=KTML_Bold=ناونیسانی بابەت: فیلمی 1988 بە چاوێکی ڕەخنەگرانە:ئاماژە، دەرهێنان، پلۆت و پەیام=KTML_End=
#2024-08-02#
ناوی نووسەر: #عومەر محەمەد قادر#
بەشی سێیەم
ئاماژە
گرنگترین ڕەگەزەکانی ئاماژە (سیمۆلۆجیا) زمانە، کە مرۆڤەکان بەپێی ڕێککەوتنی شوێن و ناسنامە و کلتووری خۆیان پەیامەکانیانی پێ ئاڵوگۆڕ دەکەن. عەتاڵا بوسالمی دبێژت: “پەیوەندی زمانەوانی بریتییە لەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەی کە لە نێوان مرۆڤەکاندا ڕوودەدات، لە ڕێگەی کەناڵەکانی زمانەوانی و نازمانەوانییەوە، هێمای زمانەوانی، وەک جووڵەی جەستە، لەوانەش ئاماژە و گۆڕانی تۆنی دەنگ.”
ئاماژە گرنگترین ڕەگەزەکانی سینەمایە، کە لەم فیلمەدا ڕۆڵێکی باشیان نەبوو. بەگوێرەی مستەفا عەبدولناسر بێت ئەوە “ئاماژە (هێما) ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانی مانادا. بەکارهێنانی زمان و هێماکان لە سینەمادا لەسەر بنەمای پەنابردنە بەر وێنەیەک، کە توانای ورووژاندن و پرسیاری هەبێت بۆ بینەر، زیاتر لەوەی کە تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی ڕواڵەتی دەتوانێت بۆی دابین بکات.” وێنە و دەنگ و ڕەنگ و لۆگۆ، جلوبەرگ و مۆسیقا، کە هەموویان ئاماژەی هێمایین و گرنگترین پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی (مانا)ن لە هەر فیلمێکی سینەماییدا. لێرەدا جگە لە مۆسیقا بەگشتی ڕۆڵی خراپیان گیرا. نیشاندانی خوێن ئاماژەی ڕەتکردنەوەی کیمیابارانی #هەڵەبجە#-یە نەک ئارگۆمێنتێکی بەهێزی تاوانەکە! نیشاندانی فیلەرو بۆتۆکس و جوانکاری سەردەمانەی ژنان لە ڕووی ئاماژەسازییەوە خراپترین بەکارهێنانن. چونکە ئەرکی هەریەک لەوانە بەرهەمهێنانی مانایە. ئایا کارەکتەری شیلان بە جوانکاری سەردەمەوە چ مانایەکی هەیە؟ بێگومان نەک خزمەتی چیرۆکێکی مێژوویی تراجیدی ناکات بەڵکوو دەیشێوێنێت.
هێما و ئاماژەسا زی بۆ چڕکردنەوەی چیرۆک ڕۆڵی گرنگ لە فیلمدا دەبینێت. دەکرا لەم فیلمەشدا ڕۆڵی سەرەکی هەبێت، بۆ نموونە، بۆئەوەی بزانین #بەعس#ییەکان چۆن تەماشای سەرۆک دەکەن تەنیا وێنەیەکی سەدام و یەک دێڕ نووسین بەس بێت کە ئاستی توندڕەفتاری سەرۆک وەک دیکتاتۆرێک نیشان بدرێت. وێنەیەکی گەورەی سەدام و لەژێریدا نووسراوە “هەموومان بە فیدای تۆین” کۆمەڵێک چەکدار بە جلوبەرگی نیزامییەوە بچووکتر لە وێنەکەی سەدام لەبەردەمی وەک پاسەوانی وێنەکە وەستابوون. ئەوە ئاماژەیەکی سیمۆلۆجییە لە فیلمەکەدا.
