=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: فەلسەفەى لە دایکبوونى گرووپ=KTML_End=
ناوی نووسەر: #جوان عیزەت#
گرووپ و هێزى فیکر
پێش لە هەموو شتێک دەبێت ئێمە ئه و باوەڕ و لێکۆڵینەوە و خۆێندنەوەمان هەبێت و ئەوە بزانین کە دروست کردنى گرووپ و سەرهەڵدانى بزاڤى گرووپ دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمى فیکرى مرۆڤ لە فەلسەفەى مرۆڤایەتیەوە. مرۆڤ وەکو هۆش و فیکر و دەروون و جەستە، بنچینەى کۆمەڵگایە و سیاسەتیش لەم ڕوانگەيەوەدا هەر بۆ خزمەت کردنی مرۆڤ و کۆمەڵگایە. بەر لەوەى باسى لە دایک بوونى گرووپ بکەین، پێویستە باسى ئاستى تێگەیشتنى مرۆڤ و کۆمەڵگا بکەین. گرووپ، لە بنەما و ناحخى خۆیدا دەبێت بە فەلسەفیانە بێت وە بە فەلسەفیانە لەسەر ڕووداوەکان و دياردەکان شتەکان ڕابوەستێت و ئاراستەکانى خۆى پێشکەش بکات. چونکە ئەگەر گرووپ بێفیکر دروست بوو ئەوکاتە ناتوانێت ببێتە هۆکار و ئامرازێکى باش بۆ داهێنان و گۆڕانکاریى.
فیکر خۆى لە خۆیدا بۆنیادنان و دەرئەنجامى پڕۆسەیەکى گەورەى ئاواکردنە. فیکر دوو جەمسەرە، جەمسەرێک مرۆڤ ئامادە دەکات، کە سنورى ئازاديەکانى تاکەکەسى بەردەوام فرەوانتر بکات و شۆریشیان بکاتەوە ناو دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە وەک خێزان، زانکۆ، حکومەت هتد. ئەم جەمسەرە تايبەتە بە ئەزموونکردنى فیکرى تاکەکەسەوە وەک بوونەوەرێکى جیاوازتر و بوونێک کە لە هۆشيارى بوونى تاکەکەس دەربارەى چيەتى مرۆڤ و پرسى ئەخلاقى و سياسى و کۆمەڵايەتى. جەمسەرى دووەمي فیکر ئەوەيە کە مرۆڤ ئامادە دەکات تاوەکو ئاگايى لە ڕووداوەکانى ناو ژيان هەبێت و پێداچوونەوەى ئەو مەترسيانەی لە ناو کۆمەڵگا و پرسى تاکەکەسى دا هەن بکات و ئاگاى لە ناسين و بينين و هۆشيارى کێشەکانى مرۆڤ و ناو کۆمەڵگە بێت.
فیکر هەميشە هاوکارى دروست کردنى ستراتيجى مەعريفە دەکات، مەعريفەيش هاوکارى تێگەيشتنى زياترى فیکرى مرۆڤ دەکات بەوەی کە نەهێڵێت مرۆڤ پشت بکاتە ڕووداوەکان و دۆخى ئەو دنيايەی تێیدا دەژيت. لەلايەکى دیکە، فیکر بەدەر نيیە لە دروست کردنى چەمکى فاشیزم، فیکر کاتێک دەکەوێتە ناو ناوەندە سياسيەکان ڕوو لە سيستەمى ئايديۆلۆژى دەکات و ئەوکاتە دەبێتە بارهەڵگرى ئەقڵانيیەتێکى توندڕەو. بەڵام فیکر کاتێک وەکوو ستراتيجييەکى مەعريفیى دەکەوێتە ناو زانيارى و بيرکردنەوەى تاکەکەس ئەو کاتە ڕوو لە گۆڕانکارييەکى گەورەى کۆمەڵايەتى و کۆمەڵگە دەکات چونکە تێگەيشتنێکە وەکوو هەنگاوێکى سەرەکى بۆ داڕشتنەوەى ئەو دنيايەى تاکەکەس تيایدا مامەڵە دەکات و واقيعى خۆى ئەزموون دەکات.
لەم ڕوانگەيەوە، دەبێت پێش لە بونیادنانى گرووپ، مرۆڤ خاوەن بیرکردنەوەێکى بەرهەمدارى پڕهێز و توانا و گەشەکردن و سیستەم بێت. کاتێک مرۆڤ ڕوو لە گەشەکردنى بیرکردنەوە و فیکرى خۆى کرد ئه و کاتە دەتوانێت خۆی لە هەموو بوارێکى ژیاندا پێش بخات، دەشتوانێت لەبەردەم وێنە و بیرۆکەکانی مێشکىدا هەڵوێست وەرگرێت و هەوڵ بدات نەگۆڕ و بتەکان بە بيرێکى تازەى فەلسەفيانە بشکێنێت، دواتریش وەکوو مرۆڤێکى باڵا ببێتە سیستەمێکى گەورەى خۆنوێکردنەوە.
