=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: فیلمی 1988 بە چاوێکی ڕەخنەگرانە: بەرهەمهێنان و بودجە و ناونیشان، پۆستەر، سیناریۆ، فلاش باک=KTML_End=
ناوی نووسەر: #عومەر محەمەد قادر#
بەشی یەکەم
مایەی دڵخۆشییە توانای هونەرمەندان بەتایبەتیش گەنجەکانمان لە بەرهەمهێنانی فیلمدا دەبینم، کە سوودیان لە زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆجیا بینیوەوە، لەڕووی تەکنیک و تەکنۆلۆجیاوە فیلمی کوردییان بردووتە ئاستێکی باش و بە تەکنیکی نوێ کار دەکەن. جا ئەگەر فیلمەکان لە گێڕانەوەی چیرۆکدا سەرکەوتوو بن ئەوا دڵخۆشییەکەش زیاتر و هیواکانیش هەوراز تر دەبن. خۆ ئەگەر فیلمەکەش لە هەموو لایەنەکانییەوە سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا دیوێکی هەیە بۆ دڵخۆشی چونکە کاری شکستخواردووش هێشتا هەر شایانی پشتیوانی و دەستخۆشییە نەک ڕەتکردنەوە. ئەوەش با لەو لاوە بوەستێت کە من لەگەڵ سەرکۆنەکردنی کەسدا نیم. بەپێچەوانەوە ئەوەی بە شوێنێکی خراپمان دەگەیەنێت یەکتری شکاندن و سەرکۆنەکردن و ڕەتکردنەوەی هەموو دیوەکانە هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕەخنەگرتندا وەک دکتۆرێکی شارەزا بێ ڕەحمانە چەقۆی نەشتەرگەری بخەینە کار لە پێناوی ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشێکدا.
خۆ مەرج نییە هونەرمەندێک بە فیلمێک دەرەقەتی تراجیدیایەکی گەورەی وەک #هەڵەبجە# یان هۆلۆکۆست بێت، بەڵام دەتوانێت دیوێکی وا نیشان بدات کە لە هەڵبژاردنی چیرۆکێکی ناو تراجیدیا گەورەکەوە، بە گۆشەیەکی نادیار ئاشنامان بکات و نادیارێک بە دەربخات، کە ئەوانی دیکە نەیانتوانیوە بیبینن. دەتوانێت لە چیرۆکی تاکە کەسێکەوە بمانباتەوە ناو یادەوەریی بەکۆمەڵ و بەردێک بخاتە سەر بینای کۆیاد و دادپەروەری و هۆشیاری لێ بەرهەم بێت.
خۆزگە فیلمی 1988م بە جۆرێک بدیتایە لە هەموو لایەنەکانەوە تێر و ئاسوودەی بکردمایە، مادام بە تەکنیک و کامێرای باش وێنە گیراوە بە چیرۆکێکی باشیشەوە بهاتایەتە ناو دونیای فیلمسازیی کوردییەوە. بەلای کەمەوە پەیامێکی باشی هەبووایە، بێگومان ئەمە بۆ هەموومان مایەی شانازی و دڵخۆشی دەبوو. ئەگەرچی بەم حاڵەشەوە (پەیام)ەکەی لێ بەدەر، دیوێکی هەر شایان بە دەستخۆشی و دڵخۆشییە. لێرەوە هەوڵ دەدەم ئەوەندەی توانام بەسەریدا بشکێ بابەتیانە لە بارەیەوە دەدوێم. ئەوەشی پەیم پێ نەبردبوو داوای بەخشین دەکەم.
فیلمەکە لە ڕووی هونەرییەوە سادە و لە ڕووی چیرۆکەوە خراپ و لەڕووی تەکنیکییەوە لەچاو سینەمای کوردی دا لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەمەش هێندەی دەستکەوتی تەکنەلۆجیایە هێندە هونەر و داهێنانی هونەرمەند نییە. فیلمی 1988 هەڵگری پەیامێکی خراپە، چونکە بە دنیا دەڵێت: کە فارسەکان فریادڕەسن و کوردەکان پاسیڤ و پێشمەرگەکان تێکدەر و تیرۆریستن، ئەمەش مایەی نیگەرانییە. جا سەرکردایەتی وسیاسیەتی حیزبەکانی ئەوسای کوردستان هەرچییەک و هەرچۆنێک بووبێت، دەبێت پێشمەرگە وەک ناسنامە و وەک مافی تاکەکەسیش پارێزراو بێت، ئەو کێیە و چییە و چ دەکات ئەوەیان مەسەلەیەکی ترە گرنگ ئەوەیە (گەنجێک کەسێک ئامادەی بەرەنگاری فاشیزمە) .
