=KTML_Bold=کورد و ئەمەریکا، یەک بۆچوون و دوو بەسەرهات!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
لە قۆناغی ئێستادا زەمینەیەکی لەبار و گونجاو هەیە بۆ ئەوەی کورد ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی ستراتیژی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ (ئێران -تورکیا -سووریا -ئێراق) لە بارودۆخێکی ناسەقامگیر و نالەبار و شلۆق دان، واتە پەیوەندییەکانیان پڕن لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، بەم هۆیەوە پێم وایە لەم هەلومەرجەدا زەمینەیەکی لەبار هاتۆتە پێش بۆ کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، تاکوو برەو بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بدەن لەگەڵ ئەمەریکا، ئەمەش لە ڕێگای نووسینگەکانیان دەکرێت لە واشنتن، بەڵام پێویستی بە میکانیزم و پڕۆسەی (لۆبیکرن) هەیە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ئەمەریکا لە پێناو بەدەستووربوونی مافەکانی گەلی کورد لە هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان (ڕۆژاوا، باکەور، ڕۆژهەڵات) هاوشێوەی باشووری کوردستان.
ئەگەر سەیری وێنە گەورەکەی سیستەمی نوێی جیهانی بکەین (کە خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان UN و دامەزراوەکانی تری سیستەمی نێودەوڵەتی دەبینێتەوە، کە دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکان درووستکراون) دەبینین گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هاوشێوەی یاریگایەک دێتە بەرچاو کە تەنیا ئەو یاریزانانەی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ و کیانی یاسایی و دەستوورین، ڕێگایان پێدەدرێت کەوا لەم یاریگایەدا یاری بکەن.
بۆیە لەم قۆناغەدا گرنگە (وەک هەنگاوی یەکەم) کوردانی هەر سێ پارچەکەی تر (ڕۆژاوا، باکوور، ڕۆژهەڵات) هەوڵبدەن (هاوشێوەی باشوور) قەوارەیەکی فیدڕاڵی و دەستووری و یاسایی لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکاندا (تورکیا و ئێران و سووریا) بەدەست بهێنن، تاکوو بتوانن لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی دەستووری و یاسایی شوێن پێی خۆیان بکەنەوە، هەر ئەم فاکتەرە دەستوورییەش وای کردووە کە باشووری کوردستان چەند قۆناغێکی یاسایی و دەستووری لە پێشەوەی پارچەکانی تری کوردستاندا بێت، بۆیە ئەمەریکاش بەهۆی ئەم پێگە دەستووریەی باشووری کوردستان (وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ) مامەڵەیەکی تایبەتیی لەگەڵ دەکات و گەورەترین کۆنسوڵخانە لە هەرێم دەکاتەوە و سیستەمی پاتریۆت لە #هەولێر# جێگیر دەکات.
=KTML_Bold=یەک بۆچوون=KTML_End=
واتە دەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا کوردستانی گەورە ببێتە خاوەنی چوار هەرێمی فیدڕاڵ، ئیجا لە کاتی داڕشتنەوەی نەخشەی ئەم ناوچەیەدا، کورد دەتوانێت دەرفەتێکی گونجاو بقۆزێتەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵ و سەربەخۆ لەنێوان هەر چوار پارچەی کوردستاندا.
=KTML_Bold=دوو بەرسەهات=KTML_End=
1-شەش ساڵ لەمەوبەر ئەو کاتەی تەڵەبەی ماستەر بووم لە زانکۆی (میری ود) لە شاری سکڕانتنی ویلایەتی پێنسلڤینیا، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێم (یانەی قوتابییان و خوێندکارانی کورد)مان دامەزراند، هاوڕێیانم ئەرکی سەرۆکایەتی ئەو ڕێکخراوەیان بە من سپارد و منیش چوومە لای سەرۆکی زانکۆ، پێموت ئێمەی کورد کارەساتی زۆرمان بەسەردا هاتووە و دەمانەوێت هاوکارمان بن و ڕێگامان بدەن بۆ ڕێکخستنی مەراسیمی یادکردنەوەی کارەساتەکان بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگەی ئەمەریکی بە بەشێک لەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کوردا هاتوون، ئەویش وتی ئەو کارەساتانە چین کە بەسەرتاندا هاتووە؟ منیش لە کارەساتی کیمیا بارانی #هەڵەبجە#وە (3/16) دەستم پێ کرد و تا کیمیابارانی بالیسان و شێخوەسان و وەرێ و دواتر ئەنفالی #گەرمیان# و بارزان و بادینان و.....هتد کە بووە هۆی ڕووخانی ژێرخان و سەرخانی کوردستان.
لە کاتی قسەکردنمدا دیقەتی سەرۆکی زانکۆمدا (کە پڕۆفیسۆرێکی ئافرەت بوو و ناوی دکتۆرە ئان مۆنلی بوو) وەکوو ئەوەی کە بوڕکانێک لە ناخیدا درووست بووبێت بە شێوەیەکی نەرم فرمێسک لە چاوەکانی دەهاتنە خوارێ و پر بە دڵ بۆ مەرگەساتی کورد دەگریا، لە کۆتاییدا وتی ئێستا چۆنن؟ منیش وتم تا ڕادەیەک باشین، بەڵام هێشتا خەونی بەدەوڵەت بوونمان نەهاتۆتەدی، لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ وتی: ئەگەر دوای ئەو هەموو مەرگەسات و ماڵوێرانییە هێشتا دەوڵەت نەبن کەواتە: نەتەوە یەکگرتووەکان دادپەروەر نین! UN isn't fair
2-سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ساڵی (2017) هاوڕێیەکی ئەمەریکیم پرسیاری لێ کردم و وتی:
من تێناگەم بۆچی ئێوەی کورد بە چەند ساڵێک دەبنە (ئەمەریکی و کەنەدی و ئەوروپی و ئوسترالی) بەڵام هەرگیز نابنە (ئێراقی و ئێرانی و تورکی و سووری) هۆکار چییە؟
منیش لە وەڵامدا بە دوورودرێژی باسم لە مێژووی ستەمی ئەم (وڵاتە داگیرکەرانە) کرد، هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە بگرە لە ساڵی (1514) تاکوو هاتنی #داعش# لە ساڵی (2014) ئینجا پێم گوت:
بەلایەنی کەم ماوەی (500) ساڵە گەلی کورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورک و عەرەب و فارسەوە دەچەوسێندرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش کورد بە ویستی خۆی ناسنامەی ئەم چوار وڵاتە داگیرکەرەی هەڵنەبژاردووە، بەڵکوو بەسەریدا فەرزکراوە. تۆ وەرە خۆت بخەرە شوێنی کورد (Put yourself on Kurds shoes). ئینجا دەزانی بۆچی کورد دەبێتە ئەمەریکی و کەنەدی و ئەوروپی و ئوسترالی، بەڵام نابێتە ئێراقی و ئێرانی و تورکی و سووری!
ئەویش وتی لەم پرسیارە تێگەیشتم، بەڵام ئایا کورد پەند و عیبرەتی لەم مێژووە وەرگرتووە؟ ئایا ئەم هەموو ستەمەی داگیرکەرانی کوردستان، کوردی یەک خستووە یان پەکخستووە؟
بەم دوو پرسیارەی بەڕاستی بێتاقەت بووم، بەڵام بەر لەوەی وڵامی بدەمەوە، لەم کات و ساتەدا تەلەفۆنێکی بۆهات و داوای لێبوردنی کرد و وتی دەبێت بڕۆم، منیش خۆشحاڵ بووم کە ڕۆیشت! [1]