لەدایک بوونى گرووپ خۆى لە خۆیدا نیشانەی بوون و پڕاکتیزیکردنی هێزە. بەڵام بەر لەوە ببێتە هێز، پرسیارێکى گرنگ خۆى بەيان دەکات ئەويش ئەوەیە ئایا تاکەکەس بە تەنیا دەبێتە هێز ياخود بە تەنيا گرووپبەندى ئەوەیە تاکێک بکاتە ڕێبەر و شوان؟ ئەم پرسيارە پەيوەستە بە خوێندنەوەى بيرى تاکەکەسى! ئامانجى گرووپبەندى دەبێت ئامانجێکى ڕوون و ئاشکرا بێت. سەرەڕاى ئەوە لە پێناو لێکدانەوە فیکرێکى فرەڕەهەند دەبێ هەوڵ بدات دەست بردن بۆ کارکردنى جيهانى بيرکردنەوەى هەموو تاکەکەسێک ببات نەک تەنيا ببێتە ئامانجى کارکردن و دروست کردنى خواست و بەرژوەندى شێوانێک! لە لايەکى دیکەوە ئایا چ وا دەکات ئه و هێزە بەرپرسیارى خۆى وەربگرێت و دروست ببێت؟ هەروەها گرووپ خۆى لە خۆيدا پێکهاتەيەکە بەڵام بۆ چ جۆرە پڕۆژەيەک؟ لێرەدا ئەم پرسيارە دێتە ئاراوە کە بۆچى گرووپەکان لەدايک دەبن؟ ئەو گرووپانەى لەدايک دەبن چ جۆرە فیکرێک بەرهەم دێنن؟ بە چ شێواز فیکر ئاراستە دەکەن؟ چۆن بنەماى خۆى ساز دەکات؟ فاکتەرەکان چين؟ پلانەکان چين؟ لە چ کات و زەمەنێکدا دەتوانن خۆيان لەگەڵ جيهاندا بگۆنجێن؟
گرووپەکان بۆچی لەدایک دەبن؟
لەدايکبوونى گرووپەکان تەنيا نيشتەجێ کردنى فیکر و تێز و تيورەکانى لەناو دنيادا نيیە ياخود ئامرازێک بۆ ڕاڤەکردن و تێگەيشتنى کێشەکان بە تەنيا نيە. بەڵکو پێداگرتنە لە سەر گرنگى ئەو ڕەهەندە گشتى و هاوبەشانەى ژيان کە مرۆڤەکان پێکەوە لەگەڵ يەکدیدا دروستى دەکەن و کۆدەکاتەوە. بۆيە کاتێک ئازادبوونى کارێکتەر و بیرکردنەوهی مرۆڤ بوو بە ئۆرگانێکى فیکرى و سیاسى و کۆمەڵناسى، ئەوکاتە پەیوەندى مرۆڤیش دەبێتە پەیوەندییەکى بنچینەيى و چوارچێوەيەکى تايبەت لە خەياڵێکى دەوڵەمەند، زمانێکى مەعريفى نوێش بەرهەم دێنن.
لەگەڵ ئەم پرسیارەى سەرەوە، پرسیارێکى ترى جەوهەریش خۆى ڕاپێش دەکات، ئەویش ئەوەیە، ئایا لەدایکبوونى گرووپ لە کوێ زۆرتر سەرهەڵدەدات؟ من پێم وایە، گرووپ له و ناوچانەدا پەیدادەبن کە ناکۆکى و ململانێيەکى زۆرى ڕووخاندن و شێواندنى چەمکەکان تێیدا بەدى دەکرێت. هەروەها، ئەو ناوچانەش بەگشتی گرێدراوى واقیعێکى ستەمکارین لە دەستى داگیرکاریى و سنوور دروست کردن و بێبەهاکردنى شتەکان دەناڵێنن. من پێم وایە خەتى دروستبوونی گرووپ خەتى یاخیبوونە. کاتێک مرۆڤ لەنێو کۆمەڵگەیەکى پڕ نەهامەتی و ناسەقامگیریەوە بێت و دەسەڵاتێکى گەندەڵ و ناشەفاف بێت تاک وەک کۆيلە و پیشتگوێ خرابێت و ئاستى نەخوێندەوارى تییادا بەرز بێت و تاکە خەمى دەسەڵات پڕکردنی گیرفان و پاراستنی خۆی بێت و هێزى سەربازى خۆى بۆ بێگانە تەرخان کردبێت و ئابوورییەکەی لە خزمەت هێزە دەرەکییەکان بێت هاووڵاتیانی لەژێر هەژموونێکى مەترسیدار و توندوتیژى بن. ئەوا بێگومان ئه و کاتە مرۆڤێک دروست دەبێت کە بیر لە گۆڕینى شتەکان و هەڵوێست وەرگرتن دەکات.