کەچی لە فیلمی 1988 دا پێشمەرگە هێزێکی دابڕاون لە شار و ئاوەدانی و لە دۆڵێکدا پلان دادەنێن بۆکوشتن و دەستوەشاندن. بۆ فیلمساز دەبێت پێشمەرگەش وەک هێمای ئازادی تەماشا بکرێن، جا حیزبەکان چۆن بوون و سیاسەتیان چۆن بووە ئەمەیان جیاوازە لەوەی پێشمەرگە بۆ چ ئامانجێک چەکیان هەڵگرتووە. ئەوەش ئەرکی هونەرمەندە تەنها چەک نەکاتە شانی پێشمەرگە بەڵکوو فیکر و ڕەفتاری ئازادیخوازانەی لە چەکەکەی دەستی گرنگترە.
هیچ لەوە تێنەگەیشتنم بۆ چی کیژۆڵەیەک، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت دێتە ژێر زەمینەکە و نایلۆنی دەرگاکە لا دەدات؟ ئەگەر ئەمە بۆ ئەوە بوو نیشانمان بدات کە دەرگاکە بە نایلۆن گیراوە ئەوە نەک خزمەتی چیرۆکەکە ناکات، بەڵکوو هێزی لێ وەردەگرێتەوە، چونکە ئاماژەیە بەوەی خەڵکی هەڵەبجە زانیویانە کە کیمیاباران دەکرێن و خۆیان بۆ ئامادە کردووە !
کاتێک نەجمەدین دەچێتەوە بۆ هەڵگرتنی قیناعی خۆپارێزی لە گاز، دەکرا پێش ڕووداو وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسی بەکارهێنانی گاز نیشانی بینەری بدایە، بۆ نموونە بیدایە بە عەبدوڵڵای برای و پێی بڵێت من نایەمەوە بەڵام ئەمە لەشار بەکەڵکت دێت.
زمان ڕۆڵی گرنگی هەیە لە ئاماژەسازی سینەمادا، توخمێکی گرنگییەتی، بوار هەبوو تێبکۆشن بۆ دۆزینەوەی ئەکتەری لۆکاڵی و خەڵکی ناوچەکە هەتا بتوانن زمان و شێوەزاری هەڵەبجەییەکان بەرجەستە بکەن، چونکە زمانی دیالۆگ شێوەزاری دانیشتوانی هەڵەبجە نەبوو.
دەرهێنەر تاوانە گەورەکە بە “کارەسات” ناو دەبات وەک ئەوەی بوومەلەرزەیەک یان لافاوێک هەڵەبجەی وێران کردبێت! نەک تاوانێکی بەئەنقەست ئەنجام درابێت! نازانم ئەم بێدیقەتییە هەتا کەی؟ دەستەواژەی کارەسات بۆ تاوانێکی جینۆساید هەر بێدیقەتی نییە بەڵکوو بێباکیشە، چونکە ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا تاوانێکی نێودەوڵەتی بوو، جەللاد و بکەری هەیە، نەک کارەساتێکی سروشتی. چەکی قەدەغەکراو کۆمەڵکوژیی کردووەو خەڵکی بریندار کردووە. بەکورتی هەموو تاوانێک جەللاد و قوربانی هەیە و کارەساتێک دەخولقێنێت، بەلام مەرج نییە هەموو کارەساتێک تاوان بێت و جەللادی هەبێت.
بێجگە لە زمان لەڕووی ئاماژسازییەوە وێنەی برینداربوونی ساڵح زۆر مایەی ڕەخنەیە، چونکە بە جۆرێک ئارایشت-ەوە وێنەی گیرا بوو کە بریندارێکی خوێناوی و تۆقێنەر بوو، بەڵام دەرهێنەر پێی بزانێت یان نا، ئەوە ڕەتکردنەوەی گازباران بوو. چونکە هەڵەبجەیییەکان بەبێ ئەوەی خوێن لە لووتیان بێت گیانیان دەرچوو زۆریان هەر بەپەێوە مردن و هەشیان بوو بەدەم قاقای پێکەنینەوە مرد .
