ئایا ترەمپ دەبێتە سەرۆکێکی (ئاخیر شەڕ) بۆ ئێران!
#کارۆخ خۆشناو#
(بزنسمان)ەکان بەگشتی و ترەمپ بەتایبەتیی لە هیچ یارییەکدا حەزناکەن بدۆڕێن، ئەم هۆکارەش وای کردووە تاکوو ئێستا ترەمپ دان بە شکستی خۆیدا نەنێت لە بەرانبەر بایدن، ئێستا ترەمپ (لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە) تووڕە و هەستیار دەردەکەوێت بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەو ڕاستییەش دەزانێت کەوا تەنیا (25) ڕۆژی ماوە لە کۆشکی سپی، بۆیە ترەمپ وەک هەموو سەرۆکێکی پێش خۆی، دەیەوێت شوێن دەستی خۆی لە مێژووی ئەمەریکا و جیهاندا بەجێ بهێڵێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گرووپەکانی (#حەشدی شەعبی#) بەهانە دەدەنە (دۆناڵد ترەمپ) تاکوو شوێن دەستی خۆی لەسەر ڕووی ئێراندا بنەخشێنێت؟
دوای حەفتەیەکی دیکە ئێران و گرووپە شیعەکانی ئێراق لە بەردەم تاڵترین ساڵیادی سەدەی (21)دا دەبن، ئەویش ساڵیادی کوژرانی ئەندازیاری هیلالی شیعی و گەورە فەرماندەی سەربازی ئێران (قاسم سلێمانی)یە، ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا ئەگەر هەیە ئێران یاری بە ئاگر بکات و چالاکییەک دژی ئەمەریکا ئەنجام بدات، بە مەبەستی تێرکردنی حەزی تۆڵەی شەقامی شیعە و ڕازیکردنی (ڕای گشتی) شوێنکەوتووانی شیعەی ئێران و ئێراق، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم چالاکییە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە نەکرێت، بەڵکوو ناڕاستەوخۆ لەلایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبیەوە بکرێت، دۆناڵد ترەمپیش پێشوەختە لە ڕێگەی تویتەرەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هۆشداری توندی داوەتە ئێران ئەگەر ئێران یان پڕۆکزییەکانی هەر گورزێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بوەشێنن، ئەوا ترەمپ گۆمەکە دەشڵەقێنێت بەسەر سەری ئێراندا.
جموجووڵە نائاساییەکانی شەوی ڕابردووی شاری بەغدا لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری ئێراق و گرووپی (کتائب عصائب اهل الحق) ئاماژەن بۆ ئەوەی کەوا (25) ڕۆژی داهاتوو بۆ ئێراق سەخت و هەستیار دەبن، چونکە بەغدا بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و ئێراقیش کەوتووەتە نێوان بەرداشی ئەمەریکا و ئێران، ئەگەرێکیش هەیە ئەمەریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغداوە بۆ #هەولێر# بگوازێتەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی دیپلۆماتکاران، چونکە هەولێر پێگەیەکی سەقامگیر و پارێزراوی هەیە، ئەگەرچی گرنگە داڕێژەرانی بڕیار (وەک ڕابردوو) بەردەوام بن لە سیاسەتی (باڵانس و هاوسەنگی ڕاگرتن) لەنێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام لە حاڵەتی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداوە بۆ هەولێر، پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان (گرەنتی) پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە (نووسراوی فەرمی) لە ئەمەریکا وەربگرێت.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا (کازمی) لە دوو نمایشدا لە بەرانبەر (حەشدی شەعبی) شکستی هێناوە:
یەکەم/ کاتێک (14) چەکداری گرووپی (حزب اللە)ی بە تۆمەتی هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەسگیرکردن، بەڵام ناچار بوو لەژێر فشاری (حەشدی شەعبی)دا دوای چەند ڕۆژێک ئازادیان بکات.
دووەم/ دوای دەستگیرکردنی کەسێکی تۆمەتبار بە هێرشەکانی یەکشەممەی ڕابردوو، ئەم جارەش (کازمی) ناچارکرا دەستگیرکراوەکە ڕادەستی حەشدی شەعبی بکاتەوە.
ئەم دوو نموونەی سەرەوە پەیامێکی ڕوونە کەوا کازمی و حکومەتەکەی و دامودەزگاکانی ناتوانن بە هیچ شێوەیەک لێپرسینەوە لەگەڵ میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی)دا بکەن.
بەمانایەکی تر ئەم دوو ئەزموونەی (کازمی) لە ڕابردوودا پێمان دەڵێن: (حوکمی میلیشیاکانی حەشد) زاڵە بەسەر (حوکمی کازمی)دا، ئەگەرچی کازمی ئومێدی مانەوەی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەڵچنیوە، بەڵام ئەگەر کازمی بەم لاوازییەی بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی داهاتوودا تووشی شکستێکی گەورە بێتەوە، چونکە لەلایەک متمانەی هاووڵاتییان لەدەست دەدات، لەلایەکی دیکەیش متمانەی ئەمەریکا لە دەست دەدات. [1]