=KTML_Bold=فیلمی 1988 بە چاوێکی ڕەخنەگرانە: کارەکتەر، ئەکتەری ناشاز، جلوبەرگ و مۆسیقا=KTML_End=
ناوی نووسەر: #عومەر محەمەد قادر#
بەشی دووەم
کارەکتەر و ئەکتەری ناشاز
هەڵبەت خولقاندنی کارەکتەر یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرۆسەی نووسینی سیناریۆ چونکە بۆ خولقاندنی کارەکتەری سینەمایی تەنها بنەمایەک نییە، بەلای کەمەوە هەشت بنەمای سەرەکی هەیە. عەزیز دارۆ ئەمانە لەخۆدەگرێت: “پێناسەی کارەکتەر، پاشخان باکگراوەند، کەسایەتی، پەیوەندییەکانی، کردەوەکانی، هاندەر-پاڵنەر، ڕووبەڕووبوونەوە، گۆرانکاری”. یەکێک لەو خاڵانەی دەرهێنەری سەرکەوتووی پێ دەناسرێتەوە هەڵبژاردنی ئەکتەرە، ئەرکی نووسەری دەقی سینەماییە کە کارەکتەرەکانی واقیعی بن، دەبێت کتومت وەک ئەو خەڵکە بن کە تۆ فیلمت لەبارەیانەوە دروست کردووە، ڕوخسار و لەش ولاریان، دەموچاو و قەپۆزی کارەکتەرەکان گرنگن، ناکرێت ئەکتەرێکی ژاپۆنی چاو بچکۆلە، ڕۆڵ بۆ پیاوێکی چاو و برۆ قەوی ناوچەی هەورامان ببینێت. ناشێت ژنێک بە هەمان ستایل و جلوبەرگ وماکیاجی ئەمڕۆوە ڕۆڵی کچێکی سەردەمی ڕووداوی #هەڵەبجە# ببینێت. دەبوو نووسەر زۆر وریا بێت لە هەڵبژاردنی کارەکتەردا. بەتایبەتی هەردووک ئەکتەر (تۆڵە و شیلان) هەردووکیان ئەکتەری باشن بەڵام بۆ چیرۆکەکە گونجاو نەبوون. هیچ گومانی ناوێت کە هەر لە ناو هەڵەبجەدا لە توانادا بوو ئەکتەری باش بۆ نواندنی ئەو کارەکتەرانە بدۆزرێتەوە. بە هەمان شێوە قادر جەلال لەگەڵ ئەوەی ئەکتەرێکی زۆر باشە بەڵام بۆ کەسایەتی عومەری خاوەر گونجاو نەبوو.
بایۆگرافی و چیرۆکی پشت کارەکتەر، دوو لە گرنگترین ڕەگەزەکانی نووسەری سیناریۆن. سیناریۆی فیلمی 1988 زۆر گرنگی بەم دوو توخمە نەداوە. بۆ نموونە، کارەکتەری عومەری خاوەر، گرنگی چیرۆکی پشت کارەکتەرەکەی نەدراوە، گرێیەکی زۆر گرنگ لە ژیانی عومەری خاوەردا هەیە، ئەم پیاوە لەدوای حەوت کچ کوڕێکیان دەبێت ناوی دەنێ “حەمە شوان” بەڵام هەر سێ ساڵێک دەژی، ئەمەش ژانێکی نەبڕاوە دەخاتە دڵی عومەر-ەوە. ساڵێک دوای مردنی حەمە شوان، بەخت یاوەریان دەبێت، سامیە-ی هاوژینی بە سکێک دوو کوڕی دەبێت. عومەری خاوەر بەبێ دوودڵی یەکسەر ناوی “ئەحمەد” و “محەمەد”یان لێ دەنێت. ئەم ناونانە هەتا ئێستاش بۆ خەڵکی هەڵەبجە ڕوون نییە بۆ چی پیاوێک کە هێندە هۆگری ناوی کوردی بوو کەچی ناوی کوڕەکانی عەرەبین؟ ئەمەش لە کاتێکدا جێگەی تێڕامان و سەرسووڕمانە کە هەموو کچەکانی ناوی کوردی لێناون. گرێیەکی دیکە کە بۆ فیلمەکە کاریگەر بوو، هەتا ئێستا ڕوون نییە ئەو منداڵەی لە باوەشیدایە و خۆی بەسەریدا داوە ئەحمەد-ە یان محەمەد؟
