=KTML_Bold=کوردستان لە پێودانگی ئەمەریکادا!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
سەرەکیترین بنەما بۆ تێگەیشتن لە (ئەلفبێ)ی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمەریکا، بەندە بە تێگەیشتن لە شێوازی داڕشتنی بڕیار و ڕەنگڕێژکردنی ستراتیژییەتەکانی ئەمەریکا، هەموو ئەم کارەکتەر و دەزگایانەش کە بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمەریکا هەمیشە دوو بنەما لەبەرچاو دەگرن، ئەوانیش (پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا)ن، هەر ئەکتەرێکی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی کاریگەریان هەبێت بە شێوازی ئەرێنی یاخود نەرێنی لەسەر ئەم دوو بنەمایەی سەرەوە، ئەوا سەنگیان دەبێت لە پێودانگی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمەریکادا.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کەوا کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی سەنگ و پارێزبەندییەکی تایبەتیی هەیە لە پێودانگی ئەمەریکادا، ئەگەرچی کوردستان هێشتا خاوەن کیانێکی سەربەخۆش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ گرنگی خۆی هەیە لە هاوکێشەی ئەمەریکادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بەهۆی ئەوەی (هەرێمی کوردستان) لەلایەکەوە پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی گرنگ و ستراتیژی هەیە وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە، لەلایەکی تریشەوە ژێرخان و سەرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە.
ڕوون و ئاشکرایە درووستبوون و پاراستنی ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئەمەریکادایە، ئەم پاڵپشتییەی ئەمەریکاش وای کردووە کەوا باشووری کوردستان جیاواز لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان، ببێتە خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری لە چوارچێوەی ئێراقدا، لەم ڕوانگەیەشەوە بەرپرسانی کۆنگرێس و کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا (کۆماری و دیموکراتەکان) هەمیشە تەئکیدیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمێکی کوردستانی بەهێزدایە، لەچوارچێوەی ئێراقدا
پرسیار لێرەدا ئەوەیە:
ئایا سەرکردایەتی سیاسی هەرێم چۆن بتوانێت لە پێودانگی ئەمەریکادا سەنگی کوردستان زیاتر بکات و پێگەی کوردستان بەهێزتر بکات، لە پێناو مانەوە و پاراستنی بەردەوامی قەوارەی هەرێمی کوردستان؟
وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بۆ زیادکردنی سەنگی هەرێمی کوردستان لە پێودانگی ئەمەریکادا، گرنگە (داڕێژەرانی بڕیار) ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
1-نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێم.
2-ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا.
3-برەودانی زیاتر بەپرسی (شەفافیەت) لە داهات و خەرجی گشت سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت.
4-بووژاندنەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گورزار لە پێناو هەمەچەشنکردنی داهاتی کوردستان.
5-پاراستنی پێگەی پێکەوەژیانی کوردستان بەلای ئەمەریکاوە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.
6-پاراستنی پێگەی سەقامگیر و ئاساییشی هەرێم.
7-یەکخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم لەژێر چەتری حکومەتدا.
8-بە دامەزراوەیکردنی زیاتری دامودەزگاکانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرسێ دەسەڵات (یاسا دانان، جێبەجێکردن، دادوەری).
9-جێبەجێکردنی سیاسەتی (تەقەشوف) لە پێناو دەربازکردنی ئەم دۆخە ئابووریە قورسەی کەوا هەرێم و ناوچەکە و جیهانی گرتووەتەوە.
10-گرنگیدانی زیاتر بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەرز ڕاگرتنی شکۆی هاووڵاتییانی هەرێم لە ڕێگای برەودان بەئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیا و ئازدی خۆپیشاندانی مەدەنی لەچوارچێوەی یاسادا.
11-پێویستە داڕێژەرانی بڕیاری کوردستان لەپاڵ گرێبەستی سەربازی، گرێبەستی سیاسی و ئابووری هەمەچەشن لەگەڵ ئەمەریکادا واژوو بکەن.
12-گرنگیدانی زیاتر بە پرسی دادی کۆمەڵایەتی و بەرز ڕاگرتنی گوزەرانی هاووڵاتییان لە ڕێگای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و چینی مامناوەندی کۆمەڵگە.
لە کۆتاییدا گرنگە بۆ ئێمەی کورد کەوا بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی (لەسەر بنەمای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە) لە سیاسەتی ئەمەریکا تێبگەین و هەوڵبدەین بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هاوتەریب و پاڕاڵیڵ بکەین تاکوو قەوارەی هەرێمی کوردستان لەم ناوچە پڕ لە دوژمن و جیۆپۆڵۆتیکە داخراوەدا هەمیشە پارێزراو بێت، هەروەها پێویستە لەو حەقیقەتەش تێبگەین کەوا ئەمەریکا بەگوێرەی (گرێبەستە یاسایی و سیاسی و سەربازییەکان) سەنگ و قورسایی بۆ بەرانبەرەکەی دادەنێت، نەک لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسۆزی کۆمەڵایەتی! [1]