فێڵەکانی مۆنتێر و مۆنتاجکردن بینینێکی ڕاستەقینەمان بۆ دەستەبەر ناکەن. ناتوانن مانا بەرهەم بهێنن، جادووی تەکنیک لە زۆربەی فیلمە نوێیەکاندا بووەتە هۆی لەدەستدانی زەمەن، لە نێوان دیمەنێک و دیمەنێکی تردا. ئەمەش نەک هەر چێژی بینین تەنانەت هێزی نووسینی ڕەخنەش لاواز دەکات. وێنەی پراکتیکی (الصورة الفعلیة) یاخود سروشتی هونەری ئیستاتیکایە، جوانیناسی گرنگترین ڕەگەز و گرنگترین ئەرکی هونەرە بەتایبەتیش لە هونەری سینەمادا کە دەرهێنەر ئەرکی گێڕانەوە بە وێنە دەسپێرێت و ئەویش لەخۆڕا نابێت بەڵکوو هەر گرتەیەک لەسەر چەند بنەمایەک دەبێت کە گرنگترینیان بابەت و مەبەست لەو گرتەیەیە، یاخود کاریگەری گرتە.
بەرهەمهێنانی فیلمەکە
ئەوە مایەی دڵخۆشییە کە بەرهەمهێنەری (producer) فیلمەکە کوردە، چونکە پەیدابوونی بەرهەمهێنەر بە پارەیەکی زۆرەوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی، جێگەی دڵخۆشییە، بەلای کەمەوە دەبینین کە هەنگاوێکمان هەڵهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم. بەرهەمهێنەر وکۆمپانیای بەرهەمهێنان یەکێکن لە گرنگترین پێداویستییەکانی دروستبوونی فیلم و پیشەسازی سینەمای کوردی. بەخۆشحاڵییەوە ناوی کوردێک، ڕامان شەوکەت، وەک بەرهەمهێنەری فیلمەکە لەسەر پەردەی سینەما دەبینین. بەڵام ئەو خۆزگەیەشم ناشارمەوە کە پارەکەی باشتربۆ خەرج بکردایە و قازانجێکی باشتریشی لێ بکردایە.
دەرهێنەر و نووسەر (سیناریست) ئاشکرایان کردووە، کە ستافی فیلمەکە لە سینەماکاری ئەکادیمی و کەسانی بەئەزموونی کورد و فارس پێکهاتوون. سینەماکاری ئەکادیمی! بۆ من مایەی پرسیارە ئەمە با بمێنێت چونکە هەویرێکی ئاوکێشە.
ماوەی پێش-بەرهەمهێنان زۆر نەبووە، بە هەمووی حەوت مانگ بووە و بە 45 ڕۆژیش وێنەگرتنی بە ئامێر و کامێرای ئاست بەرزی سینەمایی تەواو بووە. ڕەنگە من ئەو مافەم نەبێت بپرسم بۆچی؟ بەڵام مافی ئەوەم هەیە بپرسم پڕۆژەی فیلمێکی وا گەورە بۆ کاتێکی زیاتری بۆ تەرخان نەکراوە، پەلەکردن بۆچی؟ بێگومان ئەم ماوەیە بۆ فیلمێک کە وەک لە ناونیشانەکەیدا دیارە “1988” زۆر کەمە، بۆ گەڕان بەدوای زانیاری بەدەستهێنانی و کۆکردنەوەی چیرۆکی گونجاو و نووسینی سیناریۆکەی. بەداخەوە گەڕان و توێژینەوە هێندە لاوازە تەنانەت نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە جوان دیقەتی وێنە و فۆتۆکانی سەر وەختی تاوانەکەشیان نەداوە، فۆتۆکانی ئەحمەد ناتقی و ئەوانەی دیکە کە لە کیمیابارانی هەڵەبجە دا گیراون و بڵاو کراونەتەوە پڕن لە چیرۆک و پەرچەکردار و بەرخورد، شایەن بە تێڕامان و خوێندنەوەن. چونکە هەر یەکێک لەو وێنانە دەکرێت لە ڕەهەندی جیاوازەوە بخوێنرێنەوە، بێگومان هەر یەکەیان ڕەهەندی قووڵی مرۆیی و تراجیدییان هەڵگرتەوە و هەموویان مانادارن و ئەوە دەهێنن چ نووسەر چ دەرهێنەر مانایان لێ بەرهەم بهێنێتەوە و پەنهانیان لێ بدۆزێتەوە و نادیارەکان دەربخات. هەق نییە ئەو شارە پڕ ڕەنگەی پێش کیمیاباران، کە هێشتا ڕەشپۆشە و ڕەنگی تێدا کوژراوە جێگەی سەرنج و تێڕامانی هونەرمەندان نەبێت!