جیاوازی ڕەگەزی نێر و مێ بەشێکە لە ناسنامەی کلتووری کوردی، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە پیاو باڵادەست و ژن بەکەمتر تەماشاکراوە بەڵام ژنی کورد لەچاو ژنانی عەرەب ئازادتر و کراوە تر و تەنانەت لە دەسەڵاتیشدا بوون، ئەمە باکگراوندی مێژوویی هەیە، هەر لە هەڵەبجە عادیلە خانم بەڵگەی ئەم ڕایەمە. بزووتنەوەی هەقە لە کوردستان نەک هەر ژنیان بە کەم نەگرتووە بەڵکوو وەک پیاوان لە دەسەڵات دا بوون. ژنان لە بڕیار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کارگێڕی بزووتنەوەی حەقەدا بەشدار بوون. کەچی کارەکتەری عومەری خاوەر وا نیشان درا کە گرنگی زیاتر بە کۆرپەلە کۆڕەکانی دەدات. من تێدەگەم کە پاساوی نووسەر و دەرهێنەر چیرۆکی پشت ئەم کارەکتەرەیە کە لەدوای حەفت کچ ئینجا ئەم دوو کوڕەیان بووە. بەڵام نەدەبوو ئەوە لە بیر بکەن کە ئێستا عومەری خاوەر بووەتە ڕەمز و سیمبولی نەتەوەیەک بەلای کەمەوە ڕەمزی شارێکن کە تاوانی نێودەوڵەتی لەدژیان ئەنجامدراوە. بێگومان نووسەری دەقی سینەمایی دوای تەواوکردنی ڕەشنووسی یەکەم پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، ئەوەش دەزانێت، کاتێک دەست بە نووسین دەکات، دەبێت لە ژانری فیلمەکەی و ئامانجەکەی دڵنیا بێت و بزانێت کە دەیەوێت چ بنووسێت. نووسەر ئەرکێتی ورد و خاوەن پلان بێت، وەک ئەوەیە خۆی بنووسێتەوە، واتا دەبێت خۆی بچێتە بەرگی کارەکتەرەکانییەوە و خۆی بخاتە شوێنی ئەوان و بزانێت لە دۆخی جیاوازدا چۆنن و کاردانەوەیان بەرانبەر بەیەکتری و بەرانبەر ڕووداوەکان چۆن دەبێت. سەرەتاییترین ئەرکی نووسەری سینەمایی ئەوەیە چیرۆکێکی هەبێت شایان بەوێنەگرتن بێت و دڵنیا بێت لەوەی کە بینەر بە چیرۆکەکەوە دەبەستێتەوە و زیاد لە پاڵنەرێکی هەبێت بۆ سەیرکردنی چیرۆکەکەی دوای ئەوەی دەکرێت بە فیلم.
نووسەری سینەمایی، تەنها چیرۆکێک نانووسێت، بەڵکوو وێنەش دەکێشێت و کارەکتەری سەرنجڕاکێش دەخولقێنێت، واتا چیرۆک بۆ فیلم و سینەما دەنووسێت، بۆیە دەبێت یاسا بنەڕەتییەکانی سیناریۆنووسیش بپارێزێت.