ئەو هەڵويستانەى بير لە ئاراستەى پرسى فەلسەفەناسى لە بوارى ڕۆشنگەریى پیشەسازى، کۆمەڵناسى، دەروونناسى و بایۆلۆجى لە خۆیەوە دەگرێت و دەبێتە دەرکەفتەیەکى بەهێزى کارتێکراوى دۆخەکە. گرووپ دروست کردن تەنیا یەک ڕێگا نیە چونکە لەدایکبوونی گرووپ بنچینەى بیرێکى قووڵى فەلسەفى و سەرهەڵدانى گۆڕانکارييە بەرامبەر بە شتە نەگۆرەکان. هەروەها، شۆڕشە لە دەرئەنجامى ناشۆڕشەکان. بۆ نموونە، بەر لە شۆڕشى فەڕەنسى ڕۆڵى کەنیسە لە ئەوروپا ڕۆڵێکى بەرچاو بوو، کەنیسە تا ئاستێکى بڵند لەسەر بير و باوەڕەکانى خەڵک زاڵبوو. تاکەکەس ئه و کاتە کەوتبووە ژێر بارى بیرکردنەوەى دەسەڵاتى ئایینى و سیاسى و ئابوورى چونکە دەسەڵاتى ئایینى لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى وەک ئاراستەى ئیدارەکردنى خۆبەڕێوەبەرى بوو. ئه و کاتە بیرى کۆمەڵگەش لەژێر بیرى سیستەمى فیۆداڵى دابوو و بیرى نەتەوەیش لە ژێر هەژموونى سەختى ژیاندا بوو. بۆیە زۆربەى کۆمەڵگەکانى ئەوروپا لە کەرتى ئابورى و کشتوکاڵى و بازرگانىدا چالاک نەبوون.
ئەم بیرکردنەوە لە ناخى تاکدا گەیشتبووە ئه و قۆناغە کە تاک یان دەبێت خۆى ڕزگار بکات و هۆشیارى خۆى ڕابگەینێت، یان دەبێت بە یەکجارى لەژێر ئه و بارە قورسەی دەسەڵاتى سیاسى و ئاینى دەربچێت و بگاتە ئاشتى و ئیرادەى خۆى. پاش ماوەیەک لە ئەنجامى کۆکردنەوەى بیرى زوربەى هزرمەند و ڕوناکبیرەکان وەکوو مۆنتیسکۆ،ئه و بیرمەندەى دژى ستەمکاریى و سەروەریى و جیاکردنەوەى هەر سێ دەسەڵاتەکە دادوەریى، یاسادانان و جێبەجێکارى هەڵوێستی هەبوو. هەروەها، ڤۆڵتێر، بەرهەمهێنەرى کۆمەڵگەى “مەدەنى و چاکسازى و ئازادى بیریى ئاینى. بەهەمان شێوە، جان جاک ڕۆسۆ و جۆن لۆک، داهێنەرانی پەیمانى کۆمەڵایەتى.
بە هاوکارى بیرى ئەم بیرمەندانە زەمینەى دیالۆگ و شۆڕشى نوێ لە فەڕەنسا دروست بوو. چەندین ساڵ پێش ئەوە پەیمانى ویستڤالیا لە 1648 واژۆکرا. پشتى کۆتایى هاتنى شەڕى مەزهەبى (کاسۆلیک و پڕۆتیستان)، ئایین بوو بە پرسێک لە نێوان تاک و خودا، کەنیسەش بوو بە سازیەکى سەربەخۆ و سیستەمى سیاسیش تا ڕادەيەک گەیشتە خاڵى بەرێوەبردنى پەيوەنديیە سیاسی و ديبلۆماسيیەکان و پڕۆژەى دەوڵەتگەرايى لەو سنوورانەی کە پەیماننامەى وێستفالیا دیاری کردن دەستی پێکرد، بەمەش هەر نەتەوەیەک بۆ بە خاوەنی دەوڵەتێکى سەربەخۆ.
ڕاستە شۆڕشى فەڕەنسى باجێکى گەورە لە ڕووى هاوەڵاتیبوون و پرسى کەم تەرخەمى ئابوورى و خزمەتگوزارى و مافە سەرەتاییەکاندا، بەڵام بەر لەوەی شۆڕشەکە سەرهەڵ بەدات زەمینەى فیکرى لە فەڕەنسا بە لووتکە گەیشت بوو، ئاستى تێگەیشتنى تاکەکەسى لە ئەرک و مافەکانى بەرز بوو. ئا لێرەدا بنەمائێک توانای دروست کردنى گرووپێکى سەربەست و چاڵاک هاتەپێش.