دەرهێنان
خاڵی بەهێزی فیلمەکە ئەوەیە، کە دەرهێنەر هەوڵی داوە “چیرۆک”ەکەمان نیشان بدات نەک بۆمان باس بکات، واتا چیرۆکەکەمان بە وێنە بۆ دەگیڕێتەوە. هێندەی پشتی بە وێنە بەستووە هێندە گرنگی بە دیالۆگ نەداوە، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی فیلمەکە، وێنەی زۆر و دیالۆگی کەم. خۆزگە فیلمەکە لەسەر چیرۆکێکی بەهێز و دیمەنی سەرنجڕاکێش دادەمەزرا. بۆیە ئەرکی هەر بینەرێکە بپرسێت، نووسەر و دەرهێنەر دەیانەوێت بەم فیلمە چیمان پێ بڵێن ؟ چیمان نیشان بدەن ؟ ئایا لە 1988 بۆتۆکس و فیلەر باوبوون ؟ هەبوون ؟ ژنانی هەڵەبجە لەو کاتەدا و لەو دۆخەدا جگە لە ماکیاجێکی سادە هیچ هۆیەکی جوانکارییان هەبوو؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە پاساویان نییە و بوونە خاڵی لاوازی فیلمەکەیە.
من دەپرسم ئایا دەرهێنەر و نووسەری فیلمی 1988 ئاگاداری چیرۆکەکانی گازبارانن؟ دەزانن لە هەڵەبجە چی ڕووی داوە؟ مرۆڤەکان چۆن گیانیان دەرچوو؟ هەڵبەت پرسیارەکەم دەربارەی وێنە گەورەکە نییە، دەربارەی پارچە بچووکەکانی وێنەکەیە، کە لە سۆنگەی ئەو تاوانەوە دروست بوون. بەداخەوە هێشتا چیرۆکی هەڵەبجە نەبینراوە، هێشتا نەگێڕدراوەتەوە، هەڵەبجەییەکان لەگەڵ ئەو لێقەومانە سامناکەدا خاوەنی زۆر چیرۆکی بەهێزن، کە تا ئێستا فەرامۆش کراوون.
بۆ من جێگەی نیگەرانی و سەرسامیش بوو، کە یەکەم دیمەن و دەستپێک، کە دەبوو لای دەرهێنەریش زۆر جێگەی گرنگی پێدان بووایە، هۆکاری گازبارانکردنی هەڵەبجە بووایە؟ ئایا هۆکارەکەی ئەوەبوو کە هەڵەبجە پاسداری تێدابوو؟ یان ئەوەبوو کە پێشمەرگە دێنە ناو شارەکە و پیاوێکی ڕژێم دەکوژن؟ هۆکارەکان هەرچییەک بن هیچ لە فاشیزمی بەعس و دەوڵەتی عێراقی کەم ناکەنەوە، چونکە ئەوەی سڵ لە تاوانی جێنۆساید ناکاتەوە و چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت فاشیزمە. دەبێت هەموو کەس ئەو ڕاستییە بزانێت نە پاسدار و نە پێشمەرگە و نە سەرباز و ئەفسەرەکانی دەوڵەتی عێراقی شایان بەوە نین بەکیمیایی بکوژرێن، بە هیچ یاسا و پاساوێک ڕێگەپێدراو نییە بە گازی کیمیایی بەکۆمەڵ بکوژرێن، چ جای ئەوەی خەڵکی سڤیل وبێچەک کۆمەڵکوژ بکرێن، کە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە لەوەی دەوڵەتەکان و حیزبەکان جەنگ دەکەن یان ئاشتی؟ شەڕ دەکەن یان گفتوگۆ! کەچی فیلمەکە لەلایەک هۆکاری کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە بۆ هاتنی پاسداری ئێرانی و ئەو تیرۆرانەی پێشمەرگە لەناو شاری هەڵەبجە دەیکەن لەلایەکیش پاسادار وەک فریادڕەس و رزگارکەری هەڵەبجە نیشاندەدەن!