شوێنی وێنەگرتن ناو شاری هەڵەبجە و دەوروبەرێتی. بەداخەوە لەو شارە گەورەیەدا هەڵبژاردنی شوێن پڕە لە ئیشکالییەت هەم لە ڕووی ڕەنگەوە هەم لە ڕووی سیمۆلۆجیا و کلتووری شار و پەیوەندی ناسنامەی خەڵک بەو شوێنەوە.
بودجەی فیلمەکە
لە پڕۆسەی شیکردنەوە و ڕەخنەی سینەماییدا یەکێک لەو خاڵانەی دەبێت شیکەرەوە یاخود ڕەخنەگر لەسەری بوەستێت بودجەیە، جا چ بەرهەمهێنەر بێت یان هاوکار (sponsor) حیزب و حکومەت بێت یان کۆمپانیای وەبەرهێنان. ڕەخنەگری سینەمایی و شیکەرەوەی فیلم ئەو مافەی هەیە بپرسێت کێ بەرهەمهێنەری ئەم فیلمەیە؟ بۆ چ ئامانجێک پارەی بۆ تەرخان کردووە؟ چەندی بۆ تەرخان کردووە و چەندی تێچووە و ئامانج لە تەرخانکردنی ئەو پارەیە بۆ فیلمەکە چییە؟ دیسان یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی فیلم، بەرهەمهێنەرە کە ئەرکی ڕەخنەگرە بزانێت ئامانج لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە چییە؟ تەرخانکردنی بڕی بودجەی دیاریکراو بۆ چ پەیامێکە؟ سیاسییە یان ژینگەیی و کۆمەڵایەتی؟ ئایا ئەوەی پارەکەی تەرخان کردووە کۆمپانیایە و مەبەستی قازانجە؟ یاخود دەوڵەت یان حکومەت و حیزبی دەسەڵاتدارە بەمەبەستی سیاسی؟
لە ڕاستیدا، هێشتا ئەمە بۆ من نادیارە و ناتوانم زیاتری لەبارەوە بڵێم، چونکە هیچ بەڵگەیەکم لەبەردەستدا نییە و نازانم کێ و بۆچی پارەی بۆ ئەو فیلمە تەرخان کردووە؟ ئەوەیان مافی بەڕێوەبەری بەرهەم و بەرهەمهێنن ئاشکرای بکەن. بەپێی هەندێک لێدوانی نافەرمی و میدیایی، بودجەی فیلمەکە سەرووی ملیۆن دۆلارە، ئەگەرچی دەرهێنەر لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی خەبات دا دەربارەی بودجە، خۆی لە ئاشکراکردنی بواردووە، بەڵام ماڵپەڕی ئێن ئار تی نوسیوێتی: بودجەی فیلمەکە زیاد لە یەک ملیۆن دۆلارە. هەروەها بەرهەمهێنەری فیلمەکەش، ڕیما شەوکەت، لە بەرنامەی تاوتوێ لە کەناڵی نالیادا دانی بەوەدا نا کە بودجەکەی سەرووی ملیۆن دۆلارە.