کاتێک ئەوروپا گەیشتە ئاستى قووڵى بیرى سیاسى و کۆمەڵناسى و فەلسەفى ئه و کات “جارنامەى مافى مرۆڤ” لە سەر دەستى ژمارەیەک لە نووسەرانی ئه و سەردەمە وەکوو ڕینیە کاسان و هیرم سانتا کروز و جۆن هەمفەر هاتووە نووسین و بوو بە جاڕنامەیەکى جیهانى، کە تا ئێستا بە چاکترین دەستوور بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. لەوێدا مرۆڤ بەسێنتراڵ دەکرێت نەک ڕەگەزەکان. ئەم جاڕ نامەيە بوو بە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی نێوان چین و تۆێژەکان، هەروەها، دروست کردنى زەمینەى دادپەروەریى لە سەر ئەرزى واقيع. هاوکات جاڕنامەکە بوو بە دەروازەیەک لەبەردەم زۆر پەیماننامەى دیکەی جیهانیی.
نها لێرە من دڤێت ئەوە بێژم کە کۆى ئەم ئەزموونانە هەموویان لەژێر سێبەری فیکر دەرکەوتوون وە گەیشتوونەتە قۆناغگەلێک، کە بتوانن ببن بە کۆڵەگەی لە دایکبوونى گرووپبەندى و شۆڕش و نوێگەری. ئەم بير و باوەڕانە واى کرد دۆخى ڕەخنەسازى بەرفراوانتر بێت و ئازايەتى تاکەکەس گەورەتر بکات و وا لە تاک بکات بتوانێت دنيا بە ئالۆزييەکانیەوە ببینێت و خەباتێکی نەپساوە دژی تاريکيیەکان و ڕێگريیەکان دەست پێ بکات.
گرووپى شۆڕش کێن؟
ئایا مەبەستى شۆڕش لە گرووپ دروست کردن چیيە؟ خۆی ئەم پرسیارە کۆمەڵێک باسى ترى لە خۆی هەڵدەگرێت. ئەویش ئەوەیه، دەبێت مرۆڤ پێش ئەوەى دەست بکات بە بڕیاردان بزانیت خودى شۆڕش خۆى چیيە؟ یاخۆد شۆڕش لە سەر چى بنەمایەک دروست دەبێت؟ هەروەها خودى تاکەکەس چۆن دەگاتە ئه و باوەڕە کە شۆڕش فاکتەرى خۆگۆڕین و نۆژەنکردنەوەیە؟
شۆڕش، خۆى لە خۆیدا دەرکەوتەى بیرى یاخیبوونى مرۆڤە بەرامبەر داگیرکاریى. کاتێک وڵاتێک،کۆمەڵگەیەک، نەتەوەیەک، یاخود کەسایەتىیەک ناسنامەى مرۆڤى داگیرکەرى بەسەردا سەپابێت و داگیرکەرەکە له و ئاستەدا بێت کە فیکر و زمان و ناسنامەی داگیرکراوەکە لە ژێر بارى قورس لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون دابێت، ئه و کاتە شۆڕش دژى داگیرکاریی و شەڕخوازییە دەست پێ دەکات. مەبەستیش لە شۆڕش ئەوەیە کە ئەو شتانەى ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ باش و بەسوودن هەوڵبدات بۆ سبەينێ گەورەتر و و بەهێزتریان بکات، هاوکات، ئەو شتانەى ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ خراپ و بەسوودن هەوڵبدات بۆ سبەينێ بچووکتر و لاوازتریان بکات.
من هيچ کاتێک لەگەڵ شۆڕشى گۆڕينى کورسى ياخود هێنانەوەى ڕێبەرێک بۆ ناو ناوەندى دەسەڵات وەکوو جۆرێک لە ڕيفورمخوازى نیم. لەگەڵ جۆرێک لەو کۆدەتايانەى حيزب و دەوڵەتیش نیم کە بە مەبەستی گەيشتن بە دەسەڵات ئاگرێک هەڵبکەن و داواتر جەماوەری تيادا بسووتێنن. خودى ئەو شۆڕشە لە بۆنيادەوە شۆڕشى بارکڵى و ڕۆزا لۆسمبۆرگ و سارتەر و ڕۆسۆى نییە. تەنها هەڵخەڵەتاندنێکە بە ناوى شۆڕش بۆ فریودانى مرۆڤەکان. من بەو جۆرە شۆڕشە دەڵێم، شۆڕشى “سپى و ڕووت”، کە شۆڕشێکە تەنيا جەماوەر هاندەدات بۆ کێشانى وێنەيەکى ترى خۆ بەکۆيلەکردن.ئەمەش دوورە لە دروست کردنى بەها و پرەنسیپى مرۆیى و پاراستنی مافەکانى مرۆڤ. مەبەستی من لە شۆڕش جوڵە و کردەیەکە کە ئازادى و فیکر و فەلسەفە بەرهەم بێنێت. باسى من باسى شۆڕشێکە بتوانێت تاکی سەربەست و خاوەن بوون و بڕيارى سەربەخۆ بەرهەم بێنێت. شۆڕشێک بێت شۆڕشى گەيشتن بە ناسينى ئاڵۆزييەکانى دنيا بێت. شۆڕشێک بێت زادەیفەلسەفەى سياسى و دۆخى تاک و کۆمەڵگا و بەهاکانی مرۆڤ بێت.
