=KTML_Bold=ترەمپ بەتەمای چییە!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
لە یاری دیموکراسیدا بردنەوە و دۆڕان هەیە، تاکوو ئێستا ترەمپ بە ڕاشکاوی دانی بە دۆڕانی خۆی نەناوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەرانبەر بایدن، چونکە ترەمپ حەزی بە دۆڕان نییە، ئەگەرچی دوێنێ دانی بە شکستی خۆی نا، بەڵام دوای چەند خولەکێک پەشیمان بوویەوە، دیارە لای ترەمپ یارییەکە کۆتایی نەهاتووە و هێشتا ئومێدی بە ئەنجامی سکاڵاکان هەیە، بەڵام لای دیموکراتەکان و بەشێکی زۆری کۆمارییەکان، یارییەکە کۆتایی هاتووە (The Game is Over)
سەبارەت بە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کەوا ئەم ناوچەیە بایەخ و گرنگی جارانی نەمابێت لەناو ستراتیژیەتی ئەمەریکادا، چونکە ئەمەریکا وەک جاران پێویستی بە سەرچاوەی وزەی ئەم ناوچەیە نەماوە، ئەمەش بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر وزە (نەوت و گاز) لە ناوخۆی ئەمەریکا، بە جۆرێک کە هەموو پێداویستییەکانی ناوخۆی تێر دەکات، لەلایەکی تریش بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی (عەرەب-ئیسرائیل) لە ڕێگەی واژووکردنی ڕێکەوتنەکانی ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم لەژێر چەتری ڕێکەوتنامەی سەدە، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا چاوەڕووان دەکرێت کەوا هێزێکی سەربازی هاوبەش درووستبکرێت (هاوشێوەی ناتۆ) لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و دژایەتیکردنی تیرۆر و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا درووست دەبێت.
دوای دورخستنەوەی (مارک ئێسپەر) وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەلایەن ترەمپەوە، هەروەها سەردانی ئەم چەند ڕۆژەی (مایک پۆمپێیۆ) بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێک ئاماژە هەن پێمان دەڵێن کەوا ترەمپ کۆمەڵێک سینارێۆی لەبەردەستە، بەر لەوەی ماڵاوایی بکات لە کۆشکی سپی، مەبەستییەتی گۆمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشڵەقێنێت، ئەم هەنگاوەش بە پێچەوانەی نەریتی دیموکراسی ئەمەریکا لە قەڵەم دەدرێت، بەتایبەت کە (ترەمپ) دانی بە دۆڕانی خۆی دانەناوە و تاکوو ئێستاش پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە (بایدن) نەکردووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەجیندایەکی شۆک ئامێز لە ترەمپ دەکرێت، بە تایبەت لەم دوو مانگەی کە لە بەردەستی ماوە وەک (سەرۆکی ئەمەریکا) لەو چوارچێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت کەوا ترەمپ هەندێک جوڵە و کردەوەی سەربازی ئەنجام بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە:
1-بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەمەریکا گورزێکی کەمەرشکێن لە ئێران بوەشێنێت و هەندێک پێگەی ناوەکی و ساروخی و هەندێک ناوچەی سەربازی لە بەندەر عەباس بکاتە ئامانج.
2-بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئیسڕائیل بکات لە وەشاندنی گورزێکی سەربازی بۆ سەر پێگە ناوەکی و سەربازیەکانی ئێران.
3-لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە بەتایبەت لە هەرسێ وڵاتی (ئێراق و سویا و ئەفغانسان).
4-ئەنجامدانی ئەم سیناریۆیە لەلایەک بۆ شێواندنی ئەجیندای بایدن و مەشغول بوونی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەرەوە، لە جیاتی فۆکەس خستنە سەر کێشەکانی ناوخۆی ئەمەریکا، لەلایەکی تر تێکدانی ئەجیندای (بایدن) لە بەرانبەر ئیران و لەمپەڕ خستنە پێش زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی (5+1).
5-دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی (بەناچاری) ترەمپ (خۆی یان ئیڤانکای کچی یان جارید کۆشنێری زاوای) ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2024) بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی پارتی کۆماری دەدات، لەلایەن خۆی و خێزانەکەیەوە.
6-دوای نەمانی پارێزبەندی سەرۆکایەتی (ترەمپ) ترسی لە کۆمەڵێک سکاڵا هەیە کە لە دادگاکان دژی بجوڵێنرێن و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێتەوە بەهۆی نەدانی باج لەکارە بازرگانەکانی و هەندێک سکاڵای ئافرەتان لەسەر کەیسی هەراسانکردن و مامەڵەی ناتەندرووست.
لە کۆتاییدا گرنگە ئەم ڕاستییە بزانین کەوا بەهۆی ناسەقامگیری پەیوەندییەکانی (واشنتن) لەگەڵ هەریەک لە تاران و دیمەشق و ئەنکەرە و بەغدا، چاوەڕواندەکرێت (کورد) لە هەر چوار پارچەی کوردستان (بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژاوا) دەرفەتی بەھێزتری بۆ بڕەخسێت، لەم چوارچێوەیەشدا گرنگە کورد خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا، ببەستێتەوە بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کوردستان، بە واتایەکی تر بەرژەوەندییەکانی کوردستان پاڕاڵێڵ بکات لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، ئەمەش بە پتەوکردنی ڕێزەکانی ناوخۆ و ئەنجامدانی چاکسازیەکی ڕیشەیی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان دەکرێت، بۆیە لە ئێستادا گرنگە کورد بە ئەجیندایەکی یەکگرتوو بەرنامەڕێژی بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە بکات و شێوازی (کاردانەوە بۆ ڕووداوەکان) بگۆردرێت بۆ نەخشەرێگایەکی ستراتیژی نیشتمانی، تاکوو بتوانێت بە یەکگرتوویی کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە. [1]