ستراتیژی نوێی ئەمەریکا لەنێوان هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک)دا!
#کارۆخ خۆشناو#
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەمەریکادا بخشێنینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە سەنگی مەحەک لە سیاسەتکردنی ئەمەریکادا بریتی بووە لە (پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا) لە ڕێگەی بەکارهێنانی سێ هێز (هێزی ڕەق Hard Power و هێزی نەرم Soft Power و هێزی زیرەک Smart Power)، واتە داڕێژەرانی بڕیاری ئەمەریکا لە سەرەتای سەربەخۆیی ئەمەریکاوە تاکوو ئێستا، پشتیان بەستووە بە هەر سێ هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک) لە هەردوو ئاستی ناوەکی و دەرەکیدا.
کاتێک (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) لەژێر فەرمانڕەوایی پاشای ئیسپانیا لە ساڵی (1492) بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت، دوای ئەوەی کەشتییە چارۆگەدارەکەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و لە دوورگەکانی کاریبی لە کیشوەری ئەمەریکای باکوور دەگیرسێتەوە، ئەوروپییەکان کاتێک دەگەنە کیشوەری ئەمەریکا بۆ یەکەمجار هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی یان هارد پاوەر دژی هیندییە سوورکان (ئەمەریکییە ڕەسەکان) بەکاردەهێنن و دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکەکەیان و کوشتن و بڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەمەریکا کە بە هیندییە سوورەکان ناسراون.
ئەمەریکا لە تەمەنی (244) ساڵی سەربەخۆیی خۆیدا بە قۆناغی جیاجیادا گوزەری کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەم ئەمەریکا بە (13) ویلایەت و لەسەر بنەمای دەستوورێکی (7) ماددەیی لە دایک دەبێت، دواتر بە پشتبەستن بە (هێزی ڕەق و هێزی نەرم) ژمارەی ویلایەتەکانی زیاد دەکات بۆ (50) ویلایەت، ئەمەریکای ئێستا لە دوای کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، دواتر شەڕی ناوخۆ لە سەردەمی (ئەبراهام لینکۆڵن)دا کە (620) هەزار قوربانی لێکەوتەوە، پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەمەریکایەکی تۆکمە درووست دەبێت، ئینجا بە هێزێکی زەبەلاحی ڕەق و نەرمەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی جیهان.
هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و پشتبەستن بە هێزی نەرم و دیبلۆماسییەت (کۆمەڵەی گەلان) درووست دەکەن، پاشان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (نەتەوە یەکگرتووەکان) درووست دەکەن، ئەمەریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتیی لە کۆتایی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتی بەستووە بە هەرسێ هێزی نەرم و ڕەق و زیرەک، لە پێناو یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونیان لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بازرگانی و تەکنەلۆژی و هزریی و کولتووری...هتد.
ئەمەریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەجیاندا زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر هێزی نەرم (دیبلۆماسییەت) بەڵام هەندێکجاریش کاتێک هێزی نەرم دەگاتە بنبەست، سڵی نەکردووەتەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق یان هێزی سەربازی.
ئەمەریکا گرنگییەکی تایبەت بە هێزی ڕەق یان سێکتەری سەربازی دەدات، بە جۆرێک ساڵانە گەورەترین و زەبەلاحترین بوجەی (لەسەر ئاستی جیهان) بۆ تەرخان دەکات بۆ نموونە ساڵی (2019) بڕی (716) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد و بۆ ساڵی (2020) بڕی (733) ملیاری بۆ تەرخان کردووە.
لە سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمەریکا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەیەکی پاڕالێل گرنگی داوە بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق، بە جۆرێک هەر کاتێک لە ڕێگای هێزی نەرم و دیبلۆماسییەت نەیتوانیبێت ئامانجەکانی بپێکێت، هێزی ڕەق یان هێزی سەربازیان بەکارهێناوە، بۆ نموونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەگەرچی سەرەتا ئەمەریکا بێلایەن دەبێت، بەڵام دواتر بەشداری دەکات و پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیمانەکاندا دەشکێنێتەوە، بەواتایەکی تر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسییەت شکست دەهێنێت، ئەوا بە هێزی ڕەق و هێزی سەربازی ململانێکانی یەکلاکردووەتەوە، هەندێک جاریش کار گەیشتۆتە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی وەک (هیرۆشیما و ناگازاکی)، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەموو کات ئەمەریکا سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا (وەک ڤێتنام).
سەبارەت بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق پڕۆفیسۆر (جۆزیف نای-.Joseph S. Nye, Jr) ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی (هێزی نەرم، ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ململانێکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا پێویستە لەپاڵ هێزی ڕەق (Hard Power) هێزی نەرمیش (Soft Power) بەکار بهێنین.
جۆزیف نای بەم شێوەیە پێناسە و پۆڵینی هێزی ڕەق و هێزی نەرم دەکات:
هێزی ڕەق بریتییە لە هێزی سەربازی و فشاری ئابووری توند، هەروەها هێزی نەرمیش بریتییە لە دیپلۆماسی گشتی و تێکەڵبوونی کلتوری و هاوکاری مرۆیی و بەیەکگەیاندن و میدیا و...هتد.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، داڕێژەرانی ستراتیژییەتی نوێی ئەمەریکا لەپاڵ پشتبەستن بە (هێزی نەرم و ڕەق) بە شێوەیەکی هاوتەریب پشتیان بە هێزی زیرەکیش (Smart Power) بەستووە، هێزی زیرەک بە مانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە جیاتی (هێزی مرۆیی فیزیکی) بۆ نموونە ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە ڕێگای هێزی زیرەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (دڕۆن) توانی هەریەکە لە (قاسم #سلێمانی# و ئەبوو مەهدی موهەندس) بکوژێت، بۆیە لە ئێستادا بەشێک لە درووستکەرانی بڕیار لە ئەمەریکا پێیان وایە کە بەهۆی پێشکەوتنی (هێزی زیرەک)ی ئەمەریکییەوە چیتر پێویست بە بڵاوکردنەوەی هێزی فیزیکی و سەربازی ناکات، چونکە بەهۆی پێشکەوتنی هێزی زیرەک و تەکنەلۆژیای سەربازی، هەر ئامانجێکیان مەبەست بێت دەتوانن بی پێکن، بێ ئەوەی وەک جاران پێویستیان بە هێزی سەربازی فیزیکی هەبێت (Foot on the Ground)
لە کۆتاییدا دەمەوێت لە ڕێگای ورووژاندنی چەند پرسیارێکەوە ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەم ئایا ئێمەی کورد وەک (ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی) تاچەند توانیومانە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی لە هێزی ڕەق و نەرم و زیرەک بگەین؟
چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانین هێزی ڕەقی کوردی (هێزی پێشمەرگە) یەک بخرێت و لەژێر چەپۆکی حیزبی کوردی دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر چەتری حکومەت؟
چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانین هێزی نەرم (دیپلۆماسییەتی کوردی) لە دەرەوە بە هێز بکەین و لە ڕێگای نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم پڕۆسەی لۆبیکردن بە شێوازە تەندرووستەکەی ئەنجامبدرێت؟ [1]