=KTML_Bold=ترەمپ کابووسی ئێرانە!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
=KTML_Bold=ئەگەرچی ترەمپ تەنیا دوو مانگی ماوە لە کۆشکی سپی، بەڵام هێشتا خۆی وەک کابوسێک بەرانبەر ئێران نمایش دەکات، چونکە:=KTML_End=
لەلایەک بەردەوامە لە شەڕی ئابووری و جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئەوپەڕی فشار (Maximum Pressure) لە بەرانبەر ئێران، لەم چوارچێوەیەشدا دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای ئابووری بەسەر چەندین کەسایەتی و کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند، سزاکان بە جۆرێک گشتگیرن، لە لوتکەی دەستەڵاتی ئێرانەوە بگرە تاکوو جەنەڕاڵەکانی خوارەوەی سوپای پاسدارانی گرتووەتەوە.
لەلایەکی تر هەندێک هەواڵ و زانیاری هەستیار دزەیان پێکراوە سەبارەت بە هاندانی ئیسرائیل بۆ ترەمپ بە مەبەستی وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، لەم چوارچێوەیەدا هەندێک زانیاری و پلان و بژاردە لە بەردەم ترەمپدا هەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر پێگە و بنکە مووشەکی و ناوەکییەکانی ئێران، بۆ ئەم مەبەستەش ترەمپ کۆمەڵێک جێگۆڕکێی لەناو جەنەڕاڵەکاندا ئەنجام داوە و هەندێک سەرکردەی سەربازی دژ بە ئێرانی هێناوەتە پێش، ئەمەش مەترسی وەشاندنی گورزی سەربازی دژی ئێران زیاتر کردووە.
=KTML_Bold=لە بەرانبەریشدا ئێران دەستەوەستان نەبووە، بەڵکو:=KTML_End=
ئێران لە ڕێگەی پڕۆکزییەکانی لە ئێراق (بەتایبەت #حەشدی شەعبی#) هەندێک پەیام بۆ ترەمپ دەنێرێت، وەک ئەو هێرشەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگای (7) مووشەکەوە کرایە سەر ناوچەی سەوز و باڵیوزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئەم هێرشە مووشەکییانە (پەیام)ی ئێران بوون بۆ ترەمپ، ناوەرۆکی پەیامەکەش بریتی بوو لە: ئەگەر گورزمان لێ بوەشێنن، گورزتان لێ دەوەشێنین!.
ئیران دەتوانێت لە ڕێگەی پرۆکزییەکانی لە (یەمەن و سووریا و لوبنان) لەمپەڕ لە بەردەم هەوڵ و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا درووست بکات، بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە ترەمپ و (ڕەشکردنی ئەو دوو مانگەی کە لە کۆشکی سپی ماویەتی) بۆ ئەوەی ترەمپ لە کۆتا ڕۆژەکانیدا وەک (سەرۆکێکی ئاخیر شەڕ) وێنا بکات. لەم چوارچێوەیەشدا لیوا (حەسەن سەلامی) سەرکردەی گاردی کۆماری ئێرانی وتی: ئێران پەیوست نییە بە جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ بەرگریکرن لە بەرژەوەندییەکانی.
ئاماژەکان نیشان دەدەن کەوا لە دوو مانگی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت ئەم پەیامانەی (ترەمپ بۆ ئێران) و (ئێران بۆ ترەمپ) دۆخێکی مەترسیدار و نەخوازراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست بکەن.
ئەگەرچی ترەمپ تاکوو ئێستا خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکان لە قەڵەم دەدات، بەڵام لە کۆتاییدا ترەمپ بە هەر شێوەیەک بێت، دان بە دۆڕاندنی خۆیدا دەنێت لە بەرانبەر بایدن، چونکە سکاڵاکانی ترەمپ لە دادگا و بەڵگەکانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەوەندە بەهێز نین، ببنە فریادڕەس بۆ کورسییەکەی لە کۆشکی سپی، لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ لەم ماوەیەی کەوا لە کۆشکی سپی ماویەتی هەوڵدەدات بە هەر نرخێک بێت، مانگی هەنگوینی بایدن لە کۆشکی سپی تاڵ بکات و نەهێڵێت ئەجێنداکانی لەگەڵ ئێراندا جێبەجێ بکات و بە ئاسانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (5+1) زیندوو بکاتەوە، چونکە ترەمپ ساڵی (2016) ئەم ڕێککەوتنەی بە خراپترین ڕێککەوتن لە مێژووی ئەمەریکادا ناوزەد کرد، هەر بۆیە لە ئایاری (2018)دا تاک لایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە. [1]