چیرۆک لەدوای کیمیابارانەکەوە، ئیدی هەڵەبجە تەنها شارێکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیەکیشە، هەر بە تەنیا ناسنامەی مەزڵوومیەتی کورد نییە لە عێراق دا، بەڵکوو ناسنامەی فاشیزمی عەرەبی و توند ڕەفتاری دەوڵەتی عێراق و شکستی دەوڵەتیشە. بۆیە دەستبردن بۆ کارێکی هونەری لەمەڕ عێراق و ئەم مێژووەی هەڵەبجە، هونەرمەند دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە، چونکە لە وەها حاڵێکدا هونەرمەند هەم پابەندی ئەخلاقی و هەم پابەندی هونەری دەکەوێتە ئەستۆ. لەوکاتەدا هەر نووسەر و دەرهێنەر نییە، بەڵکوو مێژوونووس و فەیلەسووفیشە. هەم مێژوو دەگێڕیتەوە و هەم ئارگۆمێنتی بەهێز بە هونەرەکەی دەخاتە ڕوو.
چیرۆکی فیلمەکە لە چالاکی پێشمەرگەوە (ئەویش بە کوشتن) و هاتنی پاسداری ئێرانی دەست پێ دەکات، ئەمە خستنە ڕووی کێشەکەیە، بەڵام کە بە کیمیابارانی هەڵەبجە کۆتایی دێت، کێشەکە گەشە ناکات! بەڵکوو یەکسەر خاڵی وەرچەرخان دروست دەکات! باشتر دەبوو ئەگەر چەقی ڕووداو کیمیاباران بوایە و چالاکی پێشمەرگە و هاتنی پاسدار لاوەکی بوونایە، بەداخەوە کارەکە پەلەی زۆری تێدا کراوە، کنە و پشکنین و گەڕانی باشی بۆ نەکراوە.
نووسەر و دەرهێنەر ئەرکیان بوو بزانن، ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا بە هەموو پێوەرێک تاوانی نێودەوڵەتییە، چونکە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی تێدا بەکارهێنراوە و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی لێ کەوتووەتەوە، بۆیە بە هیچ پاساوێک بەکارهێنانی گاز ڕێگەپێدراو نییە. ئەگەر پەیامی فیلمەکە ئەوە بێت پێشمەرگە و پاسدار هۆکاری کیمیابارانن، دەبنە پارێزەری دەوڵەتی عێراق و فاشیزمی #بەعس#! چونکە هیچ بەکارهێنانی گاز بە ماددەی یاسایی قەدەغەکراوە و ڕێگەپێدراو نییە لە جەنگیشدا بە کار بهێنرێت چ جای خەڵکی مەدەنی!
فیلمێک دەربارەی هەڵەبجە شایان بەو چیرۆکە لاوازە نییە چونکە چیرۆکی زۆر بەهێزی تێدایە، کە هەندێکیان نەک شایان بە دیمەنێکن، بەڵکوو بەتەنیا شایان بە فیلمێکی درێژن. هونەرمەند دەبێت وریا بێت و بزانێت تاوانی نێودەوڵەتی و جەنگی ناوخۆیی و کێشەی لۆکاڵی تێکەڵ بە یەک نەکات. ئەمە جگە لەوەی هونەرمەندان ئەرکیانە هەندێک ڕووداوی مێژوویی یان هەر ڕووداوێکی تراجیدی ، کە تاوانی دژە مرۆڤایەتی تێدا ئەنجامدراوە، پابەندییەکی ئەخلاقی بە مافی ئەوانی دیکەوە هەبێت و نابێت بەهیچ پاساوێک فرمێسک وخوێن و ڕەنج و قوربانیدانی خەڵک بۆ خۆی بکاتە بیزنس و سەرچاوەی بەدەستهێنانی سامان، ئەمە نەک هەر بۆ هونەرمەندان بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا هەروایە هەر لە سیاسییەکانەوە هەتا بە دووکاندارێک دەگات. بەکورتی ئەگەر لە هەڵەبجەدا بگەڕێیت چیرۆکی زۆر گرنگ و کاریگەر هەن.
کەش و میزجی فیلمەکە، لە دیمەنی چایخانەکەوە، ئەو هەستەت لا دروست دەکەن، کە لە دۆخی جەنگدایت، بەڵام کەشێکی گشتی ناو شار نابینین هەتا کلتووری ئەو خەڵکەی دەکەونە بەر پەلاماری چەکی قەدەغەکراو نیشانبدات، کە کێن ؟ چۆن دەژین؟ دووکان و بازاڕیان چۆنە ؟ داب و نەریتیان؟ ئەگەرچی لە سێ دیمەنی جیاوازدا لەماڵەکانی عەبدوڵا و عومەری خاوەر و ساڵح دا دەبینین ژن و مێردەکان تەبا و یەکتریان خۆش دەوێت.
