=KTML_Bold=سیناریۆکانی دوای کوژرانی باوکی ئەتۆمی ئێران=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
لەکاتێکدا ترەمپ تەنیا (50)رۆژی ماوە لە کۆشکی سپی، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کەوا ترەمپ (گۆمی)رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشڵەقێنێت ئینجا بڕوات، بەمەستی تاڵکردنی (مانگی هەنگوینی بایدن) لە کۆشکی سپی، بۆیە پێدەچێت ئەم ماوەیە (برداً و سلاماً) بەسەر ئێراندا تێ نەپەڕێت، چونکە ترەمپ دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکاندا، هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە تاکوو بتوانێت (ئەوەی بە نیاز بوو لە چوار ساڵی داهاتوودا بیکات، لەم ماوە کورتەی لە بەردەمیدا ماوە ئەنجامی بدات) هەر بۆ ئەم مەبەستەش (مایک پۆمپێیۆ)ی بە سەفەرێکی مەکۆکی ناردە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کوژرانی (موحسین فەخری زادە) گورزێکی تری کەمەرشکێن بوو بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کاریگەریی و لێکەوتەکانی کوژرانی ئەم زانا ئەتۆمیە لەسەر ئێران، هیچی کەمتر نابێت لە کورژانی (قاسم #سلێمانی#) چونکە (فەخری زادە) بە گەورەترین عەقڵی ئەتۆمی ئێران و باوکی ئەتۆمی ئێران لە قەڵەم دەدرا، کوشتنەکەشی بەم شێوازە و لە نزیک تارانی پایتەخت، پرسیارگەلێکی زۆر درووست دەکەن سەبارەت بە ئاساییشی وڵاتی ئێران.
ئەگەرچی لە ساڵی (2008)ەوە ئەمەریکا (فەخری زادە)ی خستبووە ناو لیستی ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی کە سزا دراوەن و پارەکانیان بڵۆک کراوە، هەروەها (بنیامین نەتەنیاهۆ)ی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیلیش لە ساڵی (2018) دوای دزەپێکردنی زانیاریەکی بێشومار لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەروون و ڕاشکاوی ناوی (فەخری زادە)ی هێنا و بەگەورەترین بەرپرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی ناوزەد کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تاکوو ئێستا بە فەرمی هیچ وڵاتێک بەرپرسیاریەتی ئەم کارەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئێران هەر لە سەرەتاوە ئیسڕائیلی بە کوشتنەکە تۆمەتبار کرد، هەروەها ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)یش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسڕائیل لە پشت کوشتنی (فەخری زادە)وە بووە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە:
ئایا سیناریۆکانی کاردانەوەی ئێران بەرانبەر بە کوژرانی (فەخری زادە) چۆن دەبن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە (سێ سیناریۆ) دەخەینەڕوو:
=KTML_Bold=یەکەم/ تۆڵەی ڕاستەوخۆ:=KTML_End=
واتە کاردانەوەی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێت، هاوشێوەی تۆڵەکردنەوەی (قاسم سلێمانی) ئەویش لە ڕێگای ئاڕاستەکردنی چەند مووشەکێکی بالیستیک بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەڵام ئێران دەزانێت کەوا بەرگەی لێکەوتەکانی ئەم سیناریۆیە ناگرێت، چونکە ڕوون و ئاشکرایە کەوا ترەمپ لەم (50)رۆژەی ماویەتی لە کۆشکی سپی (لە بەهانەیەک دەگەڕێت) ئەگەر ئێران ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، ئەو کاتە ترەمپ وەک ئەوەی (هەنگوینی لە دار دۆزیبێتەوە) بەهانەی پێویستی دەکەوێتە دەست بۆ گورز وەشاندن لە ئێران، لە ڕێگای ( فڕۆکەی B-52 و کەشتی فڕۆکەهەڵگر) کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو گەیشتوونەتە ناوچەیەکە.
=KTML_Bold=دووەم/ تۆڵەی ناڕاستەوخۆ:=KTML_End=
واتە کاردانەوەی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێت، لە ڕێگای پڕۆکزییەکانی (#حەشدی شەعبی#) لە ئێراق هەروەها (حزب اللە) لە لوبنان بیەوێت هێرشی مووشەکی بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئەم سینارۆیەش هەمان لێکەوتەی سیناریۆی یەکەمی دەبێت، بۆیە دوورە ئێران ئەم سیناریۆیەش جێبەجێ بکات.
=KTML_Bold=سێیەم/ تۆڵە لە ڕێگای درووشمی بریقەدار:=KTML_End=
لەوە دەچێت ئێران ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، چونکە کەمترین مەترسی و کەمترین زیان و لێکەوتەی دەبێت، هەروەها لە (40) ساڵی ڕابردووشدا ئێران هەمیشە گوتوویەتی (مەرگ بەر ئەمەریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل) بۆیە لەم کات و ساتەشدا لەوە دەچێت ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی (فەخری زادە) ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکات، ئەویش بە مەبەستی ڕازیکردنی شەقامی شیعە، چونکە (باری لاری ئابووری و ناهاوسەنگی هێز) وا دەکات کاردانەوەی ئێران لەوە زیاتر تێپەڕنەکات، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت بەرگەی ئەم ماوەیە بگرێت کە (ترەمپ) لە (کۆشکی سپی) ماویەتی، بە ئومێدی هاتنی (بایدن) و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ. [1]