=KTML_Bold=ترەمپ و ترەمپیزم!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
کارەکتەری (ترەمپ) وەک سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمەریکا قسە زۆر هەڵدەگرێت، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی لە (کۆشکی سپی) ڕەوتی سپی پێستی نەژاد پەرست (White Supremacist) لەژێر سایەی چەتری (ترەمپیزم)دا گەیشتە لوتکە، بە جۆڕێک ڕووداوەکانی چوارشەممەی ڕابردوو کڵپەی ئەم ڕەوتەی گەیاندە (ترۆپک) و خەریک بوو کۆنگرێسی ئەمەریکاش بسووتێنێت، ئەم ڕووداوانەش هەموو جیهانی تووشی شۆک کرد.
چاوەڕواندەکرێت ناوی (ترەمپ) وەک یەکەم سەرۆکی تاکڕەوی ئەمەریکا بچێتە ناو مێژوو، چونکە ترەمپ توانی لە ڕێگای پڕۆسەی دیموکراسی ئەمەریکاوە بگاتە ترۆپکی دەسەڵات و هەروەها توانی لە ڕێگای پڕاکتیزەکردنی مۆدێلێکی ناتەندرووستی ناڕەزایی دەربڕین (لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان) ئەم سیستەمە بهەژێنێت، بەڵام هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و بەزاندنی هێڵی سوور، بوونە هۆی ڕاچڵەکاندنی داڕێژەرانی بڕیاری ئەمەریکا، زۆربەیان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کەوا پێویستە لە ڕێگای یاساوە بە توندترین شێواز ڕووبەڕووی ئەم ڕەوتە تێکدەرە ببنەوە و سنوورێک بۆ ئەم شەپۆلە دژە دیموکراسیە دابنێن، ئەمەش لە پێناو پارستن و پتەوترکردنی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکا کە بە دایکی کۆی سیستەمە (دیموکراسییەکانی جیهان) دەشوبهێنرێت، بۆیە لە ئێستادا دیموکراتەکان و کۆماریەکان لەهەوڵدان تاکوو پەرژینێکی (قایمتر لە جاران) بە دەوری دیموکراسییەتی ئەمەریکادا بکێشن، تاکوو هیچ کارەکتەرێکی هاوشێوەی ترەمپ جورئەت نەکات جارێکی تر شکۆی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکا لەکەدار بکات و نەیارانی ئەم سیستەمەش دڵخۆش بکات.
لەم چوارچێوەیەدا لەلایەک لەسەر ئاستی ناوخۆی پارتی کۆماری، هەوڵی جدی لە ئارادان تاکوو پارتەکەیان لەژێر چەپۆکی ترەمپ دەربهێنن، چونکە هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ هۆکاری سەرەکی بوون نەک تەنیا بۆ لە دەستدانی کۆشکی سپی، بەڵکوو بۆ دۆڕانی (پارتی کۆماری) لە هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس (پیران و نوێنەران)، ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک کارەکتەری دیاری پارتی کۆماری نیگەران بوون لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی پارتی کۆماری، بەڵام ئەو کاتە سەرکەوتوو نەبوون لە سنودارکرنی ترەمپ.
لەلایەکی تریش لەسەر ئاستی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەوڵێک لە ئارادایە بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی و کاراکردنی هەموواری (25)ی دەستووری ئەمەریکا، بەڵام چونکە ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت، لەوە ناچێت ئەم هەوڵانە بگەنە ئامانج، بۆیە ترەمپ تا کۆتا ڕۆژەکانی خولەکەی واتە تاکوو ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/20) وەک سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات وڵاتانی نەیاری ئەمەریکا تاکوو (10) ڕۆژی تر دەستیان لەسەر دڵیان بێت، نەوەک ترەمپ گۆبەندێک بنێتەوە و گورزێک بوەشێنێت، بە مەبەستی تاڵکردنی مانگی هەنگوینی (بایدن) لە کۆشکی سپی، ئەم نیگەرانییەش لەوە سەرچاوەی گرتووە کەوا هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ پێشبینی نەکراون، بەتایبەت لە ئێستادا بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکان (سایکۆلۆژیای تڕمپ) ناجێگیر و توڕە دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەر وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا هەموو دەسەڵاتێکی هەیە و کۆدی چەکی ئەتۆمیشی لەبەردەستە، بۆیە نیگەرانییەکان لە زیادبووندان.
لە بەرانبەردا بەهۆی ترسی ترەمپ لە لێپیچینەوەی یاسایی دوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، چاوەڕان دەکرێت لە کۆتا ڕۆژەکانی سەرۆکایەتیدا فەرمانی لێ خۆش بوون بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دەربکات تاکوو پارێزراو بێت لە هەر هەوڵێکی دادگاییکردن لە دوای نەمانی لە کۆشکی سپی.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە (واشنتن) ڕوویدا لە مێژووی دیموکراسی ئەمەریکادا بێ وێنە بووە، ئەمەش وای کرد (ترەمپ) کۆی پڕۆسەی دیموکراسی لە ئەمەریکا و جیهاندا بخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت و وێنەی ناشرینترین سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خۆی بکێشێت، بە جۆرێک ئەو هەوڵەی ترەمپ وەک جۆرێک لە خۆکوژی سیاسی (Political Suicide) لە قەڵەم درا و بەم هۆیەشەوە دوا بزماری لە تابووتی ژیانی سیاسی خویدا، لەبەر ئەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی کۆنگرێس بە هاندان و بانگهێشتی ترەمپ ئەنجام دران، بۆیە چاوەڕووان دەکرێت دوای چەند ڕۆژێکی تر سەردەمی ژیانی سیاسی (ترەمپ) بۆ هەتاهەتایە کۆتایی پێ بێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ڕەوتی (ترەمپیزم) بەم نزیکانە بە کۆتا بێت! [1]