ناونیشان
ناونیشانی (تایتڵی) فیلمەکە زۆر گشتگیرە، بەتایبەتیش سەبارەت بە کوردستانی باشوور، ساڵی “1988” پڕە لە ڕووداوی خوێناوی، کە هەزاران چیرۆکی تراژیدی تێدایە. ڕووداوە گەورەکانی ساڵی 1988 تەنها “هەڵەبجە”ی تێدا گازباران نەکرا، بەڵکوو هەم کوردی تێدا ئەنفال کرا، هەم جەنگی ئێران-عێراق تێیدا وەستا، کە هەردوو تاوانەکەش لەناو تەپوتۆزی ئەو جەنگەدا ڕوویاندا. بێگومان وەستانی جەنگەکە پڕۆسەی ئەنفال-یشی خێراتر کرد و زیانی مرۆیی قوربانییەکانیشی زیاتر کرد. بۆیە ئەگەر ناونیشانەکە تەنها هەڵگری ڕۆژێکی هەڵەبجە یاخود کەسێک، گەڕەکێک یان خانەوادەیەکی هەڵەبجە بووایە لە ساڵی 1988 دا، ئەوا کارەکە سنووردارتر دەبوو بۆ ماوەی پێشکەشکردنی فیلمەکە کە تەنها کاتژمێر و نیوێکە.
ناونیشانی فیلمەکە پێش نمایش “زریانی بەهار” بووە! بۆ چی گۆڕاوە بە “1988”؟ ئەوە دەبێت دەرهێنەر وەڵام بداتەوە. بە ڕای من ئەویش پەیوەندی بە پەیامی فیلمەکەوە هەیە. لە لێدوانی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەردا بۆ میدیا و قادر جەلال، ئەکتەرێکی فیلمەکە، بۆ ڕۆژنامەی #هەولێر# هەر بەو ناوەوە باسیان کردووە! کەچی پۆستەر و پڕوپاگەندەی بە بازاڕکردنی بەناوی 1988 ە؟
بەداخەوە فیلمەکە بە تەکنیکێکی باش چیرۆکێکی خراپ، لەچاو ڕووداوەکە، دەگێڕێتەوە. دەنا لەڕووی تەکنیکی فیلمسازی بەتایبەتی وێنەگرتن و مۆنتاج و مۆسیقا و دەنگ و ڕەنگ فیلمێکی باش و سەرکەوتووە. فیلمساز تەنها بە تەکنیک ناتوانێت فیلمێکی باشمان نیشان بدات، بێگومان فیلمی باش لەسەر چیرۆکی باش دادەمەزرێت. فیلمی 1988 نەیتوانی چیرۆکی کیمیابارانی هەڵەبجە بە باشی و سەرکەوتوویی بگێڕێتەوە. هەڵبەت دەبێت نووسەر و دەرهێنەر دان بەوە دا بنێن کە ناونیشان بەهایەکی گەورەی هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو فیلمێک یاخود شاکارێکی ئەدەبی و هونەری کاتێک دەربارەی تاوانێکی گەورە (وەک: هۆلۆکۆست، ئەنفال، هەڵەبجە، هیرۆشیما، یان #شنگال#) بێت، هەر دەبێت ناوی یەکێک لەو تراجیدیایانەی پێوە بێت. ئەمە حوکم نییە، نا، هونەر ئەوەیە ناونیشان سەرنجڕاکێش بێت بۆ چیرۆکێک لەناو ڕووداوەکەدا، ئایدیای باش و جوانیناسی سەنگی مەحەکن. بۆ نموونە بۆ هۆلۆکۆست پیانۆژەنەکە ( The Pianist)، خوێنەر (The Reader)، بۆ ئەنفالیش فیلمی هەزار و یەک سێو، یان سرتە لەگەڵ با، بۆ جێنۆسایدی بارزانییەکان، دایکانی من، یاخود مالینا. بۆ جەنگی جیهانی و نموونەی تر زۆرن. فیلمی “خوێنەر” لە دەرهێنانی ستیڤن دالدری و سیناریۆی دەیڤید هێرە. فیلمەکە چیرۆکی مایکل بێرگ دەگێڕێتەوە کە پارێزەرێکی ئەڵمانییە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە 1958 پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ژنێکی گەورەتردا هەیە بەناوی هانا شمیث. دواتر وەک تۆمەتبارێکی تاوانەکانی جەنگ دادگایی دەکرێت، کە وەک پاسەوانێک لە ئۆردوگای کۆکردنەوەی نازییەکان بەشداری کردووە. مایکل تێ دەگات کە هانا نهێنییەکی خۆی دەشارێتەوە، کە پێی وایە لە ڕابردووی نازی بوونەکەی خراپترە – نهێنییەک کە ئەگەر ئاشکرا بێت، دەتوانێت یارمەتی بدات لە دادگاییکردنەکەیدا. هەندێک لە مێژوونووسان ڕەخنەیان لە فیلمەکە گرت کە “شمیتز”یان کردووە بە شتێک کە هاوسۆزی بینەرانە و فیلمسازەکانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە گومان دەخاتە سەر هۆلۆکۆست.
