=KTML_Bold=ترەمپ وازناهێنێت!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا (پڕ کێشەترین و پڕ سکاڵاترین و سەیر و سەمەرەترین) پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئەمەریکادا، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەک، هەروەها هەڵسوکەوت و لێدوان و بانگەشە ناوازەکانی (ترەمپ) لەلایەکی تر.
پڕۆسەی هەڵبژردنی سەرۆکی ئەمەریکا لە هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازتر و ئاڵۆزترە و کاتێکی زۆرتری دەوێت، بە جۆرێک کەوا لە سەرەتای پڕۆسەکەوە تا کۆتایی پڕۆسەکە نزیکەی (18) مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەستووری ئەمەریکا هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەکەی بەڕوونی ڕەنگڕێژکردووە، هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە کاتێک لە هەڵبژاردنی گشتیدا خەڵکی ئەمەریکا دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) هەڵدەبژێرن، تا کۆتای پڕۆسەکە و سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو.
ئەگەرچی (دۆناڵد ترەمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی ڕابردوو شکستیهێنا، بەڵام تاکوو ئێستا ئامادەنەبووە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و پیرۆزبایی لە (جۆ بایدن) بکات، ئەگەرچی ئەم پیرۆزباییکردن و دان بەشکستنانە ئەرکێکی یاسایی نییە لە ئەستۆی ترەمپ، بەڵام عورفێکی دیموکراسی لەمێژینەی ئەمەریکا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو مانگی ڕابردوودا ترەمپ لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئەگەر ئەنجوومەنی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلیج) بایدن هەڵبژێرن، ئەوا دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەکات و کۆشکی سپی بەجێ دەهێڵێت.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممە (#03-11-2020#) دەستەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکی ئەمەریکاوە هەڵبژێردران، دواتر لە ڕۆژی دووشەممە (#14-12-2020#) ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان کۆبوونەوە و دەنگیاندا، لە ئەنجامدا بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) توانی (306) دەنگی (ئەنجوومەنی هەڵبژاردن) بەدەست بهێنێت، لە بەرانبەردا (دۆناڵد ترەمپ) توانی تەنیا (232) دەنگی ئەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، واتە دەستەی هەڵبژاردن بە فەرمی (جۆ بایدن) بە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا هەڵبژارد و (دۆناڵد ترەمپ)یش دوای ڕەتکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی لەلایەن دادگای باڵا (Supreme Court) بە فەرمی دۆڕا و بەتەواوی نائومێد بوو لە دەرەنجامی سکاڵاکان و هەوڵ و کۆششەکانی تیمی یاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دوا هەوڵی ترەمپ لە ڕێگای فشاری شەقامەوە دەبێت، هەروەک لە تویتەردا داوای لە دەنگدەرانی کرد ڕۆژی چوارشەممە (#06-01-2021#) بڕژێنە سەر شەقامەکان، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی چوارشەممە؟
چونکە ڕۆژی چوارشەممە (#06-01-2021#) دوا قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا لە کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، ئەویش لە ڕێگای کۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی کۆنگرێس (ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران) بە مەبەستی پەسەندکردنی (دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردن) و بە فەرمی ڕاگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەکان و ناساندنی سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.
ئەگەرچی لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕوون و ئاشکران، بەڵام بە گوێرەی ماددەی (2)ی دەستووری ئەمەریکا، پێویستە ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە دوایەمین هەنگاو لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (#20-01-2021#) ئەنجام دەدرێت، ئەویش بریتییە لە ڕێووێنەێکی شایستە (Inauguration Day) کە تیایدا سەرۆکی هەڵبژێردرا و (جۆ بایدن) لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا سوێندی یاسایی دەخوات و دەسەڵاتەکان لە (دۆناڵد ترەمپ) وەردەگرێت.
دیموکراسییەتی ئەمەریکا لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبێت، چونکە دۆناڵد ترەمپ تاکوو ئێستا ئامادە نییە دەسەڵاتەکانی ڕادەست بکات، لەم چوارچێوەیەدا بە هاوکاری (11) سیناتۆر فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بگۆڕێت، وەک ئەو فشارەی کە لە ڕۆژی شەممە (لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەک سعاتی) لە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی جۆرجیای کرد، دوێنێش ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ناوەرۆکی پەیوەندییەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا (ئەگەرچی کۆمارین و سەر بە پارتەکەی ترەمپن) ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری ترەمپ، لەبەر ئەوە ترەمپ نا ئومێدبووە و تەنیا ڕێگا لە بەردەمیدا مابێت ورووژاندنی شەقامی ئەمەریکایە بە مەبەستی کۆسپ درووستکردن بۆ پڕۆسەی دەستبەکاربوونی (بایدن) و ڕادەستنەکردنی دەسەڵات، بەم هەڵسوکەتەشی ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا (جیاواز لە 44 سەرۆکەکەی پێش خۆی) کە ئامادە نییە واز لە کورسی کۆشکی سپی بهێنێت و دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بێت، بەم شێوەیە ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە بە عەقڵیەتێکی هاوشێوەی سەرۆکە ڕۆژهەڵاتییەکان بیربکاتەوە و ئەگەر بۆی بچێتە سەر تا کۆتایی ڕۆژەکانی وەک سەرۆکی ئەمەریکا بمێنێتەوە، بەڵام بە (هێزی) دەستوور و (پتەوی) ڕەگ و ڕیشەی دامودەزگاکانی ئەمەریکا، ڕێگرن لە بەدیهاتنی خواستە تاکڕەوییەکانی ترەمپ.
بەهۆی سەرکێشیەکانی ترەمپ (کۆمارییەکان) جگە لە دۆڕاندنی کۆشکی سپی، ئەنجوومەنی نوێنەرانیشیان دۆڕاندووە، ئەگەر هەیە سبەی سێشەممە لە پڕۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتی جۆرجیاش دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لەم حاڵەتەشدا دیموکراتەکان دەبنە براوەی کورسی کۆشکی سپی و هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسی ئەمەریکا (ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران). [1]