=KTML_Bold=نەخشەڕێگای دەربازبوون!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
دەتوانین کۆمەڵگەی کوردی پۆلێن بکەین بۆ سێ بەش (خەڵک، ڕۆشنبیر، دەسەڵات) بە گوێرەی ئەم پۆلێنە (توێژی ڕۆشنبیر) پردی پێگەوەگرێدانی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، بۆیە پێم وایە هەر کاتێک (درز یان بۆشایی) بکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەوا بەشێکی گەورەی بەرپرسیاریەتی دۆخەکە دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆشنبیران، چونکە ئەرکی سەرشانی چینی ڕۆشنبیرانە کەوا (نەخشەڕێگا بۆ هەردوو چینی خەڵک و دەسەڵات دابڕێژن، بە مەبەستی چاوساغیکردن و ڕۆشنکردنەوەی ڕێگایان) بە مەرجێک (خەڵک و دەسەڵات) گوێڕایەڵی چینی ڕۆشنبیر بکەن.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی خۆپیشاندانەکانی جیهاندا بخشێنین، دەبینین زۆربەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەرەنجامی کۆمەڵێک هۆکار و گرفتی گەورە بوون، کە لە ئەنجامدا پردی پەیوەندی نێوان (خەڵک و دەسەڵات) درز و بۆشایی تێکەوتووە، بۆ چارەسەرکردنی هۆکار و گرفتەکانیش کۆمەڵێک (ڕۆشنبیر و دەستەبژێری نیشتمانپەروەر) بوونەتە فریادڕەس بۆ دۆخەکە و توانیویانە (پردێکی پتەو) لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا درووست بکەنەوە، بۆ نموونە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا کاتێک گرفتی جیاکاری ڕەگەزی (Racism or Racial Discrimination) لە ئەمریکادا ڕۆژبەڕۆژ قۆڵتر دەبووەوە، کۆمەڵێک دەستەبژێری نیشتمانپەروەر بەسەرکردایەتی (مارتن لوثەر کینگ) دوای چەندین خۆپیشاندانی گەورە و فراوان، توانیان بە ئامانجە ڕەواکانیان بگەن و دەستکەوتی بەرچاو بەدەست بهێنن و کۆمەڵێک چاکسازی گەورە لە یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا ئەنجام بدەن.
خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی (دەڤەری #سلێمانی#) پێویستە ببنە دەرفەتێک بۆ ڕاچڵەکاندنی هەردوو چینی (دەسەڵات و ڕۆشنبیر) لە پێناو گوێگرتن لە (ڕەخنەی بنیاتنەر) بە میکانیزمی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی بۆ گەیشتنی پەیامی خۆپیشاندەران، بە مەبەستی هەڵوەستەکردنی دەسەڵات و ئەنجامدانی بەخۆداچوونەوەیەکی جدی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ هەموو گرفتەکان بۆ پاراستنی کەشتی هەرێمی کوردستان لە نغرۆ بوون، لەم چوارچێوەیەشدا پێم وایە ئەجیندای چارەسەرەکان پێویستە لەسەر بنەمایەکی (نەتەوەیی و نیشتمانی) دابڕێژرێت و ئەم (10) هەنگاوەش وەک (نەخشەڕێگا)ی دەربازبوون لەخۆبگرێت:
1-نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێم، بە جۆرێک دەستەبەری پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بکات، لە پێناو بەرز ڕاگرتنی شکۆی هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیا و ئازدی خۆپیشاندانی مەدەنی (لەچوارچێوەی یاسا) و دوور لە توندوتیژی.
2-گرنگیدان بە پرسی (دادی کۆمەڵایەتی) و بەرز ڕاگرتنی گوزەرانی هاووڵاتییان لە ڕێگای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، کە پێکهێنەری زۆرێنەی چینی مامناوەندی کۆمەڵگەن.
3-بەرنامەڕێژیکردن بۆ سێکتەری پەروەردە لە ڕێگای پڕۆسەی (مرۆڤ سازی و نیشتمان سازی) بۆ ئەوەی (ئینتیما) بۆ تاکی کورد بگەڕێنرێتەوە تاکوو بتوانێت بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی زاڵ بکات بە سەر بەرژەوەندی (کەسی و حیزبی)دا.
4-ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا.
5-برەودانی زیاتر بەپرسی (شەفافیەت) لە داهات و خەرجی گشت سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت.
6-بووژاندنەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گورزار لە پێناو هەمەچەشنکردنی داهاتی کوردستان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ چینی گەنج و لاوان و کەمکردنەوی ڕێژەی بێکاری.
7-پاراستنی پێگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
8-پاراستنی ئاساییش و پێگەی سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
9-یەکخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم لەژێر چەتری حکومەتدا.
10-بە دامەزراوەیکردنی زیاتری دامودەزگاکانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرسێ دەسەڵات (یاسا دانان، جێبەجێکردن، دادوەری).
لە کۆتاییدا گرنگە بزانین کەوا هەموومان دانیشتووی ئەم کەشتییەی هەرێمی کوردستانین و ئەرکی سەر شانی هەموولایەکمانە، بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەرێک بۆ کون و کەلەبەرەکانی ئەم کەشتییە بدۆزینەوە، چونکە بە نقوومبوونی ئەم کەشتییە نەک تەنیا باشووری کوردستان زەرەر دەکات، بەڵکوو تاکە ئومێدی هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانی گەورەش لەبار دەچێت! [1]