=KTML_Bold=بایدن و کورد!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
(جۆ بایدن) ناوی تەواوی (جۆزیف ڕۆبینێت بایدن جۆنیۆر)ە کاندیدی پارتی دیموکرات و ڕکابەری سەرسەختی (دۆناڵد ترەمپ)ە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی (#03-11-2020#) بەڕێوەبچێت، بایدن لە ڕێکەوتی (#20-11-1942#) لە شاری سکڕانتنی ویلایەتی پێنسلڤانیا لەدایک بووە، من چوار ساڵ لە شاری سکڕانتن ژیاوم و خوێندنی ماستەرم لە (زانکۆی مێری ود)ی ئەم شارەدا تەواوکردووە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی سکڕانتن (جۆ بایدن)یان خۆش دەوێت و لە هەر کەسێکیان بپرسیت باس لە زیرەکی و مرۆڤدۆستی و لیبڕاڵی و ئازادیخوازی ئەوت بۆ دەکەن، بایدن دکتۆرای لە یاسادا هەیە و ماوەی (47) ساڵ خزمەتی سێکتەری گشتی ئەمەریکای کردووە، بۆ ماوەی (36) ساڵ سیناتۆر بووە بۆ ویلایەتی دیڵاوەر، هەروەها ماوەی (8) ساڵیش جێگری سەرۆک باراک ئۆباما بووە، جۆ بایدن لە ئێستادا تەمەنی (77) ساڵە و ئەگەر بتوانێت لەم هەڵبژارنەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و دۆناڵد ترەمپ ببەزێنێت، ئەوا دەبێتە (46)مین سەرۆکی ئەمەریکا و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردرا و لە مێژووی کۆشکی سپی ئەمەریکادا.
(جۆ بایدن) شارەزاترین کارەکتەری سیاسی ئەمەریکایە بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆزی کورد بەتایبەتی، بایدن ماوەیەکی زۆر بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەتی پیران (سێنات) بووە، جگە لەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا بۆ دوو خول جێگری سەرۆک و بەرپرسی دۆسیەی ئێراق بووە لە کۆشکی سپی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (24) جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێراق و کوردستانی کردووە (چ وەک سیناتۆر یان وەک جێگری سەرۆک)، جۆ بایدن یەکێک بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەکانی پارتی دیموکرات کە پشتگیری (بۆشی کوڕ)ی کرد بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی #بەعس# لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی ئێراقە بۆ سێ هەرێم و یەکێک لە هەڵوێستە مێژووییەکانی (بایدن) بەرانبەر بە کورد ئەو کاتە بوو کە وتی بەتەنیا شاخەکان هاوڕێی کورد نین بەڵکوو ئێمەش هاوڕێی کوردین.
ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئەویش دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان (ترەمپ و ئەردۆغان) بوو کاتێک ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵکرد تاکوو پڕۆسەی داگیرکارییەکە ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەڵوێستەی ترەمپ هەردوو پارتەکەی ئەمەریکا و کۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئەمەریکای تووڕە کرد و ئەم هەڵوێستەی ترەمپ شەرمەزارکرا، لە بەرانبەردا جۆ بایدن وتی ئێمە هەرگیز وەک ترەمپ پشت لەکورد ناکەین.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان چارەنووسسازە، بە جۆرێک پاڵپشتی زلهێزەکانی دابەش کردووە بەسەر کاندیدەکان (ڕووسیا و تورکیا) کار بۆ دەرچوونەوەی ترەمپ دەکەن، لە بەرانبەردا (چین و ئێران) کار بۆ سەرکەوتنی جۆ بایدن دەکەن، ئەم گرنگی پێدان و دابەش بوونە بەهۆی گرنگی پێگەی سەرۆکی ئەمەریکایە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا، چونکە بە گوێرەی ماددەی دووی دەستووری ئەمەریکا (سنووری دەسەڵاتی سەرۆک) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆک سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەگۆڕێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بە گۆڕانی سەرۆکی ئەمەریکا هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لەنێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و ڕێککەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لە بەرانبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویۆرک تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئەمەریکا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر ئەردۆغان
دوای ڕێکەوتنی (سایکس بیکۆ) لە ساڵی (1916) خاکی کوردستان دابەشکرا بەسەر هەرچوار وڵاتی (ئێراق-ئێران-تورکیا-سووریا)، تاکوو ئێستاش ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە داگیرکەرانەدا مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکات، بۆیە ناتوانین بە دیاریکراوی بڵێین لەنێوان هەردوو کاندید (بایدن و ترەمپ)دا کامیان باشترن بۆ دۆزی کورد، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی تری کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە (بایدن) دژی ئەردۆغانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی ڕۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە بایدن سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت و ڕێککەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (ترەمپ) بەرانبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرانبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا (پێودانگ)ی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوون. [1]