فیلمسازی کوردی دەبێت ئاگاداری ناسنامەی کلتووری و فۆرم بێت، نابێت ئامرازێک بێت بۆ خود-نەفرەتی و زەلیلکردنی لەبەردەم ئەوی دیکەدا. نابێت بە هیچ پاساوێک قایل بێت کۆمەڵکوژی بکرێت، بەپێچەوانەوە ئەرکییەتی کە کلتووری جوان، ڕەفتار و ئەخلاقی جوان، ئازایەتی و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستیی تێدا بدۆزێتەوە و نیشانی ئەوانی دی بدات. ئێمە هیچ ناشرینیەکی بەعس-مان لەڕێگەی وێنەی بەرهەمهێنراوەوە نەبینی؟ بەعسیەکان زۆر بە ئاسانی دەمانچەکانیان دەردەهێنا و گەنجەکانی کوردیان دەکوشت، ڕەنگە ئەم وێنەیە زۆر بڵاوبێت و چاوی گشتی و ڕای گشتی لەگەڵ ئەم ستەمکارییە ڕاهاتبێت، بەڵام فیلمسازی کورد دەبێت ئەو پرسیارە بوروژێنێت، ئەی ئەو باڵندانەی لە هەڵەبجە بە گاز مرداربوونەوە گوناهیان چی بوو؟ دەشێت مرداربوونەوەی چۆلەکەکان ببنە هێزێک بۆ ئەوەی ستەمکاریی دەوڵەتی عێراق بە هەموو دنیا ناشرین پێشان بدرێت. لەوکاتەدا وێنە دەبێتە ئاماژەسازیی سینەمایی. نازانم بۆچی ڕیتمی فیلمەکە هێندە خێرابوو؟ ئەم خێراییە هیچ بوارێکی بۆهێڵی درامی و چنینی دیمەنی چڕوپڕ لە ململانێدا نەهێشتبووەوە، هەتا ڕووداوەکە بەسروشتی گەشە بکات.
پلۆت
کارەکتەری سەرەکی چی دەوێت ئامانجی چییە و کۆسپەکانی بەردەمی چین؟ ڕکابەرەکەی کێیە؟ ئایا لە هێزدا هاوسەنگن؟ سەیرە دووجار “تۆڵە” دێتە ناو شار بۆ چالاکی بەچەک و بۆمبەوە کەچی هیچ ڕێگری وململانێیەک نابینین؟ هەموو شتێک بەخێرایی تێدەپەڕێت، تەنانەت لەگەڵ مامۆستا شیلان-یش هیچ کۆسپێک نییە بەئاسانی بەناو شاردا دەگەڕێن! ئەمە بێ پلانی نووسەرە.
پەیام
فیلمەکە دەیەوێت لەڕێگەی تراجیدیای هەڵەبجە-وە پێشمەرگە قێزەون بکات! لە کاتێکدا ئەگەر ئامانجیش لێدان بێت لە حیزبەکانی ئەوسا و ئێستا کە لەدەسەڵاتدان، ئەمە ستەمێکە لە پێشمەرگە دەکرێت، چونکە نابێت پێشمەرگە وەک تاک بە ئامانج بگیرێت! چونکە حساب نەکردن بۆ ڕەنج و خوێنی پێشمەرگە هەر تێنەگەیشتن لە حیزبەکان نییە، بەڵکو بێویژدانیشە بەرانبەر بەکەسانێک کە بە خەونێکەوە چەکیان هەڵگرتووە، هەروەک تەواوی خەڵکی کوردستان لە خشتەبراون.
ئەمە جگە لەوەی ئەرکی نووسەرو دەرهێنەرە تراجیدیای ئەنفال و هەڵەبجە لەململانێی حیزبەکان بهێنێتە دەرەوە و وەک سەرمایەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەی بیداتەوە بە کورد.
پێشمەرگە، لە فیلمەکەدا خەونی ئازادی نییە، بەڵکو تۆڵەستێن و بکوژ و دەستوەشێنە. لەڕاستیدا فەلسەفەی جوانی هونەر ئەوەیە ئازایەتی لە ڕەفتاردا بدۆزێتەوە و لە چالاکیدا بەرهەمی بهێنێت. حیزبەکان و سەرکردەکان هەرچی بووبن و هەر پلان و بڕیارێکی نا بەرپرسانەیان هەبوو بێت هیچ لەوە کەم ناکاتەوە پێشمەرگە خەونی ئازادیی هەبووە. لە فیلمی 1988 دا هێندەی پێشمەرگە سەرچاوەی نائارامی و تێکدانی ئاسایشی شارن. هێندە بەعسییەکان نین، هێندەی ئەوان دەستوەشێنن و تیرۆر دەکەن و دووکان دەتەقێننەوە بەعسییەکان نین! سەرتاشەکە لەبەرئەوە نەکوژرا کە بووەتە هۆی بەگرتدانی خەڵک بەڵکو لەبەر ئەوە کوژرا کە جاسوسی لەسەر پێشمەرگە دەکات! تەقاندنەوەی سەرتاشخانەکەی کاری شۆڕشگێڕانێک نییە سادەترین مەعریفەیان هەبێت.