شۆڕش، ئەوەیە مرۆڤ یاخى ببێت، یاخى لە هەموو شتە نامۆکان. یاخى لە پرسیاری من کێم؟ من چیم؟ بۆ من وەکوو مرۆڤ هەم؟ بۆ مافەکانی من خوراون؟ بۆ من هاووڵاتی پلهدووم ؟ لە کۆنتێکستی دەوڵەتدا، ئایا ناسنامەى من ناسراوە؟ لە کۆێیەوە سەهەڵداوە؟ یاخود بۆ نەتەوەکەى من داگیرکراوە؟ ئەمانە و چەندین پرسیارى ترى قووڵى فیکرى دەبنە ئیلهامی دروست کردنى بزاڤی شۆڕشگێڕانە و شۆڕش. دواتریش بیرى شۆڕش وابەستە دەبێت بە دروست کردنى گرووپى شۆڕشگێڕان، چونکە گرووپ بۆ دروست کردنى شۆڕشێکى گەورە بۆ ڕزگاریى و نەهێشتنی ستەمکاریى بژاردەیەکی گرنگ و سەرەکيیە. بۆ ئەوە ئێمە لە گرووپى شۆڕش تێبگەین، دەبێت بەسەر دوو گروپدا دابەشى بکەین:
گرووپى شۆڕشى ڕاستەوخۆکان، ئەوانە ئیش لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆن ئاراستەى کۆمەڵگە لە پرسى سەرخان بگهڕرێتە ناو پرسى ژێرخانەوە. مادام مرۆڤ پێکهاتەیەکە لە پێکهاتەکانى فیکر ئه و کات فیکریش لە پێکهاتى ئاستى هەبوونى مرۆڤ و کۆمەڵگە بەرپرسیارە. ئەم گرووپە پشت دەبەستن بە ڕەخنەى ئەقلانى و پڕۆژەکان و خاڵە هاوبەشەکانى ژیان و مرۆڤ و ناوچه و جوگرافى و زمانە جیاجیاکان. ئەوانە باوەڕیان بە ئیشکردنى جددى هەیە. لە سەر خاڵە جیاوازەکانى کەسەکانیش کۆکن بۆ ئەوەی ڕێگەچاره بدۆزنەوە. ئەم گرووپە بەئاگایە لەوەی کە بیرى ئەوان لەسەر شتە جەوهەرییەکان کۆ دەبێت و دەزانن هەمیشە ڕووداوەکان و شتەکان و دیاردەکان پێویستى بە شیکردنەوەى قووڵى فیکرى و کۆمەڵناسى و دەروونناسى تاکەکەسى هەیە. سەرخانى ئەم بیرباوەرەش، لە بوارى سیاسى و کۆمەڵگەیەوە سەرچاوە دەگرێت. چونکە هەمیشە سیاسەت وەکو زانست و وەکو ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگە دوو پەیوەندى جیاکەرەوە نین، بەڵکو پەیوەندیەکان بە یەکەوە دەبەستن. ئانکۆ سیاسەت وەکو ژێرخانى زانستى فەلسەفى دەبێتە بەشى سەرەکى ڕێکخستنى ڕۆشنبیرى تاک و کۆمەڵگە. بۆیە بە هاوکارى دروست کردنى ئەم جۆرە گرووپانە ڕاستەوخۆ ئیش لە سەر بزاڤى گۆڕانکارى دەکرێت.
سیاسەت، لە دوو ئاستەوە کاریگەرى خۆى دەگەینێت ئاستى دەرەکى وا دەکات کە کۆمەڵگە بەره و ڕووى ڕاستەقینەى خۆى بچێت و بیر لە ئاستى هۆشیارى خۆى بکات. جگە لەوە بگەڕێتەوە ناو بابەتێکى بچووکى ژیانەوە. بەڵام سیاسەت لە ئاستى ناوخۆیى وا دەکات سترەکتۆرەکان باندۆرى خۆیان لە سەر یەکترى هەبێت. بۆ نموونە، وەکوو سترەکتۆرى ئابوورى چۆن کاریگەرى لە سەر سترەکتۆری سیاسى هەیە، وەک چۆنیش سترەکتۆرى سیاسى کاریگەرى لەسەر سترەکتۆرى کۆمەڵگە هەیە؟ به و شێوەیە پەیوەندیەکان دەکەونە ناو جۆرە دیالێکتیکى بەرفرەوانى بیرکردنەوە. ئەم جورە شۆڕشە لە زانستى سیاسى جەوهەرى دروست دەبێت وە دەبێتە بنچینەى جەوهەرى پسکیۆلۆجى تاکەکەسەکان.