لەم فیلمەدا دیمەنی ڕۆمانسی بە لاوازی ئامادەیە و نەبووەتە ڕەگەزێک، کە هاوسەنگی ڕابگرێت. دیمەنەکان بە شێوەیەک ڕێکخراون وەک بڵێیت بە زۆر بەسەر چیرۆکەکەدا سەپێنراوە، ئەم پەیوەندییە چۆن بەم خێرایییە دروست بوو؟ یەکتر بینینی “تۆڵە” و “شیلان” لە سەر جادە و ڕۆیشتن بە هەوای شان جگە لەوەی دڕندایەتی و ستەمکاری دەوڵەتی عێراق و بەعس ڕەت دەکاتەوە، لەباری کلتووریشەوە لەو کاتەدا لە شارێکی وەک هەڵەبجە دا ڕێگەپێدراو نەبووە!
کەلوپەلی بەکارهاتوو، جووڵەی ئەکتەر و جلوبەرگ دیسانەوە هی سەردەم و ڕۆژگاری ئەمڕۆن و یارمەتیدەر نین بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ بینەر بخوڵقێنن هەتا هەست بکەن لەناو ڕووداوێکی مێژووییدان. چاوی فیلمساز لە تەکنیککارەوە هەتا دەرهێنەر، کە ڕابەر و ڕێنوێنی کارەکەیە، هەقە ورد و جیاواز بێت، هێندەی لە توانادایە کەلێنێک بۆ بینەر نەهێڵێتەوە هەست بکات لە دنیای ڕووداوی چیرۆکەکەدا نییە. فیلمساز ناتوانێت دەستبەرداری بینەر بێت و منەتی پێی نەبێت، دواجار بڕیاری سەرکەوتن و شکست لەلای ئەوە، ڕاستییەکەی هەر ئەویشە بڕیار دەدات کات و پارە دەبەخشێت بە کارە هونەرییەکە یان نا.
ناسنامەی کلتووری لەم فیلمەدا نائامادەیە، یاخود زۆر لاوازە، لە کاتێکدا هەڵەبجە لەپێش گازباران بەشاری ڕۆشنبیران ناسرابوو، بەردەوام چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری تێدا بوو، تیپی شانۆی هەڵەبجە و تیپی مۆسیقای شنرۆێ لە هەشتاکانی سەدی ڕابردوودا زۆر چالاک بوون، ڕەنگدانەوەی کاری دەستی هەورامییەکان گەیشتبووە هەڵەبجە، کەچی ئەوەی دەیبینین چایخانەیەک و ماڵی عومەری خاوەر و ماڵی عەبدوڵای عەرەقخۆر و بەکر و هاوژینەکەیەتی. رەنگ لەکلتوری کوردیدا بەگشتی و لەهەڵەبجە و هەوراماندا بەتایبەتی ئامادەییەکی زۆری هەبووە، کەچی وەک سیمۆلۆژیا و بەرهەمهێنانی مانا هیچ رۆڵێکیان نەبوو لە فیلمەکەدا. جگەلە سروشتە جوان و پڕگوڵزارەکەی ناوشارو دەوروبەری ڕەنگ لەناو ماڵاندا لەرایەخ و بەڕەو مافورو لێفەو سەرین و جاجم و کەلوپەلی جوانکاری و لە سفرەو خوان و لە جلوبەرگی پیاو ژن و منداڵاندا کڵاوو جامادانێ و لەکچک و سەروکڵاوو گەردانەو ملوانکە و کەواوکراس وسوخمە و جلی ئاڵواڵایی ژنان، تەنانەت ڕەنگ لە کورتان و کۆپانی کەروهێسترەکانیشیاندا ئامادەیی هەیە، زینی ئەسپ و گوڵینکەی ناوچاوانی ئەسپ وهێسترەکان بەشێکن لە هۆشیاری و شوناسی کلتوری کورد.