خاڵی لاوازی فیلمەکە ئەوەیە کە پاسدارە ئێرانییەکان ڕزگارکاری هەڵەبجەن، واتە ئەوەی شارەکە لە دەست بەعسییەکان ڕزگار دەکات پاسدارن و ئەوەی لە کاتی کیمیابارانیش بەهانای خەڵکەوە دێت هەر پاسدارن !
لەکاتی ڕوودانی تاوانەکە و گازبارانکردندا تاقە کەسێک کە بەهاناوە دێت پێشمەرگەیەک تۆڵە-یە، ئەویش بەهانای خۆشەویستەکەیەوە دێتەوە بۆ ناو شار !
بەداخەوە لەم فیلمەدا بینەر نەک هەستێکی نوێی لادروست نابێ و بەر وێنەی تازە ناکەوێ بەڵکو لەدوای تاوانەکە و دەرئەنجامەکەی وێنەکەی لەلا شێواو دەبێت چونکە ئەوەی پێشتر لە وێنەی فۆتۆگرافی و ڤیدیۆیی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووساندا دیبوی ئەم جارە لە فیلمدا لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی هەڵەبجە برینداری مەترسیداری بینی کە جەستەیان هەلاهەلابووە. ئەم وێنەیە هەموو ئەو وێنانە ڕەتدەکاتەوە کە بە گازی کیمیایی مردبوون، هەزارن کەس لە هەڵەبجە مردن بەبێ ئەوەی دڵۆپێک خۆین لە لوتیان بێت! کەم نەبوون ئەوانەی بەدەم قاقای پێکەنینەوە گیانیان لەدەستدا، تەنها وێنەیەک کە گوزارشتی لە گازباران کرد مردنی “تۆڵە” بوو، کە وێنەیەکی گونجاو بوو تەنانەت وێنەکەی عومەری خاوەر زۆر سادە بوو هەتا ئەو ئەندازەیەی بینەر بەساردی تەماشای مردنی بکات.
کۆتایی
پێش کیمیاباران، ئەوەی بووە مایەی ماڵوێرانی خەڵک پێشمەرگە بوو، بەهۆی چالاکیەکانیانەوە، خەڵک لەلایەن هێزەکانی بەعسەوە دەگیران و لەسەر جادە دەکوژران یان بە قۆناغە تفەنگ لێیان دەدرا و شاییان لێدەکردن بە شین، ئەمە جگە لەوەی پێشمەرگەش خەڵکیان دەکوشتن و دووکانەکانیان دەتەقاندنەوە، بەڵام ئەوەی بووە فریادڕەس هەم لە ئازادکردنی شارەکەدا و هەم لە بەهاناوەچوونی بریندارەکانی دوای ڕووداوەکە هەر ئێرانییەکان و پاسدارەکان بوون! ئەوەش پەیامی سەرەکی فیلمەکەیە.
پێشمەرگە هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو. جگە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پاسدار و تەقاندنەوەی پردی زەڵم!
دوای کیمیابارانەکە، فۆتۆ و ڤیدیۆکان دەریان خست کەچی ڕوویداوە، ژێر زەمینەکانی هەڵەبجە پربوون لە وێنەی ئەو مرۆڤانەی بەتەنیشت یەکەوە گیانیان لەدەستدا، کۆڵانەکان پڕبوون لە تەرمی ئەو مرۆڤانەی بەلارەلار هەنگاویان دەناو بەلادا دەهاتن و دواتر وەک ئەوەی خەویان لێکەوتبێ کەچی هەموو ئەم تراجیدیایە لە چەند کۆڵانێک و ژێرزەمینێکدا قەتیس کرابوون! گەورەترین هەڵەی ئاماژەسازی لە فیلمەکەدا وێنەی برینداربوونی بەکر ساڵح-ە چونکە هەڵەبجە لەو ڕۆژەدا خوێناوی نەکرا، بەڵکو ژەهراوی کرا، ئەوەی بووەتە ناسنامەی تاوانەکە ژەهر و بۆنی سێوە نەک هەڵەبجەی خەڵتانی خوێن کراو.