زۆر جاران بۆى هەیە دەسەڵاته سیاسیەکان بگۆڕێن، بەڵام گۆڕینى دەسەڵاتە کۆمەڵگەییەکان بە ئاستى ڕێژەدارى دەگۆڕێن، چونکە گۆڕینى کۆمەڵگە پەیوەندى بە گۆڕینى فیکر و دەروون ئەقڵیەتی تاکەکەسەکانەوە هەیە. لەسەر ئەم بیروباوەڕە جەوهەرى تاکەکەکان جەوهەرێکى ئاوا قورسە بۆ ئاستى هۆشیارى و گۆڕانکارى، لەبەرئەوە تاکەکەس لەسەر هەندێک دیوارى نەریتى پەروەرده کراوە. ئه و پەروەردهیەش تاکی وا لێ کردووە هەموو ڕەفتارێک وەکوو گۆێ لێ گرتن بە شتە گرنگەکان ببینێت و متمانە بەوە بکات کە شتەکان نەگۆڕن، نابێت گۆڕین بەسەرىدا بهێت. بۆیە ئه و وەکوو تاکەکەس بەبێ خوێندنەوەى فیکرى و فەلسەفى و ڕێکخستنى فاکتەرەکانى خۆى، ناتوانێت ئاستى بیکردنەوەى خۆى بە ئاسانى بگۆرێت.
هەر لەبەر ئەوە دەبێت کەسە هۆشیارەکان وا تێبگەن، کە کارى گرووپە شۆڕشەکانى ڕاستەوخۆ کارێکى ئەوەندە ئاسان نییە. تاکو گرووپەکان هەوڵ بدەن شتەکان بە جارێک بەره و قۆناغى نوژەنکردن و قۆناغى دامەزراندن ببەن، پێویستى بە جۆرە ڕێکخستنەوەيەکى قووڵ لەسەر پەیوەندى ماندووبوونى هزرى و فەلسەفى و خوێندنەوەى قۆناغە مێژوویەکان و ڕووداوەکان هەیە. چونکە ئەم گرووپە کار لە سەر بەهاکانی مرۆڤ لە پێناو ئازادى و دادپەروەرى و مافى یەکسانى و مافى پاراستنى یاسایى دەکات. دەبێت زۆر ناویش هەڵبگرن. وەکوو گرووپى ئاشتى، ڕۆشنبیرى، ئەدەبى، ئایدیۆلۆجی، هونەرى، فەلسەفى، شانۆى و سینەمایى و گرووپى دامەزراندنى گۆرینى واقيعە ساختەکان. هەر یەکێک لەم گرووپانە دەتوانێت لە ژێر بارى تایبەتمەندى و خەسڵەتەکان و پێوەرەکانى خۆى فیکرێک دروست بکات و ببێتە پاشخانێکى گەورەى فەلسەفەى مێژوو بە بوارە تايبەتمەندەکان بۆ دامەزراندنى شێوازگەلێک لە پێشکەشکردنى هونەرسازى لە ناو کۆمەڵگاى گشتى جيهانى. لە لايەکى تر تاک لە ناو ئەو گرووپبەندیيە بەشدارە و خاوەن فیکرى خۆیەتی، بەڵام بەپێی ئەو تايبەتمەندييە ئەرکى تاک، ئەوەيە چەمک بەرهەم بهێنيت بەو مەرجە زيندوویى خۆى لەسەر ئەرزى واقيع بسەپێنێت بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو، بشبێتە شاکارێکى گەورە لە دامەزراندنى فیکرێکى پلوراليزمى لەسەر ئاستى گەردوون. ئەم جۆرە فەلسەفەيە پەيامێکە بۆ دروست کردنى بوونى دۆخێکى بەردەوام لە ناو بێکۆتايى بيرى جیاواز و گەيشتن بە فەرهەنگێکى درێژخانەى پاراستنى هۆشيارى تاکە کەسەکان.
گرووپى شۆڕشى ناڕاستەوخۆیەکان: ئەم گرووپە پەیوەندى بە کارە نهێنیيەکانى سەرخانەوە هەیە، ئیشکردنى ئەم جۆرە گرووپە ئیشکردنە لەسەر ئامرازە لە ناوبەرەکی بەها جەوهەرییهکانە. هەر پرسێکى سیاسى بێت پرسێکى کۆمەڵگە و پرسێکى تاکەکەسىیە. کاتێک سیاسەت بووە پرسێکى بێ کۆمەڵگە و بێ پاراستنى بەرژوەندى تاکەکان، ئه و کاتە سیاسەت لە دەرەوەى خۆى هیچ بەهایەکى نامێنیت. بەلکو دەبێتە خاوەن پاشخانەکى دوورى پرسى مێژووى و مەعریفى و بیرکردنەوەى حەقیقەتەکان.