پۆستەر
لە زۆربەی دیدارەکانی کاتی وێنەگرتن و دواتریش ئەم فیلمە ناوی زریانی بەهار بوو. کەچی ئەم ناوە لە پۆستەریشدا ڕەنگی نەداوەتەوە! لە دوای بەرهەمهێنانیش کە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ 1988، مافی بینەرە ڕوونکردنەوەیەکی بدەنێ. ئەمە نووسەر و دەرهێنەری فیلم دەبێت بزانن کە دەق داخرا (سکریپت لۆک) کرا ئیدی مافی دەستکاری کردنیان نابێت. پۆستەر بریتییە لە دەموچاوی مرۆڤ و ماسکی گاز (قناع الکیمیائی) ڕەنگ تێیدا ڕەش و سپی وخۆڵەمیشیە لە پۆستەرەکەوە مودی فیلمەکە دیارە بەڵام لەناو فیلمەکەدا ڕەنگ ئامادەیی هەیە، بەڵام کەمتر وەک سیمۆلۆجیا و هێماسازی بەکارهاتووە. بەبێ ئەوەی ڕەنگ لە پۆستەردا ڕەنگ بداتەوە.
سیناریۆ
سەرەکی ترین بەشی سیناریۆ (سکرینپلەی) بونیات، یان پەیکەری دراماییە، بونیات گرنگترین تەکنیکی نووسینی سیناریۆیە. ئەمە سەرەتاییترین زانیارییە کە دەبێت نووسەر بیزانێت، هەموو نووسەرە (سیناریستە) ناودارەکانی جیهان هەر لە سید فیڵدەوە هەتا ولیم سیمسرست و لیندا ئارسۆن کۆکن لەسەر ئەوەی چیرۆک لە چوارچێوەیەکی سیستماتیکدا جێ بکەنەوە، کە هەموو ماددەکانی نووسینی تێدایە. بونیاتی هەر سیناریۆیەک جا چیرۆکەکەی هەرچییەک بێت و بە هەر شێوازێک بینووسێت، بریتییە لە سەرەتایەکی ڕوون و ناوەڕاستێکی ورد و کۆتایییەکی دیاریکراو. فیلمی 1988 سێ ئاکتییە وەک هەموو سیناریۆیەکی دی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە، سەرەتایەکی بەهێز و ناوەڕاستێکی لاوازی هەیە. یەکەم دیمەن چایخانەیەکە کارەکتەری سەرەکی بە نان و چا خواردنەوەیەکی خێرا دەست پێ دەکات و بە ڕۆیشتنێکی خێرا دیمەنەکە کۆتایی دێت و بە چالاکی پێشمەرگە خاڵی وەرچەرخان دێتە پێشەوە، بەڵام بە ململانێیەکی لاواز تێ دەپەڕێت چونکە پێشمەرگە و پیاوانی حکومەت لە ململانێیەکی تونددا نین، بەڵکوو پێشمەرگە بە نهێنی دێنە شار و دەست دەوەشێنن و سەربازەکان دەکوژن و دەڕۆن!
