=KTML_Bold=کورد و باوەڕ بەخۆبوون!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، باوەڕبەخۆبوونە (Self Confidence)، چ لەسەر ئاستی تاک بێت یان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بە گشتی.
لە (ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو)شدا یەکێک لە ڕێگەکانی دوژمنانی کورد بۆ ڕێگەگرتن لە درووستبوونی کیانێکی کوردی، تێکشاندنی کەسایەتی و سایکۆلۆژیای (تاکی کورد) بووە، ئەویش لە ڕێگەی سیاسەتی (سەرکوتکردن و ژێردەستەیی و داپڵۆسین و چەوساندنەوە) ئەم پڕۆسەیەش بە درێژایی مێژوو (لە ڕێگەی جیاوازەوە) بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستەماتیک لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە پیادەکراوە، ئامانج لەم پڕۆسەیەش درووست نەبوونی تاکی کوردی (باوەڕ بەخۆبووە) کە بەردی بناغەی درستبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و پێشکەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە مێژوو سەلماندوویەتی کەوا فاکتەری (باوەڕبەخۆبوون) نهێنی مانەوە و سەرکەوتنی میللەتی کورد بووە لە (ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو)شدا.
لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ئێمەی کورد لەو حەقیقەتە تێ بگەین کەوا (باوەڕبەخۆبوون) بەردی بناغەی سەرهەڵدانی هەموو شارستانییەتەکانی جیهان بووە، بۆ نموونە ئەو ئەمریکایەی کە ئێستا بووەتە زلهێزترین وڵاتی دونیا لەسەر دەستی کۆمەڵێک کەسی (باوەڕبەخۆبوو) بنیاتنراوە کە بە (باوکانی دامەزرێنەر) ناسراون، بریتین لە:
جۆرج واشنتن، جۆن ئەدامز، تۆماس جیفەرسۆن، جەیمس مادیسۆن، ئەلێکساندەر هامیڵتۆن، جەیمس مۆنرۆو، بێنجامین فرانکلین، ئەمانە بە یەکەوە، بناغەی دەوڵەتێکی دیموکراسی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان دامەزراند، شەرعیەتیێکیان جێهێشت کە نەخشەی جیهان دادەڕێژێت.
لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین و هەندێک گلەیی لە خۆشمان بکەین و دان بە هەندێک ڕاستی تاڵدا بنێن، کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان بە ئاگایی بێت، یاخود بەبێئاگایی، درێژەپێدەری هەندێک لە شێوازەکانی داگیرکەران بوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا، لە یادەوەری هەمووشماندا کۆمەڵێک یادگاری تاڵ هەیە لەسەر تێکشاندنی کەسایەتی یەکتر، بە جۆرێک کە دەرەنجامێکی خراپی لێ کەوتەوە و کۆمەڵێک تاکی بێمتمانە و (باوەڕبەخۆ نەبوو)ی لێبەرهەم هاتووە.
لە کۆتاییدا گرنگە تاک بە تاکی نەتەوەی کورد باوەڕی تەواوی بە خۆی هەبێت و بە هیچ جۆرێک خۆی پێ کەمتر نەبێت لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەک گرنگە لەسەر ئاستی (حکومی) لە ڕێگای سێکتەری پەروەردەوە هەوڵ بدرێت وانەی (باوەڕبەخۆ بوون) بخرێتە نێو مەنهەجی خوێندن، تاکوو بەشێوازێکی (زانستیانە و سەردەمیانە) پڕۆسەی پەروەردەکردن لە پێناو درووستکردنی (تاکێکی باوەڕ بەخۆبوو) بەڕێوە بچێت، هەروەها لەلایەکی تریش گرنگە لەسەر ئاستی کەسی، هەموومان کار لەسەرخۆمان و خێزان و ژینگە و دەوروبەرمان بکەین، بە جۆرێک کە هەمیشە (تۆو)ی باوەڕبەخۆبوون (دوور لە خۆبەزلزانین و نەژاد پەرستی) لە ناخماندا بچێنین، لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانی دوژمنان، چونکە بەدیهێنانی خەونەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانی دوژمنان پێویستی بە کۆمەڵگەیەک هەیە کە تاکەکانی باوەڕیان بە خۆیان هەبێت. [1]