گرووپە ناڕاستەوخۆیەکان لە زۆر بوارەوە سەرچاوە دەگرن، بۆنموونه، گرووپە پەروەردهییەکاندەکرێت بپرسین، ئایا پەروەردە لە ژێر چ ناوێک و جەوهەرێک دا خۆى ئاراستە دەکات؟ به جەوهەرى سیاسى یاخۆد بە جەوهەرى ئایینىی یاخود به جەوهەرى کۆمەڵایەتى؟ بەم شێوەیە ئاشکرا دەبێت لە برى ئەوە سیاسەت، وەکوو ژێرخانە گرووپێکى باشى کاریگەرى درووست بکات، دەبێتە هەڵگرى دروست کردنى گرووپێکى کارلێکراوى نامۆ لە بەردەم پرسە گرنگەکانى تاک و کۆمەڵگە. ئەم جورە گرووپە ناتوانێت کار لە پێناو ئەم پرسیارە ” ئايا سیاسەت چیيە؟” بکات و هەوڵبدات ئامانج و خواستى گرووپەکان بخاتە ژێر بارى بەرپرسیارێتی مەعریفى و یاساییەوە. بۆ ئەوه تاکەکەس لەسەر بنەمای خودناسى بیرکردنەوەى خۆى فێرى چاوانى تێگەیشتنى هونەرى سیاسى ببێت.
لێرەوە دەبێ ئەوە بزانین ناکرێت ئێمە وابیر بکەین کە هەر جۆرە گرووپێک دەرکەوت لە پێناو پرسى پاراستنى کۆمەڵگە یە، تاکەکەسە، یاخۆد دەوڵەتە، بەڵکو هەر یەکێکیان ئامانج و مەبەستى خۆى هەیە. بەڵام دەبێ ئێمە خوێندنەوە بۆ واقيعى پشتەوەى ئامانج و مەبەستەکان بکەین. ئایا ئەم جۆرە گرووپانە لەسەر چ بنەما و چ ڕاستیيەک دروست بوون؟ یان پەیوەندى بە چ ئاراستەیەکەوە هەیە؟ هەروەها ئەگەر ئەو ئێديۆلۆجيە ئايديۆلۆجيەکى بەرتەسک و #داعش#ى بێت چۆن کۆمەڵگا تيایدا سەرکەوتوو دەبێت؟ زيانەکانى ئەو جۆرە گرووپانە چين؟ بۆچى مەبەستێک دروست کراون؟ ئەمانە و چەندين پرسيارى تر بەيان دەبن، دەبێت ئێمە وەکوو تاک بيریان لێ بکەينەوە، چونکە هەر يەکێک لە ئێمە خاوەنى بيرکردنەوەيەکى تايبەت و جياوازین.
کاتێک هونەر و سیاسەت لە ناو کۆمەڵگە بە شێوەیەکى زانستى و تیۆرى و پراکتیکى هاتووەتەوە پێشیڵ کردن، ئه و کاتە کۆمەڵێک گرووپ سەرهەڵدەدەن کە ناتوانن خزمەت بگەینن بە دروستبوونى سەروەرى یاسا و دەستوور. ئه و کاتە فیکر و بیرکردنەوەیش لە سەر بنەماى فەلسەفى لە دایک نابێت و ناتوانێت کار لە داهێنانە گەورەکان بکات. ئەمە دیار دەبێت کە گرووپێکى ناشۆڕشى بە ناوى جیاجیا و ئایدیای جیاجیا دروست بووە و لە دوورى پرس و چەمکى زانین و هۆنەر و سیاسەت و ئەخلاق و کەسایەتییەوە کاردەکات. بە تایبەتى لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ئەم جۆرە بیرکردنەوە بە ئاشکرا خۆی بەرهەم دەهینێت، بۆنموونە، داعش. کاتێک ڕێکخراوى داعش دەرکەوت، بە ناوى ئایینەوە هەوڵى دا جۆرە تایبەتمەندیەک و دەستوورێک لە بەرنامەى خۆى بەره و پێشەوە ببات و هاندانى داگیرکردنى چەندین ناوچە،بە تایبەتعێراق و هەرێم بکات. ئێمە بینیمان لە ژێر ئه و ناوەوە زورینەى ژنەکان سەرکۆتکران و خەڵکێکی خستە ژێر بارى کۆمەڵکوژى و سەربرین و ڕەشنووسى ئایدیا و بیرو باوەڕەکان. واتە، مەبەستە گرنگەکە ئەوەیە، کە کەسانى هزرمەند و سیاسەتمەدار و نوخبەى ڕۆشنبیران و تاکى هۆشیارپێویستی دەکرد بیانزانیبا ئایا ئەم گرووپە سەر بە چ ئیدیۆلۆجێکە؟ چۆن دروست بووە؟ بۆچى هەوڵى پەلاماردانی کورد و نیشتیمانەکەیان دەدات ؟ لەوانەش گرنگتر، ئایا خودى داعش کێیە؟ کێشەى دەرکەوتنى ئەم ڕێکخراوە چى بووە؟ هەرێم بەر لە پەیدابوونى داعش خەریکى چى کارێک بوو؟ پرسیارى تر، کاتێک داعش کۆتایى پێهات ئایا ئێمە بەره و کوێ دەچین؟ هەروەها بەر لەوەى گرووپى داعشى پەيداببێت ئێمە خەريکى چى بووين؟ چ خۆيندنەوە بۆ ئەم هەژموونە مەتراسيدارە هەبوو؟ دەبوایە ئێمه ئەم پرسیارە جەوهەرى و فەلسەفیانە لە خۆمان کردبا، چونکە داعش نە تەنیا پەیوەندى بە ئایدیۆلۆجى ئيسڵامى سياسى يەوە هەیە، بەڵکو داعش پڕۆژەى سياسى جيهانى بوو، بۆ تێکدانى پرسى سیاسى، ئاينى، نەتەوەى و نیشتیمانى.