بەداخەوە فیلمی 1988 سەرکەوتوو نەبوو، نە لەچنینی سیناریۆکەیدا نە لە چیرۆکی مێژویی هەڵەبجە و ڕوداوەکانیدا، خاڵی بەهێز وێنەگرتن و تەکنیکی نوێ بوو ژانری فیلمەکەش هاوکاربوو، بۆ دەرکەوتنی زیاتری کاری تەکنیکی نەک گێڕانەوەی چیرۆکێکی باش، لەگەڵ هەموو ئەو ڕەخنانەشم دیسانەوە، دەستخۆشیان لێدەکەم، چونکە هیچ نەبێت بوێری ئەوەیان هەبووە دەست بۆ وەها ژانرێک بەرن بەهیوام ئەم هەنگاوە هاندەر بێت بۆ کاری باشتر و فیلمی بەهیزتر و گێڕانەوەی باشتر. چونکە کورد چیرۆکی زۆرە و پێویستی بەسینەما و گێڕانەوەی هونەری بەهێز هەیە.
سەرچاوەکان :
کتێبەکان :
1- کارێکی ژەهراوی ئەمریکا و عێراق وگازبارانی هەڵەبجە- یوست هێڵتەرمان- لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح توفیق – چاپی دووەم -دەزگای چاپخانەی سەردەم 2021 – کوردستان -#سلێمانی#.
2- میدل ئیست ۆچ – جینۆساید لەعێراق پەلاماری ئەنفال بۆسەرکورد – وەرگیرانی کوردی محمد حەمەصالح توفیق – چاپی دووەم خانەی وەرگێڕان- 2004 ل160
3- سید فیلد -سیناریۆ- وەرگێرانی ئاوات دەوڵەت. خانەی وەرگێڕان- چاپخانەی تیشک – ساڵی چاپی لەسەرنییە.
4- عەزیز دارۆ سکرینپلەی -چاپخانەی تەژنە -2018
5- محەمەد عومەر- دیدیکی نوێ بۆیادکردنەوەی تاوانەکانی جینۆساید- لەبڵاوکراوەکانی سەنتەری ڕۆشنبیری جەمال عیرفان-چاپی یەکەم -2014 .
6- بوسالمي عطاللە – نظرية التواصل عند ڕومان جاکبسون و بعدها التعليمي- مجلة العلوم القانونية و الاجتماعية- المجلد السابع – العدد الرابع – السنة ديسمبر 2022- المرکز الجامعي الشريف بوشوشة أفلو _الأغواط_ (الجزائر(.
فیلمەکان :
7- فیلمی 1988- دەرهێنانی هێژوان سیتی سینەما -سلێمانی کاتژمێر 6ی ئێوارە.
8- دبلۆماتیک مەگەزین – یوتوب
9- فیلمی The Reader 2008 https://ww7.soap2dayhd.co/film/the-reader-7974/
ڕۆژنامەکان :
10- ڕۆژنامەی خەبات ژمارە 6599 ڕۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەم 2023 -دوالاپەرە.
11- رۆژنامەی #هەولێر# -ژمارە 3865 ڕێکەوتی دووشەممە 19ی حوزەیرانی 2023 لاپەرە 15.
12- بەرنامەی تاووتوێ دەرهینەرو بەرهەمهێنەری فیلمەکە، لەگەڵ کارزان تارق. https://www.youtube.com/watch?v=C8frosC6izQ
ماڵپەرکان :
13- محەمەد هۆمەر- دارەقوڵەی بزووتنەوەی هەقەو تۆپخانەکەی بزوتنەوەی گۆڕان- ماڵپەری سەکۆ-12/11/2023 . https://sekokurd.org/?p=4467
وانەی زانکۆ:
14- د.مستەفا عەبدالناصر – وانەی سیمۆلۆژیا- ئاماژەکانی سینەما- کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر- زانکۆی صلاح الدین 21/10/2023 – کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=