دادگاییکردنی (ترەمپ) سیاسییە یان دەستووری؟
#کارۆخ خۆشناو#
ڕۆژی سێشەممە (#09-02-2021#) پڕۆسەی دادگایکردنی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەستی پێ کرد، ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ (ترەمپ) بریتییە لە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ هێرشکردنە سەر بینای کۆنگرێس لە ڕۆژی چوارشەممە (#06-01-2021#) واتە (خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا) بە مەبەستی تەگەرە خستنە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی (بایدن) و کۆسپ درووستکردن بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکانی (ئیلیکتۆڕاڵ کوڵیج).
لێرەدا ئارگیومێنتێکی سیاسی و دەستووری سەریهەڵداوە لەنێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، لەلایەک کۆمارییەکان دەڵێن پڕۆسەی لێپێچینەوەکە دەستووری نییە بەڵکوو سیاسییە، چونکە بە گوێرەی (مادەی دوو، بڕگەی چواری دەستووری ئەمەریکا) باس لە دادگاییکردنی سەرۆک دەکات کاتێک کە لە (کۆشکی سپی) مابێت، بەڵام ترەمپ لە پۆستەکەی نەماوە، چونکە بەگوێرەی دەستوور ئەگەر ئەم تۆمەتەی بەسەردا ساغ بێتەوە ئەوا لە کورسییەکەی دوور دەخرێتەوە کۆمارییەکان دەڵێن: ترەمپ ئێستا وەک سەرۆک لە (کۆشکی سپی) نەماوە تاکوو لە کورسییەکەی دووربخرێتەوە!
لەلایەکی تر دیموکراتەکان دەڵێن ئەم کارەی (ترەمپ) کردی، بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە مێژووی ئەمەریکادا وێنەی نەبووە، بەهۆیەوە کۆی پڕۆسەی دیموکراسی ئەمەریکا خرایە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت و وێنەیەکی ناشیرینی بۆ دیموکراسییەتی ئەمەریکا کێشا، بۆیە نابێت (ترەمپ) وەک (بەرزەکی بانان) بۆی دەربچێت، بەڵکوو دەبێت سزای خۆی وەربگرێت و بکرێتە پەند و عیبڕەتی زەمانە، تاکوو هیچ کەسێکی تر (ئەگەر لە پۆستی سەرۆکی ئەمەریکاشدا بێت) جورئەت نەکات هاوشێوەی ترەمپ مامەڵە بکات!
لە ڕاستیدا هەردوو بۆچوونەکەی (کوماری و دیموکراتەکان) بەشێکی ڕاستی تێدایە، چونکە وەک کۆمارییەکان دەڵێن: ئەگەرچی پرسی لێکۆڵینەوە لە سەرۆک پرسێکی دەستوورییە، بەڵام دیموکراتەکان ئەم پرسەیان بە سیاسی کردووە، لەم ڕێگەیەشەوە دیموکراتەکان مەبەستیانە لەلایەک ڕێگری بکەن لە خۆکاندیدکردنەوەی (ترەمپ) بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2024)، لەلایەکی تریش دەیانەوێت (ترەمپی لاسار) تەمبێ بکەن.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە (100) ئەندام پێکهاتووە و کورسییەکانی ئەم خولە بەم شێوەیە دابەش بوون:
دیموکراتەکان (50) ئەندام.
کۆمارییەکان (50) ئەندام.
دیموکراتەکان پێویستیان بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران هەیە تاکوو بتوانن ترەمپ سزا بدەن، واتە (67) دەنگ لە (100)دەنگ، ئەمەش تا ڕادەیەک زەحمەتە، چونکە کۆمارییەکان پێیان وایە ئەم هەنگاوە برینی لێکرازانی شەقامی ئەمەریکی قووڵتر دەکات.
لە مێژووی ئەمەریکادا (ترەمپ) یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە کە دوو جار (ئیمپیچ) کرابێت، واتە یەکەمجارە لە مێژووی ئەمەریکادا هەوڵبدرێت دوو جار لێپرسینەوە لە سەرۆکێک بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەزۆرینەی دەنگ (232 دەنگی بەڵێ بەرانبەر 197 دەنگی نەخێر) بڕیاریدا دووبارە لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بکات، لە ئێستاشدا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەنجوومەنی پیرانە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆسەیە هەفتەیەک بخایەنێت واتە تاکوو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (#15-02-2021#) دادگاییکردنەکە لە ئەنجوومەنی پیران بەردەوام دەبێت.
ئەوەی جێگای تێڕامانە لە سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکادا ئەوەیە کە ئەم سیستەمە هەمیشە خۆی نوێ (Update) دەکاتەوە، لەم ڕوانگەیەشەوە پڕۆسەی دادگاییکردنی سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، گرنگی سیستەمی سیاسی ئەمەریکا پیشان دەدات، کە بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی دەستووری ئەمەریکا هەر سێ دەسەڵاتەکەی لە یەکتر جیاکردووەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئەمەریکا هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەی بەڕوونی ڕەنگڕێژ و فەراهەمکردووە، ئەویش لە پێناو چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە. [1]