە کاتی نووسینی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا ڕاوێژیان پێنەکرا. بۆیە ڕەنگە پێویست بێت ئەو ڕێککەوتننامەیە بکرێتەوە و ئێزدییەکان بانگهێشت بکرێن و ڕێگەیان پێبدرێت و دەستیان تێیدا هەبێت. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەو ڕێککەوتنە خاڵێکی دەستپێک دابین دەکات. کەمێک لە نەخشەڕێیەکە دیاری دەکات. جا ئەوەی ئێستا پێویستە بیبینین جێبەجێکردنی ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکەیە کە بەدەر لە کاری منە. ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکە میلیشیاکانن کە دەستیان بەسەر هەندێک لەو ناوچانە و هەندێک ڕێڕەوی سیاسیدا گرتووە. بۆیە دۆزینەوەی ڕێگەیەک کە دڵنیایی بدات ئەو ڕزگاربووانە دەتوانن بە شێوەیەکی گونجاو لە کۆمەڵگە سیاسییەکاندا و لە دەزگا سیاسییەکانی ئێراقدا نوێنەرایەتییان بکرێت هەر زۆر گرنگ دەبێت. بۆ ئەوەی کاتێک دەست بە بوونیاتنانەوە کرا بتوانرێت تەواو ڕێز لە بۆچوونەکانیان بگیردرێت و گوێیان لێ بگیردرێت.
ڕووداو: ئێوە کاتتان کەمە و منیش پرسیارم زۆرە، بەڵام دەمەوێت بپرسم، کۆتایی مانگی ڕابردوو ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدی لێرە لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە بلینکن کۆبوونەوە، ئێوەش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون. چیتان بە ئێزدییەکان وت و، ئایا هیچ بەڵێنێکتان پێدان؟
ڤان سکاک: گفتوگۆیەکی زۆر باش بوو و بەڕێز وەزیر زۆر بەو دۆخە کاریگەرە و دەیەوێت ئەمریکا لەم لایەنەوە ئەوەندەی دەتوانێت کار بکات. با ڕاشکاو بم، کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر بە باشی ڕێکخراوە. ئەوان داواکاریی زۆر تایبەتییان لە حکومەتی ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی خۆیان هەبوو و، لەنێویاندا دادپەروەری لەپێشترین بوو. دەیانویست ببینن کە کەیسەکانی دیکە دەچنە پێشەوە. ئەوان دەیانەوێت لەنێو ئێراقدا چوارچێوەی یاسایی جێبەجێ بکرێت. بۆەیە حکومەتی ئێراق دەتوانێت خۆی ئەم کارە بکات. ئەوان دەیانەوێت پابەندبوونی ڕاستەقینە بۆ ئەم بابەتە ببینن. دەیانەوێت بە جۆرێک ئەم کەیسانە کاریان لەسەر بکرێت کە دادپەروەرانە بن. ئەوان بەرانبەر بە تاقیکردنەوەی کات خۆڕابگرن و دەیانەوێت پەڕاوی خێزانەکانیان دابخرێت. هەروەها هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش زۆر گرنگە. بە ڕاستی دەیانەوێت ببینن کاری ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە تەواو دەبێت و هەروەها دەیشیانەوێت جارەنووسی ئەو دوو هەزار و 600 کەسە دیاری بکرێت کە بێسەروشوێنن و نازانرێت لە چ دۆخێکدان. ئەوەیشی کارێکی دیکەی لەپێشینەیە.
ڕووداو: دواین پرسیاریشم، ئێزدییەکان هێشتا ترسیان لەوە هەیە جارێکی دیکە جینۆساید بکرێنەوە، ئەمریکا دەتوانێت گرەنتی بداتە کوردانی ئێزدی کە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس ناکرێنەوە کە لە 2014 ڕووبەڕووی بوونەوە؟
ڤان سکاک: گومانی تێدا نییە کە پێویستە بە تەواوەتی سەرنج بخەینە سەر ئەوەی دڵنیایی بدەین کە داعش بە هیچ شێوەیەک، نەک هەر لە شێوەی خیلافەتدا، تەنانەت لە شێوەی ڕێکخراوێکی سنووربڕیشدا سەر هەڵناداتەوە. هێشتا دژبەری داعش هەیە کە هاوپەیامانانن و زۆر چالاکن و ئەو زانیارییانە بەش دەکەن کە دەیانبینن، وەک هەوڵەکانی داعش بۆ خۆبوونیاتنانەوە. بۆیە زۆر گرنگ دەبێت دڵنیایی بدرێت کە ئێزدییەکان هەرگیز جارێکی دیکە بە دەستی داعش ڕووبەڕووی جینۆساید نابنەوە.
ڕووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز کە میوانی ڕووداو بوویت.
ڤان سکاک: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان و ئەم بابەتە گرنگە.[1]