=KTML_Bold=ئەمەریکا چۆن بووەتە سوپەر پاوەری جیهان؟=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەمەریکادا، کە هەموو دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین و پرسیار بکەین: ئایا چۆن ئەمەریکا بووەتە زلهێزترین وڵات و سوپەر پاوەری جیهان (Super Power)؟
پێم وایە کۆمەڵێک فاکتەر لە پشت سەرکەوتنی ئەمەریکادا هەن لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژی و هونەری و ....هتد، بەڵام سەرەکیترین فاکتەر هەبوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە لەسەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، چونکە تەمەنی (231) ساڵە و تاکوو ئێستاش کاری پێ دەکرێت.
ڕەشنووسی دەستووری ئەمەریکا لە ساڵی (1787) لە کۆنگرەی (فیلادلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە ویلایەت نووسرایەوە (ئەو کات ئەمەریکا تەنیا 13 ویلایەت بوو)، دوای ساڵێک گفتوگۆکردنی چڕ و پڕ، ساڵی (1788) ڕاپرسی لەسەرکرا، ئینجا ساڵی دواتر واتە ساڵی (1789) پەسەند کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەستووری ئەمەریکا لە (7) ماددە پێکهاتووە:
ماددەی یەکەم تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.
ماددەی دووەم تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
ماددەی سێیەم تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.
ماددەی چوارەم تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدڕاڵ.
ماددەی پێنجەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.
ماددەی شەشەم تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)
ماددەی حەوتەم تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.
دوای پەسەندکردنی دەستوور (جۆرج واشنتن) وەک یەکەم سەرۆکی بێلایەن هەڵبژێردرا (ئەو کاتە هێشتا دیموکرات و کۆمارییەکان دانەمەزرا بوون)، جۆرج واشنتن بە دانانی بەردی بناغەی کۆشکی سپی و گواستنەوەی پایتەختی ئەمەریکا لە (فیلادلفیاوە بۆ واشنتن دی سی) بەڵام دوای خۆی کۆشکی سپی تەواو بوو (جۆن ئادەمز)ی دووەم سەرۆک، یەکەم کەس بوو لە کۆشکی سپی نیشتەجێ بوو.
ئەمەریکییەکان لە (#04-07-1776#) سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیایان ڕەتکردەوە، ئەمەریکا لە ماوەی (244) ساڵدا، (45) سەرۆکی هەڵبژاردووە، (19) سەرۆک کۆماری بوون، (15) سەرۆک دیموکرات بوون، (22) سەرۆکیش پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری بوون (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا).
یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئەمەریکا (Flexibility) واتە نەرمی و گونجانییەتی لەگەڵ هەموو سەردەمێک، ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێویست، دەستووری ئەمەریکا تاکوو ئێستا (27) جار هەموار کراوەتەوە.
خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئەمەریکا، جیاکردنەوە و چاودێری و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1و2و3)ی دەستوور هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئەمەریکا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئەمەریکا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە ڕێگەی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە:
(The power of US government is constrained by the separation of powers and checks and balances between branches)
لە ئەمەریکادا بەهۆی پیادەکردنی ئەم دەستوورە، یاسا لەسەرووی هەموو کەسێکەوەیە، ئینجا ئەو کەسە ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکاش بێت، وەک لە سەرەتای ئەم ساڵدا بینیمان چۆن کۆنگرێس پڕۆسەی لێپرسینەوە و ئیمپیچمێنتی (Impeachment)ی بەرانبەر سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) ئەنجامدا.
کەواتە دەستووری ئەمەریکا بەردی بناغەی درووستبوونی وڵاتێکی (Super Power)ی هاوچەرخ، مۆدێرن، خاوەن دام و دەزگای بەهێز و ئاکتیڤ، ئەمانەش شارستانییەتێکی نوێی بەرهەمهێناوە بەناوی (شارستانییەتی ئەمەریکا) کە لەژێر سایەیدا دەستوور و یاسا و ڕێساکان سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتییاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی و ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئیتنیکی.
لە کۆتاییدا هیوادارم ئێمەی کوردیش هەوڵبدەین کەڵک لە ئەزموون و دەستووری ئەمەریکا وەربگرین، بە تایبەت لە کاتی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان. [1]