نووسینی سیناریۆ، بەر لەوەی کارێکی هونەری و ئەدەبی بێت، فیکر و ئایدیایە، هونەر و تەکنیکی نووسین ئامرازن بۆ گەیاندنی فیکری نووسەر، هونەری فیلمسازی و زانستی نووسینی سیناریۆ جەخت لەسەر توندی ململانێ و چنینی پڵۆت و گرێ و تایبەتمەندیی ڕووداو دەکاتەوە. نووسەری ئەکادیمی دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، چیرۆکەکەم دەربارەی چییە؟ ژانری چیرۆکەکەم چییە؟ لەم فیلمەدا چیرۆکی بنەڕەتی کیمیابارانی شارێکە و ژانرەکەی تراجیدیایە، بۆیە دەبوو هەموو ڕووداوەکان بەدەوری ئەودا بخولێنەوە. بۆ نموونە، خولقاندنی کارەکتەری دوو عاشقەکە (تۆڵە و مامۆستا شیلان) خزمەتێکی بە چیرۆکەکە نەکرد؛ لە کاتێکدا بوار هەبوو ململانێ و کۆسپ لە نێوانیاندا هێندە بەهێز بێت بینەر زیاتر بە فیلمەکەوە ببەستێتەوە؛ دەکرا گەڕان بەدوای یەکتریدا ببێتە گرێی بەهێزی ڕووداوەکە. خاڵی لاوازی ئەو چیرۆکە وەک بابەت ئەوەیە هەتا پێشمەرگە سەربازەکان ناکوژن هیچ کردەوەیەکی دژە-کورد، تاوانی جەنگ تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە سەرباز و پیاوانی دەوڵەت نابینرێت! بیانییەک بۆی هەیە بپرسێت ئەو سەربازانە بۆ دەکوژرێن؟ هەر لە بەر ئەوەی لە ناو شاردان؟
سیناریۆی باش لە ئاکتی یەکەمەوە سەرنج ڕادەکێشێت و هەتا کۆتایی فیلمەکە بینەر بە خۆییەوە دەبەستێتەوە و ناهێڵێت لێی داببڕێت. ئەمە بۆ سیناریۆی هەموو فیلمە بەناوبانگەکان وایە، کە خەڵاتی کان و ئۆسکار دەبەن، یاخود زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی پێ نووسراوە. سیناریۆی باش لێرەدا مەبەستمان لە هێزی چیرۆکەکە نییە بەڵکوو مەستمان لە بینای درامای و فۆرمات و چنینێتی. ئەگەر هەتا ئەمڕۆ کورد کێشەی سیناریۆی فیلمی هەبووە، ئەوا ئێستا تەکنیک وتەکنەلۆجیا هاوکارێکی باشن، بەدەستهێنانی تەکنیکی هاوچەرخ کارێکی گران نییە، چونکە لە ئێستادا بەهۆی کۆمپیوتەر و بەرنامەی دیجیتاڵییەوە، ئاسانکاری زۆر کراوە، بۆ نموونە، سادەترینیان بەرنامەی “سێڵ تێکست”ە کە نووسەری کوردیش دەتوانێت بۆ فۆرماتی سیناریۆ بەکاری بهێنێت. بەداخەوە فیلمی 1988 لەسەر بنەمای سیناریۆیەکی باش و چیرۆکێکی بەهێز دانەمەزراوە. سیناریۆ بەقۆناغەکانی گەشەکردندا نەڕۆیشتووە، بایۆگرافی و چیرۆکی پشت کارەکتەرەکان نادیارە و بە باشی وەسفی کارەکتەرەکان نەکراون، ئەمەش هۆیەکی تری لاوازی کارەکەیە.
فلاش باک
لە گێڕانەوەی فیلمی مێژووییدا یاخود نووسینی سیناریۆدا یەکێک لە تەکنیکەکان گێڕانەوەی چیرۆکە بە فلاش باک، ئەگەرچی تەکنیکێکی لاوازە و دڵخواز نییە بەڵام هەندێکجار پەنا بردنیش بۆی عەیب نییە. بەداخەوە سوود لەم تەکنیکەش وەرنەگیراوە، هەرچەندە بوار هەبوو هێڵی درامای فیلمەکە بە دیمەنی فلاش باک کەش و ژینگەیەکی باشتری هەڵەبجەی بخولقاندایە. یاخود هەموو فیلمەکە بە فلاش باک بگێڕدرایەتەوە. هیچمان سەبارەت بە کەشی ناو شارەکە و دەوروبەری نەبینی وەک هات و چۆی ئاسایی خەڵک لە ناو کۆڵان و دووکان و بازاڕ؛ سروشتی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری؛ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ژیانی ئاسایی ناو گوندەکان؛ باخەکانی هەنار لە دیمەنێکدا یان گۆشەیەک، لە چوارچیوەیەک، نەمان بینی چۆلەکەیەک؛ کۆترێک؛ مریشکێک مردار ببێتەوە! چونکە ئەوەی لە هەڵەبجە کوژران و خنکان هەر مرۆڤەکان نەبوون، بە هەزاران مەل و باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و کێوی بە گاز خنکان و گیانیان لەدەستدا و مرداربوونەوە. بێگومان کارێکی باش دەبوو بە قەراخی ڕێگاکانەوە دیمەنی تەرمی مرۆڤ و مەل ببینین. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=