گرنگ بوو ئێمە زانیبوایەوە کێشەکە لە کوێ سەری هەڵداوە. بەگشتی، شۆڕش بە دوو شێواز دەکرێت شوڕشێک وا دەکات میللەت بکەوێتە ژێر بارى خێر و ئاشتى و بەرپرسیارییەوە بە لایەنى ئەرێنییەوە، شۆڕشێکیش وا دەکات میللەت بکەوێتە ژێر بارى دواکەوتوویی و توندوتیژى و نادادپەروەرى و نایاسایى و نابەرپرسیارییەوە بە لایەنى نەرێنییەوە. بۆ نموونه، شۆڕشە چاکسازییەکەی “مارتن لۆسەر” لەسەر ئاستى چاکسازى ئایینیی و دەسەڵاتەوە هۆشیاریى کۆمەڵگەی بردە ئاستێکی دیکە و ئەرک و مافى تاکەکەسى و کۆمەڵگەی ڕاگەیاند و لە سەر ئاستى ئەورۆپا بووە دەرئەنجامى پەیڕەوکردنی سیاسەتێکى نۆێ. بەڵام کاتێک “بەهارى عەرەبى” لە ناو دەوڵەتە عەرەبییەکان، وەکوو سوریا و تونس و عێراق و لیبیا بەرپا بوو، ڕاستە گرووپى جیاجیا بەشدار بوون و هەوڵیاندا داواى ئەرک و مافى خۆیان بکەن، بەڵام گۆڕینى دەسەڵاتەکان دۆخێکى وێرانترى هێنایەگۆڕێ، چۆنکە زەمینەى بیرى کۆمەڵگە هێشتا لە قۆناغى نابەرپرسیاریى و نائامادەکارى دۆخەکە بوو.
بۆیە کۆمەڵگەکان بە ئاراستەیەکى تر کەوتنە ژێر بارى هەڵە کردنەوە، ئەویش ئەوە بوو کە پێش دەسەڵاتەکانى خۆیان بخوێنەوە و ڕێکبخەن و بکەونە ناو بيرکردنەوەى سیاسەتێکى نوێ. هاوکات، هەوڵ بدەن خۆیان وەک فیکر و تێگەیشتن لە چەمکى سیاسى و کۆمەڵناسى و دەروونناسى بخوێنەوە و ڕێکبخەن و بکەنە هاووڵاتیيەک و ژینگەیەکى نوێ، پاشان بە دواى ڕێگە چارە بگەرێن و دەسەڵاتەکانى خۆیان بگۆرن.
لێرەوە من دەمەوێت ئەمە بڵێم، گرووپبەندى ئایدیۆلۆجى لە گرووپبەندى نائایدیۆلۆژى جیایە و ئەمە ناهێتە ئه و مانایە کە دەبێت سیاسەت لە فیکر و بیرکردنەوە جیابکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە هەموو لایەکەوە خوێندنەوەى ئێمە بۆ گرووپەکان هەبێت، چونکە ئێمە تائێستا لە بەردەم کارە گرنگ و پێویستەکانى زانین و ژیان دهرەنگ مانەوە داین. بۆیە ناکرێت ئیتر خۆى درەنگ جێبهێڵین و دهرەنگ بیر لە شتەکان و دیاردەکان و ڕووداوەکان بکەینەوە. دەبێت ئیش لەسەر پڕۆژهی نووسینى مێژووى ڕاستەقینەی خۆمان بکەین و وێنەيێکى نوێ لە سەر ئاستى مەعریفە و چارەنووسى مانەوەى خۆمان دابمەزرینین. خۆيندنەوەى ترى فەلسەفيانە بۆ دروست کردنى گرووپەکان بکەين و بڵێين ئايا بۆچى گرووپەکان زوو هەڵدەوەشێنەوە؟ ئايا ئه و بەربەستانە چین کە ناهێڵن گرووپەکانبە زیندوویی بمێنەوە؟ هەروەها کێشەکانى لە ناوچوونى گرووپبەندى چین؟ بۆچى ئێمە ناتوانين بگەينە خاڵە هاوبەشەکانى گرووپ؟ بۆچى گرووپ نابێتە پەيامێک لە پەيامەکانى گەيشتن بە ناو خۆى کات و بوون لە جيهاندا؟
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=