=KTML_Bold=کلاسیکۆی فیل و گوێدرێژ!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
هەڵبژاردنی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە گرنگترین (کلاسیکۆ)ی گۆڕەپانی سیاسی ئەمەریکا و جیهان لە قەڵەم دەدرێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەنگی بە جیهان هەڵچنیوە، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی ململانێکانی جیهان و داڕشتنەوەی (سیستەمی نێودەوڵەتی) دوای پەتای کۆڕۆنا، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە، چونکە ئەگەری هەیە دەرەنجامەکانی لێکەوتەی (ئەرێنی و نەرێنی) بۆ سەر دۆزی کورد هەبێت.
سەرەتا گرنگە ئاوڕێک لە مێژووی هەردوو پارتی سەرەکی ئەمەریکا (دیموکرات و کۆماری) بدەینەوە:
1-پارتی دیموکراتی ئەمەریکا لە ڕێککەوتی (#08-01-1828#) دامەزرا، لە ساڵی (1833) ئۆپۆزیسیۆن بەگاڵتەجاڕییەوە سەرۆک (ئەندرۆ جاکسن)ی دیموکراتیان بە گوێدرێژ ناوزەد کرد، لەو ساڵەدا وێنەکێش و کاریکاتێرست (تۆماس ناست) وێنەی سەرۆکی ئەمەریکای لەسەر جەستەی گوێدرێژێک کێشا، سەرۆک (جاکسن) لە جیاتی ئەوەی تووڕە بێت، سوودی لە وێنەی گوێدرێژەکە بینی و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا وەک ڕەمزی دیموکراتەکان بەکاریهێنا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەو کاتەوە (وێنەی گوێدرێژ و ڕەنگی شین) بوونەتە لۆگۆ و درووشمی دیموکراتەکان، هەروەها سڵۆگان/ درووشمی دیموکراتەکان لە کۆنفرانسی ئەم ساڵیاندا بریتی بوو لە (Uniting America) چونکە بەڕای دیموکراتەکان (دۆناڵد ترەمپ) ڕەوتی ڕەگەزپەرستی بەهێز کردووە و کۆمەڵگەی ئەمەریکی دابەشکردووە.
2-پارتی کۆماری لە ڕێککەوتی (#20-03-1854#) دامەزرا، هەمان وێنەکێش (تۆماس ناست) لە ساڵی (1874) لە کاریکاتێرێکدا وێنەی فیلێکی وەک ڕەمز بۆ کۆمارییەکان بەکارهێنا، لەو کاتەوە (وێنەی فیل و ڕەنگی سوور) بوونەتە درووشمی کۆمارییەکان، هەروەها سلۆگان/ درووشمی کۆمارییەکان لە کۆنفرانسی ئەم ساڵیاندا هەمان سڵۆگانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2016) بوون کە بریتین لە (America First) و (Make America Great Again) چونکە بەڕای ترەمپ ئەمەریکا لە سەردەمی ئۆبامادا لاواز بووە و پێویستە بەهێز بکرێتەوە.
لە ئێستادا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و کێبڕکێ و ململانێی نێوان (فیلە کۆمارییەکان و گوێدرێژە دیموکراتەکان) بە شێوەیەک گەرموگوڕن کە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و جیهاندا بە دەگمەن وێنەیان هەبووە، پێم وایە ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی یاری (کلاسیکۆ) زۆربەی دانیشتووانی وڵاتانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای نزیکەی سێ هەفتەی تر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و هەردوو پارتی سەرەکی ئەمەریکا (دیموکرات و کۆماری) هەموو هەوڵێکی ڕێگاپێدراوی (یاسایی و دەستووری)ی خۆیان خسووەتەگەڕ بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، بۆیە (گوێدرێژە دیموکراتەکان) هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و دەرکردنی (فیلە ترەمپ) لە کۆشکی سپی، لە بەرانبەردا (فیلە ترەمپ) هەموو هەوڵێکی چڕ کردووەتەوە تاکوو بەهەمان شێوەی سەرکەوتنی خۆی بەسەر (کۆرۆنا)دا، بەسەر دیموکراتەکانیشدا سەرکەوێت!
چاوەڕوان دەکرێت بڕی تێچووی ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەمەریکا ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، چونکە گوژمەی تێچووەکەی دەگاتە نزیکەی (11) ملیار دۆلار، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم پرۆپاگەندە و (تا)ی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبن لە وتاری نا عەقڵانی و تەخوینکردن و جوێن و قسەی نەشیاو، بەڵام جیاوازییەکەی لەوەدایە (تا)ی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا تەنیا پێش هەڵبژاردن گەرم دەبێت و دواتر سارد دەبێتەوە و هەر کام لە بەربژێرەکان (ترەمپ یان بایدن) دەربچن، لە وتاری سەرکەوتندا دەڵێن هەڵبژاردن تەواو بوو، من سەرۆک و خزمەتکاری هەموو ئەمەریکییەکانم بە بێ جیاوازی (بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە) لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی کە دەستووری ئەمەریکا بۆی دیاریکردووم، ئەوپەڕی توانام دەخەمەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن. [1]