یوست هیڵتەرمان لە کتێبەکەیدا ئەمریکا و عێراق و گازبارانی هەڵەبجەدا دەڵێت: “بەر لەوەی بێمە هەڵەبجە لە میدیای جیهانیدا وا بڵاوکرابووەوە کە هەڵەبجە گوندێکی سەرسنوورە و کیمیاباران کراوە و خەڵکێکی زۆر کوژراون” بەڵام ئەم توێژەرە کە دێتە هەڵەبجە و دەبینێت ئەوەی ڕووماڵ کراوە ناهەقی بووە، چونکە هەڵەبجە شار بووە نەک گوند! هەوڵی داوە بچووکترین چەواشەکاری و بێدیقەتی هەواڵدەرەکانی تایبەت بەم تاوانە فەرامۆش نەکات. پێش هەر شتێک ئەوە بۆ ڕۆژنامەکان ڕاست دەکاتەوە کە هەڵەبجە گوند نییە، بەڵکو شارە. ئەمەش کاتێک بووەتە مایەی سەرنجی، کە لە مانشێت و سەردێڕی ڕۆژنامەکاندا باسی لێدانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی کراوە. دیارە ئەوانی دی بە گوندێکی بچووک ناویان بردووە، جا بە مەبەست بووبێت یان بە ناشارەزایی، هەڵەبجەیان بە گوندێک ناو بردووە و ناساندووە؛ کەچی هێڵتەرمان پێچەوانەکەی دەبینێت و دەڵێت: هەڵەبجە شارە نەک گوند! پێشتریش هەروا لە ڕاپۆرتەکەی میدڵ ئێست وۆچدا جەختی لەسەر شاربوونی هەڵەبجە کردووەتەوە و دەڵێت: “هەڵەبجە شارۆچکەیەکی کوردنشینی قەرەباڵغ و بازاڕێکی بازرگانیی گەرمی هەبوو و ژمارەیەک دامودەزگای حکومەتیشی تێدا بوو. ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە، لەبەر ئەوەی دێهاتنشینێکی زۆری بۆ ڕاگوێزرابوو گەلێ زیادی کردبوو”. نەدەبوو فیلمسازی کورد فیلمێک دروست بکەن دەربارەی هەڵەبجە یان ئەنفال ئەگەر لەئاستی فیلمی دار گوێز بڵندتر و کاریگەرتر نەبێت ئەوا هێندەی ئەوی پێ نەکرێت کە ئێرانییەکان لەبارەی گازبارانی #سەردەشت#ەوە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان کردوویانە!
من هەرچەند تێ دەفکرم بەئامانجگرتنی هەڵەبجە و لەو سەردەمەدا لە ناو تەپوتۆزی جەنگەکە هەروا لە خۆڕایی نەبووە، چونکە چ بە کوشتدان و چ کوشتنی کوردەکان نە بۆ عێراق و نە بۆ ئێران بەهایەکی نەبووە بەڵام بۆ هەردووکیان کارتێکی باش بوون. ئەمەش دیسانەوە هەویرێکی ئاوکێشە و لێرەدا جێگەی نابێتەوە و لە ڕابردووشدا قسەی زۆرم لەبارەیەوە کردووە.
چیرۆکی فیلمەکە دەیتوانی نادیار ئاشکرا بکات واتا لە نادیارەوە بینەر بەرێتە قۆناخێکی تری دیار. دۆزینەوەی چیرۆکی نەبیستراو کارێکی قورس نییە، خۆ ئەرکی نووسەر و دەرهێنەریش هەر گەڕان و پشکنینە لەپێناوی بەرجەستەکردنی چیرۆکێکی نوێ، چیرۆک و وێنەی زۆر دووبارەبووی ناو میدیا هێزیان لەبەر چیرۆکە گشتییەکە بڕیوە. بەڵام ئەرکی فیلمە دەستکاری باو بکات و هەستی بینەر بۆ شوێنێکی تر بەرێت کە پێشتر هەستی پێی نەکردووە.
ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج و نیگەرانیش بوو، لە ڕۆژنامەی خەبات دا دەرهێنەر دەڵێت: فیلمەکە ڕووداوی کارەساتی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە! هەروەها لە ترەیلەرەکەیدا هاتووە کە “ڕۆژی 16 ی ئازاری 1988، ئەو ڕۆژەی کە هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا، بە وردەکارییەوە تاوان و جینۆساید بە چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیلی هەڵەبجە نیشان دەدرێت.” لە ڕاستییدا ئەم ڕێکلامی بەبازاڕکردنە جوان نییە، چونکە نەک هەر بە وردەکارییەوە کار لەسەر ئەو ڕۆژە مێژوویی و تراجیدییە نەکراوە بەڵکوو هیچ وردەکارییەکی تێدایە!
جلوبەرگ
هەڵبژاردنی جلوبەرگی کارەکتەرەکان هی ئەم سەردەمە بوون، لێرەدا قسە لەسەر سەلیقە و توانای بەرگدروو نییە بەڵکوو قسە لەسەر هەڵبژاردنیانە بۆ ناو چیرۆکەکە. جلوبەرگ لەکاری فیلمسازیدا تەنها ئەرکی داپۆشینی کارەکتەر نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگی سیمۆلۆژیاو هێماسازی و شوناسی کلتوریشی هەیە. جلوبەرگی کوردی پڕە لە ڕەنگ و جوانی، کڵاوو جامادانێ و پشتێنی گوڵداری پیاوان و لە کچک و سەروکڵاوو گەردانەو ملوانکە و کەواوکراس وسوخمە و جلی ئاڵواڵایی ژنان، بەرهەمهێنەری ماناو نیشاندەری مێژوو باری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی وشوناسی کلتوریش. وێنەی شەهیدەکان کە بە کۆڵانەکانی شارو دەشت و دەردا بڵاوبوونەوە بوونەوە، رەنگی جیاواز لە جلوبەرگی شەهیدەکاندا هاواردەکەن و بانگی هەموو مرۆڤێکی بەهەست دەکەن.
مۆسیقا :
هەڵبژاردنی مۆسیقا زۆر باش بوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای مۆسیقاوان نەورۆز تەنیا هەرچەندە کەمێک دەنگ زاڵ بوو بەسەر دەنگی کارەکتەرەکاندا، بەڵام لە توانادا بوو بە مۆنتاج باشتر بکرێن و هەر کاری ئەویشە، هەر وەک چۆن دەنگی بۆمب و تەقینەوەکان گرنگ و کاریگەربوون.
ڕەنگ وەک بەڵگەی تاوان
وێنەکانی هەڵەبجە، تەنها بە ڕەنگی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکان و جلوبەرگی شەهیدەکان (پیاو و ژن و منداڵ و پیر و گەنج) کراسی گوڵداری ژنان و بلوزی سوور و شین و خەتداری منداڵان، تەزبیح و دەستەسڕ و پشتێنی گوڵدارو ڕەنگاوڕەنگی پیاوان بەڵگەی بێتاوانی شەهیدەکانن. هەر بە جلوبەرگ و ڕەنگ دەتوانین درۆی بەعسییەکان پووچەڵ بکەینەوە کە دەڵێن ئەوانەی لە هەڵەبجە کوژران پێشمەرگە و پاسدار بوون. لە هەمووان گرنگتر شیکردنەوەکانی ئاوبین هاندرێکسن بۆ سەلماندنی تاوانەکە و بەکارهێنانی گازی خەردەل وسیانید وسارین بوون کە (لێوشین و لێوسوور) نیشانەوەی ناسینەوەی بەرکەوتووەکانن بەگازی جۆراوجۆر. ئەوە جگە لەو هەموو ملوانکە و خشڵ و کەواوکراس وبلوزە ڕەنگاوڕەنگەی لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=