=KTML_Bold=کام وڵات ئێمپراتۆری داهاتووی دنیا دەبێت؟=KTML_End=
ناوی نووسەر: #هیوا ساعدی#
ئیمپراتۆرەکان له مێژوودا به هۆی سەرچاوه و سامان و ئامرازه جۆراوجۆرەکانی هێز سەرکردایەتی ئەو ناوچانەیان کردووه که له ژێر دەستیان بووه و پەلیان بۆ داگیرکاریی و ژێردەستکردنی ناوچەکانی دیکەش هاویشتووه. واته هێزێکی ماددی و سەرمایه یان هێزی سوپایی و ئایینیی، یان خاوەندارییەتی لە زەوی و زار و سنوورێکی جوگرافیایی گەوره که له ژێر ڕکێفیان بووه یەکلاکەرەوە بووە لەوەی کێ باڵادەست دەبێت.
سەردەمانێک ئەمانه سەرچاوەی هێز بوون، بەمشێوەیە ئێمپراتۆرییەتەکان خۆیان پاراستبوو و تا جەنگی دووەمی جیهانی. هەر ئەم ئامراز و سەرچاوانەی هێزیان بۆ داگیرکاریی و کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک و ناوچەکانی دیکه بەکار دەهێنا که زۆربەیان له ڕێگەی کاولکاری و کوشتن و بڕین و جێنۆساید و قڕکردنەوه بوو. بەڵام دوای جەنگی دووەمی جیهانی بارودۆخەکه تووشی گۆڕان بوو، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ هاتنه ئارای ئامرازێکی دیکەی هێز و جۆرێکی دیکه له ئیمپیریالیزم که ئەویش ئیمپیریالیزمی کلتووری بوو. ئەمریکا دوای بڕانەوەی شەڕ، که خاوەنی پردێکی زۆری بەستنەوەی جیهانی و بەرهەمێکی زۆری پیشەسازی و تەکنۆلۆجی بوو که هەمووی پێویستی به ساغکردنەوه و دۆزینەوەی بازاڕ بوو، به پیرۆزەکانی شەڕی گوت “ئیتر لەمە بەدواوە داگیرکاریی له ڕێگەی کاولکاری و کوشتن و بڕین دەبێت لاواز بێت، بەڵام دەبێت بۆ گرتنه دەستی جیهان ڕێگایەکی دیکه بگرینەبەر، که ئەویش داگیرکاری کلتوورییه و به ناوی ‘جەنگی مێشک’ ناوەدێری کرد.
ستراتیجییەتی ئەمریکا ئەوه بوو که له ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کلتووری، وڵاتانی خاوەن کەلوپەل و بەرهەمی پیشەسازی و بەکارهێنان و دابەشکردنی تەکنۆلۆجیا بەسەر جیهاندا، کلتووری وڵاتانی دیکه داگیر دەکات و کاتێک که وایلێهات و کلتووری ئەوانی دیکەت سڕییەوه و کلتووری خۆت بەبەریاندا کرد، لەوەبەدوا کەلوپەلەکانی تۆ دەکڕن و دەبنه بەکارهێنەری ئایدییاکان و هەموو شتەکانتی تۆ. بۆ ئەم کارەش ڕاگەیاندن و بەرهەمه ڕاگەیاندنەکانیشیان، وەک ئامرازی کاریگەریی ئەو داگیرکارییه کلتوورییه هەڵبژارد. به پشتبەستنی میدیاکان به بەرهەمهێنانی بەرهەمه میدیاییەکان وەک دراما و فیلم و ناردنیان بۆ وڵاتانی دیکه و نیشاندانی کلتووری جیاواز پێیان، داگیرکاری و پشتبەستنی کلتووری پێکدێت، که لە ئاکامدا ساغکردنەوەی بیر و کەلوپەلەکانی لێدەکەوێتەوه. ئەمه دەبێته هۆکاری پشتبەستنی ئابووری و پشتبەستنی ئابووریش به هەر وڵاتێک ژێردەستی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوه که پڕۆسەکەی له ڕێگای ناردنی زانیارییەکانەوه بوو و هەر وڵاتێک که توانای ناردنی زانیاری هەبوو دەبووه داگیرکەر و ئەو وڵاتەش که توانای هەناردەکردنی زانیاریی نەبوو، دەکەوته ژێر لێشاوی زانیارییەکان و دەبووه ژێردەست.
به بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد (AI) و ئامێره زیرەکەکانی پەیوەندیکردن، جگه لەوەی ناردنی زانیارییەکان خێراتر و بەردەوامتر بوون، ڕێگایەکی دیکه دەستی پێ کرد که “کۆکردنەوەی زانیارییەکان”ه، واته ئامێرەکان هەم زانیاری هێنن، هەم کۆکەرەوەی زانیارییەکان، هەم زانیاری بەرەکانیشن.
به هاتنی ئەم بارودۆخه مرۆڨ وایدەزانی که کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئینیستیگرام، واتسئەپ، هتد، که ملێونان پارەیان بۆ بەرنامەکانیان خەرج دەکرد خەڵەتاون و دەیانگوت که ئەم بەرنامانه خۆ پاره بەرهەمناهێنن ئیتر بۆ پارەیان تێدا خەرج دەکەن؟ نەیاندەزانی که ئەم بەرنامانه له ڕێگەی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییه دیاریکراوەکان له بەکارهێنەرانیان، به دوای گەیشتن به ئامانجه دیاریکراوەکانی خۆیانەوەن. واته چۆن له ڕابردوودا بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی و بۆ سازکردنی کەلوپەل و هەناردەکردنیان پاره خەرج دەکرا، لەم ئامێر و بەرنامانەشدا به مەبەستی بەرهەمهێنانی میدیایی بۆ هەناردەی زانیارییه دیاریکراوەکان پاره خەرج دەکرێت. واته داتا و زانیارییەکان (کەسی و بایۆلۆجی) له مرۆڨەکان کۆدەکرێنەوه و بەمشێوه، مرۆڨ مۆنۆپۆل و کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
گرفتی ئەم شێوەیه لەوەدایه که چۆن له ڕابردوودا هەموو وڵاتەکان نەیاندەتوانی ببنه خاوەنی بەرهەمی پیشەسازی و بەرهەمهێنەری زانیاری و هەناردەکردنی، لە ئەنجامدا جیاوازی هێز پێکهات، له ئێستاشدا هەموو وڵاتەکان ناتوانن ببنه خاوەنی ئامێری کۆکردنەوەی داتا و زانیاری. ئەمەش بووەته هۆی پێکهاتنی هێزە جیاوازەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی هێز و ئیمپیریالیزمێکی نوێ له ژێر ناوی “ئیمپیریالیزمی داتا و زانیاری” پێکهاتووه.
ئەوەی که داتا و زانیاری زیاتری مرۆڨەکانی جیهانی لەلابێت، ئەوه دەبێته ئێمپراتۆری جیهان.
بێگومان ئەوانەی که خاوەنی زیرەکی دەستکرد و سایتگەلێک وەک ئامازۆن و گووگڵ و ئامێرەکانی زیرەکی دەستکردن، چونکه لەوێوه زانیاری لەسەر کۆی مرۆڨەکان وەردەگرن، بەپێی بیرکردنەوه و خواست و پێداویستییەکانیان بەرنامەی بۆ دادەڕێژن و دەبنه خاوەنی هەمباره گەورەیەکی زانیاری و داتای مرۆڨەکان و کۆنتڕۆڵی مێشک و تەنانەت ناخ و هەست و بیرکردنەوەکانیش.
ئێستاکه هەرکامێکمان لانی کەم ئامێرێک و چەند بەرنامە و ماڵپەڕێک، ڕۆژانه بەکاردەهێنین که چاودێریمان دەکات که چی دەکەین. بە بڕوای من له داهاتوودا سیستەمگەلێکی پێشکەوتووتر لەم سیستمانه دێنه نێو دنیای تەکنۆلۆجیایەوە!
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=