=KTML_Bold=دیبەیتێکی چارەنووسساز!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
سازکردنی دیبەیت یاخود (دیبەیتکردن Presidential Debate) بەشێکی سەرەکی کولتووری دیموکراسی و نەریتێکی سەردەمیانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە، دوای داهێنانی (تەلەڤزیۆن) هەڵمەتی گەیاندنی پەیام و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی فراوانتر لە ڕێگای (دەنگ و ڕەنگەوە) دەستی پێ کرد، (دیبەیت Debate) بە گرنگترین میکانیزمی خستنەڕووی توانای بەربژێرەکان دادەنرێت، لە پێناو گەیاندنی پەیام و بەرنامەی کار و پڕۆژەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، هەموو چوار ساڵ جارێک، چوار دیبەیت ئەنجام دەدرێن لەنێوان بەربژێرەکان، سێ دیبەیت لەنێوان کاندیدانی سەرۆک و یەکێکیش لەنێوان جێگرەکانیان.
ئەمساڵ دیبەیتی یەکەم بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی تووشبوونی ترەمپ بە کۆرۆنا دیبەیتی دووەم ئەنجام نەدرا، ئەمشەو چاوەڕوان دەکرێت دوایەمین دیبەت ئەنجام بدرێت کە بە دیبەیتێکی گرنگ و چارەنووسساز لە قەڵەم دەدرێت، چونکە بە ملیۆنان (دەنگدەری خۆڵەمێشی) خۆیان یەکلانەکردووەتەوە و چاوەڕوانی دیبەیتی ئەمشەو دەکەن تاکوو دەنگی خۆیان یەکلابکەنەوە.
(کریستن وێلکەر) پەیامنێری بە ئەزموونی کەناڵی تەلەفیزیۆنی (NBC) دیبەیتەکەی ئەمشەو بەڕێوەدەبات، تەوەرەکان بریتی دەبن لە:
چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، ئابووری و گوزەرانی خێزانەکانی ئەمەریکا، بابەتی نەژادی لە ئەمەریکا، گۆڕانکاریی کەشوهەوا، ئاساییشی نیشتمانی، شێواز و چۆنییەتی ڕێبەرایەتیکردنی ئەمەریکا لەنێوان هەردوو بەربژێر (ترەمپ و بایدن).
بەهۆی قسە بە یەکتربڕین و قسە بە یەکتر وتنی ترەمپ و بایدن، دیبەیتی یەکەم بە خراپترین دیبەیت لە مێژووی دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە قەڵەم درا، هیچکام لە دوو کاندیدەکە نەیانتوانی پەیام و پڕۆژەکانیان بگەیەننە هاووڵاتییانی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی هەمان هەڵە دووبارە نەبێتەوە، کۆمیسیۆنی بەڕێوەبردنی دیبەیتەکان بڕیاریدا گۆڕانکاریی بکات، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی دیبەیتێکی باشتر، میکانیزمی نوێ بریتی دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی مایکرۆفۆن، واتە لەو کاتەی کە کاندیدێک لەو (دوو) خوولەکەی بۆی تەرخان دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ئەوا تەنیا مایکی ئەوەیان دەکرێتەوە کە قسە دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە نیوەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا سەیری دیبەیتی ئەمشەو بکەن کە بڕیارە لە زانکۆی (بێڵمۆنت) لە شاری (ناشڤێڵ)ی سەر بە ویلایەتی (تێنیسی) لە کاتژمێر (9)ی شەو بەکاتی واشنتن D.C. دەست پێبکات.
مێژووی یەکەمین دیبەیتی تەلەڤزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1960) لەنێوان (ڕیچارد نیکسن و جۆن کەنەدی) کە بەهۆیەوە هۆشیاری هاووڵاتییانی ئەمەریکا هەڵکشانێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی، چونکە بەشی زۆری هاووڵاتییانی ئەمەریکا لەسەر بنەماکانی ئایدۆلۆژیا دەنگ نادەن، بەڵکوو لەسەر بنەمای پڕۆژەی خزمەتکردن دەنگ دەدەن، واتە کامە کاندید لە ڕێگای پڕۆژەکانییەوە زیاتر خزمەت بە خەڵکی ئەمەریکا بکات، ئەو کاندیدە متمانە و دەنگی هاووڵاتییان بەدەست دەهێنێت، هاوڕێیەکی ئەمریکی پێی وتم: دوای ئەم دیبەیتە بەرچاوڕوونیم زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی دەنگ بە کام کاندید بدەم، چونکە پڕۆژەکانی هەردوو کاندید هەڵدەسەنگێنم، کامیان زیاتر خزمەت بە ئەمەریکا بکات، بڕیار دەدەم دەنگ و متمانەی خۆم بەو ببەخشم. [1]